ژنان بەهۆی ئابوری سەربەخۆوە توانیویانە بەسەر بێکاریدا زاڵبن

ئەو ژنانەی کە بەرەنگاری سەختییەکانی ژیان بوونەتەوە توانیان بە خوێندن و ڕۆشنبیرکردنی خۆیان بەسەر دۆخە خراپەکانی ژیانیاندا زاڵبن و ئابووری سەربەخۆی خۆیان بەدەستبهێنن.

نەزيهە بوسەعيدی

 

تونس- کۆمەڵێک ژن کە قورسی ژیان ڕووی تێکردوون و ژیانیان سەخت بووە، بەڵام لە هەوڵدان نەوەستاون و توانیویانە فێربن و ڕاهێنان بکەن بۆ ئەوەی بەسەر دۆخی بێکاریدا زاڵبن و دۆخی ژیانیان باشتر بکەن.

 

"کار دەکەم لەپێناو کچەکەم"

زینە معایزیە، یەکێکە لەو ژنانەی لە هەوڵدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان نەوەستاوە، خاوەنی پێنج منداڵە و هاوژینەکەی لە ژیاندا نەماوە، بەهۆی سەختی ژیانیانەوە منداڵەکانی لەسەر ڕێگای وازهێنان لە خوێندن بوون، بەڵام زینە ڕێگەی نەدا منداڵەکانی وازبهێنن و بووە ژنێکی ڕۆشنبیر و بازرگان.

 

ئەم ژنە بە توانایە دانیشتووی ناوچەی تەکرونەی پارێزگای کافە لە وڵاتی تونس، وتی "هاوژینەکەم من و پێنج منداڵەکەی بەجێهێشت، سەرەتا بۆم قورس بوو نەمدەزانی چۆن بیانپارێزم و ژیانیان بۆ دابینبکەم لەکاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی کارکردنم نییە، بەڵام دواتر بە هەوڵی خۆم و دامودەزگا مەدەنییەکان توانیم فێری خوێندەواری ببم، هەروەها دەستمکرد بە کاری دروستکردنی ڕۆنی سروشتی لە ڕووەکی دارستانەکانەوە و دواتر وەک سەرچاوەیەکی ئابووری سودیان لێوەربگرم".

ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنی ڕۆن بەو پڕۆسەیە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام توانیومانە بەسەر دۆخەکەدا زاڵبین و منداڵەکانم لە نەخوێندەواری ڕزگار بکەم.

 

زینە معایزیە لە ناوچەیەکی دوورەدەستەوە گیاکان دەهێنێت کە ڕێگای گواستنەوەی لەسەر نییە و ٨ کیلۆمەتر بە پێ دەبڕێت تا بگاتە جێی مەبەست، دەڵێت "کاردەکەم لەپێناو کچەکەمدا بۆ ئەوەی بخوێنێت".

 

"بژێوی خۆم و منداڵەکانم دابین دەکەم"

نەبیلە نەبەتی، یەکێکە لەو ژنانەی لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە هاوسەرگیری کردووە، سێ منداڵی کچی هەبووە کە هاوژینەکەی هەوڵیداوە لە خوێندن دەریان بکات، بەڵام توانیەتی لە بیرکردنەوەی کۆنەپەرستی هاوژینەکەی ڕزگاری ببێت و کاری تایبەت بە خۆی بکات و دواجار مناڵەکانی بەڕێوە ببات، "مێردەکەم پشتیوانی من نەبوو، بەڵام بە سووربوونم توانیم لێی جیاببمەوە و کار بکەم تا بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەکانم دابینبکەم".

 

سەرەڕای ڕێگری بنەماڵە کارەکەی بەردەوام کرد

مەریەم خەلفاوی، یەکێکە لەو ژنانەی خولیای کاری بەرگدروو هەبوو بەڵام بنەماڵەکەی پشتگیریان نەکرد و لە قۆناغی سێیەمی خوێندندا لە خوێندنگە دەریانکرد، بەڵام دواتر کە چووە ژیانی هاوژینییەوە توانی دەستبکات بەو کارەی کە خولیایەتی و بەردەوام بێت لەسەری، "خەونم بە فێربوونی دروومانەوە بینی و پێی گەشتم، توانیم هاوکاری بژێوی ژیانی خێزانەکەم بم، چونکە ژیان قورسە و یەک کەس ناتوانێت بەڕێوەی ببات".
 

جگە لە خۆی ژنانی دیکەش فێری هەنگەوانی دەکات

نادیە ساسی، یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی خوێندەواری نەزانیوە بەڵام لە دوای ڕاهێنان و هەوڵدان بۆ فێربوون فێری خوێندەواری بووە، دواتر چووەتە ڕاهێنانی هەنگەوانی و لە ئێستادا هەنگەوانێکی باشە، ئەم ژنە جگە لە خودی خۆی هەوڵیداوە خوێندکارەکانی دیکە فێری هەنگەوانی بکات، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت دەکات گرنگی بە کارەکانیان بدات و لە هەوڵی گەورەکردنی پڕۆژەکانیاندا هاوکارییان بکەن.

 

نەجات ئەسوەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەی ئەو کۆمەڵە ژنەیە و وتی :ئەو ڕێبازە نوێیەی بۆ فێرکردن و پەروەردەکردنی ژنان بەکاری دەهێنیین یەکێکە لەو ڕێگایانەی وای کردووە ژنان زیاتر حەز بە فێربوونی خوێندن بکەن.

 

منیە مەناعی، توێژەری پەروەردەی پێگەیشتوو و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی باسی لەوەکرد، پەروەردەکردنی ژنان لەسەر خوێندن و دەستکردن بە کار، ئابووری باشتر دەکات بە تایبەت ئەو ژنانەی کە خولیای کارکردنیان هەیە و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن.

 

ت.پ