سەرەتا لە ماڵەوە دەستیپێکردووە و دواتر بووەتە خاوەن دوکان

حەلاوە مەحمود ماوەی ٢٦ ساڵە کاری بەرگدرووی دەکات و یەکەمین ژن بووە لە سەیدسادق دوکانی بەرگدرووی هەبووبێت.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- حەلاوە مەحمود، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکە سەیدسادقە و ماوەی ٢٦ ساڵە کاری بەرگدرووی دەکات، لەو چەند ساڵەی ئەزموونیدا توانیویەتی ببێتە خاوەن دوکانی خۆیی و بژێوی ژیانی دابین بکات.

 

حەلاوە مەحمود دەیگێڕیتەوە کە سەرەتا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستی بەکار کردووە، دواتر لە بازاردا داوایان لێکردووە کاری جوملەی قوماش بکات، دەڵێت سەرەتا خێزانەکەی ڕازی نەبوون، بەڵام پاش ماوەیەک داوام لێکرایەوە و دەستم بە کارەکە کرد، دەشڵێت وەک وەک یەکەمین ژن لە سەیدسادق لە بازاڕدا دوکانی بەرگدرووی دانا و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوا مبووە، "کاتێک هاوسەرگیریم کرد ویستم واز لە کاری بەرگدرووی بهێنم، بەڵام حەزم لێی بوو نەمتوانی".

 

ئەو ژنە بەرگدرووە باس لەوەدەکات لە دەستپێکی کارەکەیدا کڕیارێکی کەمی هەبووە، بەڵام نائومێد نەبووە و ئێستا زۆر کەس ڕووی تێدەکەن تا بە جوانترین شێوە کاری قوماشەکانیان بۆ بدورێت، حەلاوە مەحمود لە ئێستادا خاوەن دوکانێکی تایبەتی خۆیەتی و چەندین ژنی فیری کارەکە کردووە بە گرنگیشی دەزانێت ژنان ببنە خاوەنکاری خۆیان و تا بتوانن تواناکانی خۆیان دەربخەن و پشت بە خۆیان ببەستن.

 

ت.پ