شاگوڵ لە فرۆشگەی بچووکەوە بۆ کارگەیەک بەدەستی ژنان
شاگوڵ خالید لە فرۆشگەیەکی بچووکەوە کارگەی شیرینی دامەزراندو بووە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکەش، هەروەها ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک ژندا کارگەکە بەڕێوەدەبەن.
شلێر کۆیی
کۆیە-لە شارى کۆیە، هەنگاو بە هەنگاو چیرۆکی سەرکەوتنی ژنێکی کۆڵنەدەر و دەستڕەنگین دەردەکەوێت کە توانیویەتی لە ساڵی ۲۰۱۹دا خەونەکەی بکاتە ڕاستی و کارگەیەکى بچوک بۆ دروستکردنی شیرینی لە شارەکەی خۆی دامەزرێنێت، سەرەتایکارەکەی بە دوکانێکى شیرینى زۆر بچووک دەستپێکرد، بەڵام بە کۆشش، وردەکاری،و پشتگیریی بەردەوامی دایک و هاوژینەکەی توانى کارەکەی فراوانتر بکات، لەئێستادا چەندین جۆری شیرینی جیاواز پێشکەش دەکات و ناوبانگێکی باشی پەیداکردووەو هەلى کارى بۆچەندین ژن ڕەخساندووە.
شاگوڵ خالید ، خاوەنی شیرینی شاگوڵ لە کۆیە سەبارەت بەدەسپێکى کارەکەىقسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتى: لە ساڵی ٢٠١٩وە دەستم پێکرد ، بوومە خاوەنیئیشێ سەربەخۆى خۆمم، زۆر باوەڕم بە خۆم هەبوو، سەرەتا دوکانێکی بچووکم دانا، دوایی وردەوردە برەوم بە کارەکانم دا، هەوڵمداو بوومە پێشەنگ بۆ ژنانى دیکەش،بژێوی ژیانی خۆم و ماڵەکەم دابین دەکات، چونکە دواى دەرچون دانەمەزرام، ناچار پشتم بەخۆم بەست، دەبێت ڕۆڵى دایکم و هاوژینەکەم و خوشکەکەم لەبەر چاوبێت زۆریارمەتیدەرم بوون کە دەست بەو ئیشە بکەم، سەرەتا خۆم و دایکم بوین کە دەستمانبەو ئیشە کرد، دواتر دوو شاگردمان هەبوو، کە بازاڕمان باش بوو، زانیمانسەرکەوتووە، وردە ووردە شاگردمان زیادی کرد، ئێستا سەربەخۆ بە خۆم و کۆمەڵێکژنى گەنج کە هەموو دەرچوى زانکۆ و پەیمانگانن کاردەکەن لەگەرم لە دوکانەکە ئەوەش هەلى کارى بۆ ئەوانیش رەخساند.
شاگوڵ خالید وتی: هەرچەندە پێش منیش کەسی کە هەبوون دوکانى شیرنیان دانابو بەلام من ستایل و جۆرێک دامانا کارەکانمان زۆر بەپوختى کرد ئەوەش واى کرد ناو دەربکەین وئەوەش یەکەم شت لەخواى گەورەوەیە کە بەم کاتە کەمە جێگاى دوەستمان دیاربوو لەناو خەڵک و دووەم شت کوالیتى شتەکان چونکە ئێمە مەوادى باش بۆ درووستکردنى شیرنى دابین دەکەین زۆر بەشێوەیەکى تەندرووست کاردەکەین. و خەڵکیش ئێستا هۆشیارە خەمى تەندرووستى خیەتى بەدوو ئەو خواردنانەوەیە کە باشن , بۆیە سوپاسى خوادەکەم شاگوڵ سەرەتا زۆر بچوک بوو بەڵام ئیستا زۆر گەورەبوو ناوى دەکرد.
بەشداری خولی شیرینی دروستکردن بووە
شاگوڵ بۆ برەودان بەکارەکەى جگە لەوەى لە کوردستان چەندین خولى بینیوە بۆ دروستکردنى شیرینى، بەڵام چۆتە دەرەوەى وڵات بۆ ئەوەى خولى باشتر ببینێت وتی:بە ئامانجى ئەوەى باشترین جۆرى شیرینى دروست بکەم و ئەوەى لەوڵاتى ئێران هاوردە دەکرێت ئەو لێرە بە کەرەستەى سروشتى و تەندروست دروستى بکەمەوە، چوومە ئێران و خولی شیرینی دروستکردنم بینی.
شاگوڵ بووەتە لە کارەکەیدا بووەتە پێشەنگ بۆ ژنانى دیکەو وتی: زۆربەى کات بە ژنەکانى دوکانەکەم دەڵێم چاوەڕێى دامەزراندن مەکەن خۆتان هەوڵدەن کار بدۆزنەوە و ببنە خاوەن دەستى خۆتان، چونکە ژن نیوەى کۆمەڵگایە ودایکە و وکارى ماڵەوەو دەرەوە دەکات، دەتوانێت رۆڵى باوکیش ببینێت بۆیە ژنان خاوەن هێزو وزەیەکن لە توانایاندایە کارى جوان بکەن، هەرچەندە ڕووبەڕووی رەخنە دەبیەوە بەڵام ئێستا باشترە لەجاران، ژنان کاردەکەن جێى خۆشحاڵیە کەدەبینى ژن لە مارکێت وخواردنگەو فرۆشگەکان کارى خۆیان دەکەن.
خواست لە سەر کولیچە زۆرە
شاگوڵ باسى لەوەشکرد کە خواست لەسەر شیرینیەکان زۆرە، بەڵام بەتایبەت خواست لەسەر کولیچە زۆرە وتی: خۆشم سەرەتا بە کولیچە دەستمپێکرد وردەوردە جۆرەکانى دیکەم دروست کرد، تاکو ئێستا زیاتر لە ٥٠ جۆر شیرینى دروست دەکەم، کولیچەو زیاتر بۆ جەژن و بۆنەکان خواست لەسەرى زۆر زۆرە جا کولیچەى گوێزە یان خورمایە یان بە لوقمە هەموو ئەوشیرینیانەش دەستکردى خۆمانە هیچ شتێک لەدەرەوە ناهێنین،شیرینى ئێمە بۆ زۆربەى شارەکان دەڕوات و تا دەرەوەى وڵاتیش دەڕوات بەتایبەت ئەوانەى لەدەرەوە دەگەڕێنەوە شیرنى و کولیچە لێرەوە دەبەن لەگەڵ خۆیان یان بۆیان دەنێرین.
ئامانجی گرنگی دانە بە بەرهەمە خۆماڵییەکان
ئامانجى شیرینى شاگوڵ زیادکردنى بەرهەمى خوماڵی و گرنگى دان بەبەرهەمى خۆماڵى, دەشڵێت ئێستا جگە لە شیرنى زۆر خەڵک لەکاتى بۆنەى دەرچونى قوتابیان و ئاهەنگەکان داوادەکەن خواردن و پێویستسەکان وەک پیتزاو برمە و بۆرەک و دۆڵمەو کفتە وئەو خواردنانە ئامادەکەین، بەهۆى ئەوەى دەستاوى دایکم زۆر خۆشە ئەو لەگەڵ خوشکم هاوکارمن بۆ دروست کردنى خواردنەکان لەوکاتانەدا یان لەکاتى پرسەومەولود حەلوا درووست دەکەین.
"دڵنیام ژنان زۆر ئازان و ژیان هەوڵدانە"
لە کۆتایی قسەکانیدا شاگوڵ وتی: کارەکە قورسە هەرچەندە ژنەکانى لاى من کاردەکەن زۆر هاوکارن لەگەڵم، کاتەکانم ڕێکخستووە تا بتوانم دایکایەتى بکەم بۆ منداڵەکەم و ئیشەکانیش بکەم، چونکە نامەوێت منداڵەکانم بێبەش بکەم، هاوکات ناشمەوێت کارەکەم وەلاوە بنێم، بۆیە ئامۆژگارى ژنان دەکەم کە کارکردن هەوڵدانى دەوێت، کەس ڕێگاى بۆ گوڵڕێژ نەکراوە بەڵکو ژیان هەوڵدانە بۆیە هیوادارم ژنان بتوانن ئیش بکەن چونکە دڵنیام ژنان زۆر ئازان.