سارا وەک کاکتۆس خۆڕاگرە

سارا بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی، لقی دووەمی پڕۆژە بازرگانییەکەی کردووەتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بووەتە چەکێکی کاریگەر و هاوڕێکانیشی بەردەوام پاڵپشتی دەکەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- سارا سەردار، نمونەی ژنێکی گەنجی سەرکەتووە، لەگەڵ دوو هاوڕێدا پڕۆژەیەکییان بە ناوی "گەلەری کاکتۆس" لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراندووە، ئێشتاش لقی دووەمیان کردووەتەوە.

لە گەلەرییەکەدا کۆمەڵێک بابەتی وەک قەڵەم، دەفتەر، جانتا، مەدالیا و جزدان و چەندین کەرەستەی دیکەی ڕەنگاوڕەنگیان هەیە، ئەوەی بابەتەکانی ئەم گەلەرییە جیادەکاتەوە، لە کاڵاکانی دیکە ڕەنگاوڕەنگی و تابلۆ نەخشێندراوەکانە لەسەر کاڵاکان، پێچەوانەی فرۆشگاکانی دیکەی بازاڕ لە ڕووی ڕەنگەوە جیاوازییان هەیە.

سارا لەبارەی پڕۆژەکەیەوە بۆ ژنها دەدوێت و دەڵێت: "بۆیە ناوی کاکتۆسم هەڵبژارد، چونکە ناوی گوڵێکە کە بەرگەی وشکی و سەختی بیابانەکان دەگرێت، زۆر خۆڕاگرە، ئەوەش نمونەی پڕۆژەکەی ئێمەیە، تا ئێمەش بەو جۆرە بەردەوام بین، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ناوی بزنسەکە زۆر پێویستە".

سارا باس لەوەدەکات، کاڵاکانیان بە جۆرێکن کاتێک کەسێک بەلایدا تێدەپەڕێت، دەگەڕێتەوە و سەیریان دەکات، چونکە ڕەنگەکانیان جیاوازن، لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی مێژوویەک لە ژیانی سەخت و کەلتورەوە کە زیاتر ڕەنگی تۆخ و مات بەکارهاتوون، بەڵام ئێستا خەڵک حەز بەو کاڵایانە دەکات کە ڕەنگاوڕەنگن.

ئەوانەی سەردانی گەلەرییەکە دەکەن، گەنجانن، وەک ساراش باسی دەکات، کارکردن بە تیم سەرکەوتن دەستەبەر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە لە سەرەتادا خێزان و هاوڕێکان پاڵپستی یەکتر بکەن، نەک دوای سەرکەوتن، چونکە پاڵپشتیکردنی لەسەرەتادا دەردەکەوێت.

دەشڵێت "لەسەرەتادا کە خەڵک دەهات و پیرۆزبایی و پاڵپشتیان دەکردم، زۆر دڵخۆشبووم و چێژی زیاتر بوو لە ئێستا، چونکە ئەو کاتە من پێویستم بوو، بۆیە با دەستخۆشی لەو کەسانە بکەین کە تازە دەستپێدەکەن، نەک ئەوانەی سەرکەوتوون".

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەمیشە سوود و زیانیان هەیە، وەک سارا باسی دەکات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە چەکێکی کاریگەر و پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ خۆی و هاوبەشەکانی، هەر لە سەرەتاشەوە لەوێوە دەستیان بە پڕۆژەکەیان کردووە.

سارا لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠٢٠ بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ هاوڕێکەیدا دەستیان بە کارکردووە، دواتر لقی یەکەمیان لە ئازادی مۆڵ کردووەتەوە، ڕۆژی ٢ مانگیش لە لقی دووەمیان لە شەقامی ئۆرزی ناوبازاڕی سلێمانی کردووەتەوە.

لە ڕۆژی کردنەوەی لقی دووەمدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی بەشداربوون لە ئاهەنگی کردنەوەی لقی دووەمدا و پاڵپشتیان لە سارا دەکرد، یەکێک لە هاوڕێکانیشی لەنیا یوسفە، کە ئەویش خاوەنی پڕۆژەیەکی بچوکی خۆیەتی، هاتووە تا لە ئاهەنگی کردنەوەی لقی دووەمی گەلەرییەکەدا پاڵپشتی هاوڕێکە بکات، پاڵپشتیکردنی یەکتریش بە بنەمای سەرکەوتن لە هەر کارێکدا دەزانێت.

لەنیا دڵخۆشە بە سەرکەوتنی هاوڕێکەی، دەشڵێت با ژنانی گەنج لە کارکردن نەترسن، لە سەرەتاوە سەختە بەڵام بە پاڵپشتی یەکتر دەتوانن سەرکەوتووبن، هەر کەسێک هەوڵ بۆ ئامانجەکەی بدات پێی دەگات.

ڤینۆس غەریب، یەکێکە لە کڕیارە بەردەوامەکانی کاکتۆس، هۆکاری بەردەوامی کڕینی کاڵا لە کاکتۆس بۆ ڕووخۆشی و مامەڵەی گونجاوی خاوەن کارەکان دەگەڕێنێتەوە، کە بەردەوام بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازیان لێدەکەن، هەروەها ئەو کاڵایانەی کە هەیانە تاک و جیاوازە و لە بازاڕدا نییە.

 

ت.پ