پێنجوێن دوو خوشکی گەنج فرۆشیاری بەرهەمە خۆماڵییەکانن

دوو خوشک لە شارۆچکەی پێنجوێن خوێندکاری زانکۆن و وەک بەرهەمهێنەری بەرهەمە خۆماڵییەکان باس لە چۆنیەتی ئامادەکردنی بەرهەمەکانیان و سودە تەندروستییەکانی دەکەن.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- دوو خوشک وەک فرۆشیار و بەرهەمهێنەری بەرهەمە خۆماڵییەکان نمونەی دیاری یەکەمین ڤیستیڤاڵی پایزەی پێنجوێن بوون، ڕومەیسە و ڕوەیدا بە جلوبەرگی کەلتوری کوردییەوە بەرهەمە خۆماڵییەکانیان دەناساند بە سەردانیکارانی ڤیستیڤاڵەکە، ئەوان دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوێنن بۆ زانینی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە کوێ دێنن و چۆن ئامادەی دەکەن و بۆ ئاشنابوون بە تواناکانی ئەم دوو خوشکە گەنجە چووینە لایان.

 

ڕوەیدا ئەمین خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی زانستە بیرکارییەکانە، جگە لە خوێندن سەرقاڵی بەرهەمهێنانی خۆراکە خۆماڵییەکانیشە، ئەو ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ خێزانەکەی بەشداری ڤیستیڤاڵەکەیان کردووە و بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەک دۆشاوی شۆکە و دۆشاوی توو و هەنگوین بەشدارییان کردووە.

 

ڕوەیدا سەبارەت بە چۆنێتی ئامادەکردنی بەرهەمەکانیان وتی: ئەم بەرهەمانە لەگەڵ خێزانەکەماندا بەرهەمی دەهێنین، دۆشاوی توو لە گوندەکان یان شاخەکانی دەوروبەری پێنجوێنەوە دەهێنینەوە و ئامادەی دەکەین بۆ خواردن.

 

هەنگەکان بێ پێدانی شەکر پەروەردە دەکرێن

بەرهەمی هەنگوین یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە زۆرترین قسە و باس هەڵدەگرێت لە سەر باش و خراپی و جۆری هەنگوین لەلایەن هاوڵاتیان و خوازیارانی خۆراکی هەنگوینەوە، ڕوەیدا لە بارەی چۆنیەتی ئامادەکردنی هەنگوینێکی باشەوە دەڵێت: ئێمە هەنگمان لە کوێستانەکانی گوندی "سمایل ئاوا" دادەنێین، لەوێ هەنگەکان خۆیان ئیش دەکەن و بێ ئەوەی شەکر و شیلەیان بۆ دابنێین و هەنگەکە تەمەڵ بکەین بە شێوەی سروشتی خۆیان هەنگوینەکە بەرهەمدێنن.

 

ڕووەیدا بە پێویشتی دەزانێت هاوڵاتیان خواردنە خۆماڵییەکان بخۆن تا تەندروستییان پارێزراوبێت و لەو ڕووەشەوە دەڵێت: زۆر پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی لە گوندەکان دەژین یان نزیکی گوندەکانن و ئاشنان بە بەرهەمە خۆماڵییەکان بەرهەمەکان بە هاوڵاتیان بناسێنن تا زیاتر بەرهەمە خۆماڵییەکان بخورێن، چونکە لە ئێستادا ڕێژەی پیسبوونی ژینگە و هەوا لە بەرزبوونەوەدایە بە هۆی گاز و دوکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێل و زۆر شتی تر کە هۆکاری پیسبوونی ژینگەن.

 

هەروەها سەبارەت بە هەوڵ و فێربوونی ژنانی گەنج لە بەرهەمە خۆماڵییەکان دەڵێت تەمەن ڕێگر نابێت لەوەی کە بەرهەمداربین، من خێزانەکەم ئاشنایان کردوم بە زۆر لە بەرهەمەکان و ئەو ئەرکەش دەخاتەوە ئەستۆی داک و باوکەکان کە پێویستە منداڵەکانیان ئاشنا بکەن بە بەرهەمە سروشتییەکان و بەردەوام فێریان بکەن.

 

"هەنگوین بۆ نەخۆشی سوودی هەیە"

ڕومەیسە ئەمین لە ڕووی سودی بەرهەمەکانەوە دەدوێت و دەڵێت: هەنگوین یەکێکە لەو بەرهەمە سروشتییانەی کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە خواستێکی زۆری لە سەرە و وزەیەکی باش لەم بەرهەمەدا هەیە بە تایبەت وەک خۆراکی بەیانیان زیاتر سودی لێ دەبینرێت، بۆنەهێشتنی ئیلتیهابات و نەخۆشییەکانی گەدە سودێکی زۆری هەیە.

 

ڕومەیسە باس لە دۆشاوی توش دەکات و دەڵێت: جگە لەوەی وەک خۆراکێک ئاسایی سودی لێدەبینرێت بۆ ئەو ژنانەی کە منداڵیان نابێت و بۆ دروستکردنی هێلکە لە منداڵدانی ژنانیشدا سودی هەیە، کەسانی توشبوو بە نەخۆشی کۆڵۆن دۆشاوی توو دەخۆن و بە چارەسەری دەبینن.

 

ڕومەیسە لە ئێستادا خوێندکاری قۆناغی دووی بەشی زانستی کۆمپیوتەرە، ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانین زۆر کاری تریش بکەن و گرنگی پێبدەن بە تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا، "بەو کارکردنە دەتوانین هاوکاری خێزانەکەمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا ئەزموونی لێوەربگرین، ئەو ئەزمونەشی وەریدەگرین بیبەخشیەنەوە بە دەوروبەرەکەمان و لە داهاتوشدا دەتوانین لێی سودمەند بین".

 

ڕومەیسە جگە لە گرنگی بەرهەمە خۆماڵییەکان کەلتوریش بە گرنگ پێناس دەکات و داوا دەکات کەلتووری کوردی بە گەنجەکانی نەتەوەی خۆمان بناسێنین.

ت.پ