فێستیڤاڵێک لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان

فێستیڤاڵی پایزەی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، زیاتر لە نیوەی وەبەرهێنەرەکان و بەشداربووەکان ژنن، ژنانیش ئەمە وەک پاڵپشتیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەبینن.


سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فیستیڤاڵی پایزەی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی کرایەوە، تێیدا زیاتر لە ٥٠ وەبەرهێن بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو، کە زۆرینەیان بەرهەمی خۆماڵی و تایبەت بە وەرزی پایزە.

 

لە فیستیڤاڵەکەدا، چەندین جۆر بەرهەمی وشککراوە، شیرینی، خواردنی کەلتوری، هەنگوین، جلوبەرگی کوردی، کاری دەستی و تابلۆ نمایشکراوە، هەر وەبەرهێنێکیش بەرهەمەکانی بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشێت.

ساکار کەریم، ڕێکخەری فیستیڤاڵەکە بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، زۆرینەی بەرهەمەکان تایبەتن بە وەرزی پایز، زیاتر لە نیوەی وەبەرهێنەکان ژنن، دەڵێت: "ئێمە لە کوردستاندا کێشەمان ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانە، ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبێتە هۆی ئەوەی لێرە بەرهەمەکانمان بە کوالێتیەکی زۆر باش ساغبکەینەوە".

 

ڕۆشنا عوسمان یەکێکە لە بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە، بە خواردنی کوردەواری بەشداری کردووە، جگە لەوەی فەرمانبەرە ماوەی ٨ مانگە دەستی بە کاری دروستکردن خواردن لە ماڵەوە کردووە، وەک خۆی دەڵێت چێژێکی تایبەت لە دروستکردنی خواردن دەبینێت، بەهۆی دەستڕەنگی و بەتامی خواردنەکانیشیەوە خێزانەکەی پاڵپشتیان کردووە تا دەست بە کاری خۆی بکات، باس لەوەدەکات خواردنەکانی تایبەتن، هەمیشە بە ئاسانی خواردنەکانی دەناسرێنەوە.

 

خەندە کەمال، ژنێکی دیکەیە و بە دروستکردنی کەلانە بەشداری کردووە، زۆرینەی سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە دەچن و تامی کەلانەکەی دەکەن، وەک باسی دەکات بۆیە کەلانەی هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی فیستیڤاڵەکە تایبەتە بە بەرهەمە خۆماڵی و کەلتورییەکان، کەلانەش خواردنێکی کەلتوری و تایبەتی کوردەکانە.

 

باس لەوەش دەکات، خۆی کاری دروستکردنی خواردن لە ماڵەوە دەکات و ماوەی چوار ساڵە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاری دروستکردنی خواردن بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان دەکات.

 

ئەم فێستیڤاڵە ماوەی پێنج ڕۆژ لە کاتژمێر ١٠ بەیانی بۆ ١٠ شەو لە کارگەی جگەرەکەی سلێمانی بەردەوام دەبێت، تا ڕۆژی ٣-١٠-٢٠٢١ بەردەوام دەبێت.