١٦ ساڵە بەرگدرووە و بووەتە خاوەن سەنتەرێک لە بوارەکەیدا

هایدە حسامەدین، کچێکی دانیشتووی کەلارە و ماوەی ١٦ ساڵە کاری دروومانی دەکات، بەو هۆیەوە توانیویەتی ببێتە خاوەنکاری خۆی و بژێوی خێزانەکەی دابین.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- هایدە حسامەدینی ٣٣ ساڵ دانیشتووی شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، پیشەی بەرگدرووە، دەربارەی پیشەکەی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد کە ئەگەر چی دەرچووی زانکۆیە و و خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام لە ئێستادا کاری دروومانی دەکات و ماوەی ١٦ ساڵیشە ئەو کارە دەکات.

 

ئەو بەرگدرووە جگە لەوەی کە خاوەن کاری خۆیەتی لە هەمانکاتدا توانیویەتی سەنتەرێکی بەرگدووری بکاتەوە و چەندین ژنی دیکە فێری دروومانی بکات و هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت، دەشڵێت: "دڵخۆشەم بە کارەکەم و خۆشەویستی پیشەکە، وای کردووە هەمیشە هەوڵی زیاتر بدەم و بە جوانترین شێواز جلوبەرگی ژنان بدرووم"، هایدە بە کارەکانی سەرنجی کڕیارەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.

 

هایدە حسامەدین، ماوەی ١٦ ساڵە کار دەکات و توانیویەتی سەنتەرێک بکاتەوە و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات، داوا لە ژنانی گەنج و ژنان دەکات کە ئەگەرچی بەربەستەکان هەبن، تێیان بپەڕێنن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

 

ت.پ