ژنانی فرۆشیار بە ڕووی قەیرانە ئابوورییەکاندا دەوەستنەوە

ژنانی فرۆشیار، تووشی قەیرانی ئابووری بوون و سەرەڕای ئەو زەحمەتەی کە ڕووبەڕوویان بوەتەوە، بەرهەڵستی لە داخستنی دوکانەکانیان دەکەن لەکاتێکدا داهاتیان کەمترە لە خەرجیەکانیان و داوا لە حکومەت دەکەن دەست لەکاربکێشێتەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە تورکیادا هاوڵاتیان بەردەوامن لە کاردانەوەکانیان دژی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی و شتومەکەکان، خاوەن بازرگانیە بچووکەکان بەهۆی بەردەوامی قەیرانی ئابووری دەڵێن لە دوای بەرزبوونەوەی نرخەکان داهاتیان کەمترە لە خەرجیەکانیان، ژنانی فرۆشیار لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە و بەرهەڵستی لە داخستنی دووکانەکانیان دەکەن.

 

قەیرانە ئابوورییەکان کاریگەری دەکاتە سەر فرۆشیار و کڕیار

تایبەت سانجار یەکێکە لەو سێ دوکاندارەی لە حەسەنپاشا ئین کاردەکات، کە شوێنێکی مێژووییە لە ناوچەی سووری ئامەد، ئاماژەی بەوەدا کە ڕووبەڕووی فشاری کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووری دەبنەوە و هەموو شتێک بە نرخێکی زۆر گران دەکڕن، "گرانبوونی نرخەکان کاردەکاتە سەر کڕیارەکانمان ئەوان هیچ شتێک ناکڕن، نرخی سوتەمەنی بەرز دەبێتەوە و کاریگەری دەکاتە سەر کارکردنی ئێمە و دەچینە قەرزەوە و دواتر ناتوانین قەرزەکە بدەینەوە بەهۆی نەبوونی کڕیارەوە."

 

"ژنانی فرۆشیار بەرهەڵستی لە داخستنی دووکانەکانیان دەکەن"

تایبەت سانجار، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پێویستە هاوڵاتیان بە پێنەدانی پسوڵەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن لە دژی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی، چونکە کەسانێک هەن توانای کڕینی نانیشیان نیە، ئێمە سێ ژنی دوکانداری ئەم ناوچەیەین و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبینەوە، سەرباری تێڕوانینی کۆمەڵگا سەبارەت بە ژنان هێشتا بەردەوامین لە کارکردن و لەسەر پێی خۆمان وەستاوین و کاردەکەین."

 

"داهاتمان کەمترە لە خەرجیەکانمان"

بورچین توتان ژنێکی گەنجی دوکاندارە و سابوون دەفرۆشێت لە ناوچەی سوور، خەونێکی زۆری هەیە بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە دەبێت دوابخرێت و وتی:" من ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵم من دەمەوێت لە داهاتوودا وەبەرهێنان بکەم، بەڵام بەداخەوە ناتوانم چونکە ئێستا داهاتمان کەمترە لە خەرجیەکانمان، من شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کار دەکەم و هیچ کاتێکم نیە بۆ وەرگرتنی پشوو، وەک ژنێکی گەنج و دووکاندار داهاتوویەکی پڕ لە سەختی دەبینم."

 

"پێویستە حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە"

مەرڤە یەڵدز، خوێندکارێکە کە نیوەی ڕۆژەکەی سەرقاڵی کارکردنە و باسی لەوەکرد کە لە کاتی خوێندندا ئەو تەنها بیر لە پسوڵەکانی دەکاتەوە کە پێویستە پارەکەی بدات و داوا لە حکومەت دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە، وتی: "سەدان گەنجی بێکار هەن هیچ دەرفەتێک بۆ خوێندکاران دابین نەکراوە، خەڵکی ناتوانن بژێوی ژیانیان دابینبکەن و من دەخوێنم و ناچارم کاریش بکەم، دەبێت حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە یان پارێزگاری لە خەڵکەکەی بکات، ئەگەر نەتوانێت خەڵک بپارێزێت ئەوا دەبێت ڕێگە بە کەسانیتر بدات کە ئەو کارە بکەن."

 

ت.پ