زەحمەتی کارکردنی ژنانی سەیدسادق

دوای تێپەڕینی زیاتر لە سەدەیەک لەو شۆڕشەی کە لە کارگەکانەوە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، ژنانی سەیدسادق هێشتا ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە لە کارکردندا.

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لە کارگەیەکی ڕستن وچنین لە نیویۆرکی وڵاتی ئەمریکا ژنان بەهۆی نایەکسانی و کاری زۆر و موچەی کوم خۆپیشاندانیان کرد تا کاتیان بۆ کەمبکرێت و موچەکانیان زیاد بکرێت.

ئەو خۆپیشاندانە بووە دەستپێکی شۆڕشی ژنان لە جیهاندا دوای تێپەڕینی سەدەیەک لەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانە، هێشتا هەمان گلەیی ون اڕەزای لە شارۆچکەی سەیدسادق لە باشوری کوردستان هەیە.

 

کارکردنی ژنان لە سەیدسادق جیاوازی و قورسی خۆی هەیە

ژنان گەرچی هەلی کاریان زۆرە، بەڵام گلەییشیان زۆرە لە کار و ئەو بڕە پارەی لە بەرامبەری وەری دەگرن، خوشکان میکایل، ماوەی چوار مانگە لە هەفتە بازاڕێکی شارۆچکەکە کار دەکات و ماوەی کارکردنی ڕۆژانەی ١٠ کاتژمێرە، دەشڵێت: زۆر ژن هەبووە وازیان لەم کارە هێناوە، چونکە قورسە و مووچەکەشی زۆر نیە.

سارا دەرچووی شیکاری نەخۆشیەکانە و لەهەمان بواردا شەوانە لە تاقیگەیەکدا کار دەکات، سارا دەڵێت کارکردن لەم سنورەدا بۆ ژن قورسە و بەتایبەت گەر کارەکە لە شەودا بێت، دەشڵێت: سەرەڕای قورسی کارەکەم کە بەرپرسیارێتی گیانی مرۆڤێکە، بەڵام ئەو بڕە پارەی وەریدەرگرم  لە ئاست ماندووبوونمدا نییە.

 

"بە کارکردن دەبینە خاوەن داهاتی خۆت"

ژنێکی تر کە نەیویست ناو و وێنەی پیشانبدەین، ماوەی دووساڵ و نیوە لەم مارکێتەدا رۆژانە ماوەی هەشت کاتژمێر کاردەکات و نیگەرانە لەکارکردنی ژنان لەم سنورەدا، "ژنان بۆیە بەو پارەیە ڕازی دەبن، چونکە کاری دیکەیان دەستناکەوێت و نایانەوێت لە ماڵەوە بمێننەوە".

جیلان محمد، یەکەم ژنە لە سەیدسادق کە خاوەن دوکانی بالە بێت و دەڵێت سەرەڕای قورسی کارکردنی ژنان لە شارۆچکەکە، بەڵام کارکردن بۆ ژن گرنگی زۆری هەیە تا لە ڕێگەیەوە ببێتە خاوەن داهاتی خۆی.

 

سەدەیەک لە دەستپێکی شۆڕش و ناڕەزایی ژنان بەرامبەر جیاکاری ڕەگەزی لە کارکردندا تێپەڕی، بەڵام هێشتا لە سەیدسادق ئەو گلەیی و ناڕەزاییە بەردەوامە و ئەمەش ماندووبوونی کارکردنی بۆ ژنانی گەنج کردووەتە دوو هێندە.

ت.پ