دوای ٩ ساڵ کارکردن وەک موختار، ئێشتا بە گڕوتینەوە کار دەکات

ژنێک ماوەی ٩ ساڵە کاری موختاری گەڕەک دەکات و دەڵێت: "هێندە دڵخۆشم بە کارەکەم هیچکات ڕەخنەی کۆمەڵگا کارم تێناکات، بەڵکو زیاتر بەهێز دەبم و سوور دەبم لەسەر بەردەوامیم"، داوا لە ژنانیش دەکات چیتر لە ماڵەکانیان دانەنیشن بەڵکو کاری دڵخوازی خۆیان ئەنجامبدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دوای چەندین هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەرەوپێشبردنی بواری کارکردنی ژنان، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک کار هەن کە سنوردار کراون بۆ پیاوان، ئەگەر ژنان دەستی بدەنێ دەبنە جێگای پرسیاری کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ژن هەن هەوڵی شکاندنی ئەو ڕێچکەیەیان داوە و دەستیان داوەتە ئەو کارانەی کۆمەڵگا و پیاوان کردوویانەتە مۆرکی خۆیان.

 

چنور حەمە تۆفیق، یەکێکە لەو ژنانەی دەستی داوەتە کارێک کە تەنها پیاوان ئەنجامی دەدەن و بووەتە مۆرکی ئەوان، ئەویش کاری "موختاری گەڕەکە"، چنور ماوەی ٩ ساڵە موختارە لە شاری سلێمانی، کاری گەرەکانی کوردسیتی ١ و ٢، دییە سیتی، لوبنان سیتی، سائیب سیتی و گەڕەکی جیهان بەڕێوەدەبات.

 

ئەگەرچی چنور حەمە نامیق، لە کاتی خۆیدا وازی لە خوێندن هێناوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ کارەکەشیدا دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و لە قۆناغەکانی ئامادەیی دایە.

 

"بیرمکردەوە کە پێویستە ژنانیش بێنە ئەم بوارەوە"

چنور حەمە نامیق باس لە چۆنیەتی دەستبەکاربوونی وەک موختارێک دەکات و دەڵێت: سەرەتا بیرمکردەوە و حەزم دەکرد کار بکەم، حەزم دەکرد کارێکی جیاوازیش بکەم، تێبینیم کرد کاری موختاری یەکێکە لەو کارانەی ژنان ئەنجامی نادەن، بۆیە بڕیارمدا ئەو کارە بکەم، بەڵام دەستکردن بە کارێک کە یەکەم کەس بیت ئەنجامی بدەیت قورسە، ئەگەر ئەو کەسە ژنیش بێت و لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێرەدا بێت زیاتر قورسە.

 

چنور وەها بەردەوامی دا بە دەستپێکی کارەکەی، "چونکە ژن بووم دەمویست کاری موختاری بکەم تەنانەت بەشێکی خێزانەکەشم ناڕازی بوون، بەڵام دواتر کە درکیان بەوەکرد حەز دەکەم کار بکەم و کارێک بکەم سنورێک بشکێنم بۆ ژنان ئینجا پاڵپشتیان کردم"، ژنان هەرچەندە بەربەست و ڕێگری بێتە بەردەمیان دەبێت نەوەستن لە هەوڵدان وەک چنور دەڵێت: "هەموو دەستپێکێک کۆڵنەدانی دەوێت".

 

جیاوازی کاری موختاری لەگەڵ کارێک کە ژنان دەستی باڵایان تیایدا هەیە چییە؟

لە کۆمەڵگەدا هەندێک کار ڕێگەی پێدەدرێت لەلایەن ژنەوە بکرێت وەک فەرمانبەری، مامۆستا و کاری ئیداری و چەندانی دیکە، بەڵام کۆمەڵێک کاریش هەن مۆرکی پیاوانیان لێدراوە، ئەو موختارە هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ ئەرکی کارەکە و بەرکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵگە و دامودەزگای حکومەت و پیاواندا.

 

دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەی چەندین کەس هەن بۆ پشتیوانیکردم، بەڵام هێشتا کۆمەڵگا بە تەواوەتی هۆشیار نەبووەتەوە و هێشتا ڕەخنەکان بەردەوامن، زۆرینەی ڕەخنەکانیش کە بۆم یەت لەلایەن ژنانەوەیە و پێیان سەیرە کە ئەو کارە دەکەم و پێم دەڵێن ئەوە کاری پیاوە تۆ چۆن دەیکەیت، سەرەڕای بوونی ئەو ڕەخنانەش هیچ کێشە و گرفتێکم بۆ دروست نەبووە لەکاتی کارکردندا".

 

ئەو موختارە هۆکاری ڕەخنەی ژنانیشی گەڕاندەوە بۆ کۆمەڵگا، کە بەردەوام سەرکوتی ژنانی کردووە هەمیشە وشەی نابێت بۆ ژن بەکارهاتووە و پێیانوایە نابێت کارێکی جیاواز لە قاڵبەکانی کۆمەڵگە بکات، "بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دۆخە پێویستە ژنان پاڵپشتی یەکتر بکەن.

 

"لە ماڵەوە بوون هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و کێشەکانی ژنان"

چنوری موختار داوا لەو ژنانە دەکات کە خاوەن کار نین و خوێندنیان تەواو نەکردووە، کە هەوڵبدەن لە بوارێکدا خۆیان بدۆزنەوە و کاربکەن و لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، چونکە زۆرترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی ژنان ڕێگریکردنە لە کارکردنی ژنان و هاتنەدەرەوەی ژنان لە ماڵەکانیان و قۆرخکردی ئازادییانە، وتیشی: "ژنان تەنها لە ڕەگەزدا جیاوازن لە پیاوان، نەک لە توانا و هێزدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ژنان باشتر کارەکانیان بەڕێدەکەن بە بەراورد بە پیاوان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا چنوری حەمە تۆفیق ئاماژەی بەوەشدا ژنان پێوستە واز لە تەمەڵی بهێنن و وانەزانن کاری دەرەوە کاری ژنان نییە، بەڵکو ئەرکی هەردوولایە باڵانسی کاری دەرەوە و ماڵەوە ڕابگرن، چونکە چەنێک گرنگە دایک پەروەردەی منداڵ بکات ئەوەندەش گرنگە باوکان پەروەردەیان بکەن.

 

لە کۆتایدا وتی "ئەم پیشەیەی من ئەنجامی دەدەم دڵخۆشم دەکات، بۆیە تا ئەوکاتەی توانام هەبێت بەردەوام دەبم لەسەری".