شنۆ لەبەر هەتاوی گەرمەوە، ژیانی ڕۆژێکی تێدەپەڕێنێت

لە ساڵی ١٨٨٦دا دژی کاری زۆر و موچەی کەم کرێکاران ڕاپەڕین، ئەمڕۆش کرێکاران بەدەست کاری زۆر و موچەی کەم و زەحمەتییەوە دەناڵێنن و مافەکانیان دەستەبەر ناکرێت، شنۆ کە ژنێکی ٣٦ ساڵە، ئەگەرچی کرێکارێکە و کارەکەی زەحمەتە، بەڵام بە خوشحاڵیەوە خزمەتی باخچەکان دەکات

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١ی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ کرێکارانی ئەمریکا بەرامبەر زۆری کاتژمێرەکانی کارکردن بە دروشمی "هەشت کاتژمێر كار، هەشت کاتژمێر پشوودان، هەشت کاتژمێر خەوتن" ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕژانە شەقامەکان، داوایان کرد کاتژمێرەکانی کارکردنیان لە ڕۆژێکدا بۆ ٨ کاتژمێر کەمبکرێتەوە، ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی دیکەشدا تەشەنەی سەند و بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی کرێکارانی بەدوادا هات، لەو کۆنگرەیەدا لەگەڵ پەسەندکردنی چەند بڕیارێک، ڕۆژی ١ی ئایاری هەموو ساڵێک کرایە ڕۆژی جیهانی کرێکاران.

 

پاش ناساندنی ١ی ئایار وەك ڕۆژی جیهانی كرێكاران لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە، هەموو ساڵێک بە خۆپیشاندان، گردبوونەوە و چالاکی جۆراوجۆر هۆشیاری لەسەر مافی کرێکاران و کارکردنیان دەدرێت، هەروەها لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهان ١ی ئایار دەبێتەوە پشووی فەرمی و خەڵاتی کرێکاران دەکرێت.

 

بەپێی یاسای کاری عێراقی ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ کە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت، بە بڕیاری ١٧٨ی ساڵی ٢٠١٣ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاردرا لەسەر بەرزکردنەوەی کەمترین کرێی کارکردن لە ٢٥٠ هەزار دیناری عێراقییەوە بۆ ٣٥٠ هەزار دینار، هەروەها بە پێی ماددەی ٦٧ی ساڵی ٢٠١٥ لە یاسای کارپێکردنی عێراقیدا هاتووە، نابێت کرێکار لە ڕۆژێکدا لە ٨ کاتژمێر زیاتر کاربکات جگە لەو کرێکارانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، بەڵام هەتا ئێستا لە شوێنەکانی کارکردندا ئەم یاسایە بە تەواوی پەیڕەو ناکرێت و کرێکاران ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان دەبنەوە.

 

کرێکارانی ژن لەناو باخچەکاندا ڕۆژانە سەرقاڵی کارکردنن

لەگەڵ دەرکەوتنی خۆر لە سروشتدا و هاتنی دەمی بەیانی، دار و درەختی باخەکان دەکەونە سەما، چاوەڕوانی باخەوانەکانن بێن و بە دەستەکانیان نازی زەوی و پرچی گەڵا و گوڵەکان دابهێنن.

 

شنۆ محەمەدی ٣٦ ساڵ، یەکێکە لەو باخەوانانەی بژاری باخچەکان دەکات، ئەگەرچی خەون و خەیاڵی شنۆ ئەوە بووە ببێت بە مامۆستا، بەڵام لە ٧ی بەیانییەوە تا ٤ ئێوارە دەستەکانی ئاوێزانە لەگەڵ خاک و چیمەندا و دەڵێت:  "زۆر ئاسودەم بە ئیشەکەم چونکە لەگەڵ سروشتدایە و دەتوانم ئاو هەوایەکی پاک هەڵمژم و بجوڵێم لەگەڵیشیدا خزمەتی باخچەکان دەکەین".

 

ئەو باخەوانە باسی لەوەکرد لەبەرئەوەی لە تەمەنی منداڵیدا لە گوند ژیاون بۆیە شارەزایی لە کاری باخچە و بژاردا هەیە، "ئێمە لە ئێستادا گوندەکانمان جێهێشتووە، چونکە هیچ خزمەتێکی تێدا نیە، خزمەتکردنی گوڵ وگوڵزار بەشێکە لە حەز و خولیای خۆم لە ماڵەوە باخچەیەکم هەیە و چەندین جۆری گوڵم تێدا چاندووە، لە هەر شوێنێک گوڵێک ببینم و حەزم لێیبێت دەیبەمەوە، بۆیە لەگەڵ کارەکەشمدا هەست بە دڵخۆشی دەکەم."

 

ڕۆژێک لەگەڵ شنۆدا ماینەوە تا بزانین ژیانی ڕۆژانەی بە کرێکارییەوە چۆن تێدەپەڕێنێت، ئەو باسی لەوەکرد لەگەڵ دایکیدا بەتەنیا دەژی و دایکی نەخۆشە بۆیە ڕۆژانە لە دەرەوە کرێکاری دەکات و لەگەڵیدا کارەکانی ماڵەوەش ڕادەپەڕێنێت، "ڕۆژانە کاری دەرەوە و ماڵیشەوە دەکەم، زۆریش ماندووم، بەڵام ناچارم و خۆشم حەز دەکەم کاربکەم".

 

کرێکاری و سەختی ژیان نەیتوانی دەستی شنۆ لە خەونەکەی بەربدات

ئەم باخەوانە هێشتا دەستبەرداری خەونەکەی نەبووە و لە قوتابخانەکانی گەورە ساڵان دەستی کردووەتەوە بە خوێندن، وتیشی: ئەوکاتەی من چوومە خوێندن ژیانمان قورس بوو، باردۆخمان خراپ بوو نەدەگونجا بخوێنم، زۆرم حەز لە خوێندنە و لە ئێستادا بێگوێدانە دەوروبەر لە سەرەتاییەوە دەستم پێکردووەتەوە".

 

ئەگەرچی پێدەچێت ئەمڕۆ خۆر بیەوێت لێوەکانی بنێ بە زەویەوە، ئەوەندە گەرمە ئارەقەی باخەوان و شەونمی سەر گوڵەکان بە ئاستەم جیا دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کرێکارە باخەوانەکان بە دڵخۆشیەوە خەریکی کارەکانیان بوون.