هەوار محەمەد
گەرمیان- ئەو ژیانی بە ڕاگەیاندن بەخشیووە، خێزانەکەی هەمیشە هاوکاری بوون لە بەردەوامی و سەرکەوتنەکانی، لە ئێستاشدا لە تەنیشت کاری ڕاگەیاندنەوە، لە ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیشدا جێدەستی وەک ژنێک لە دەربەندیخان دیاریکردووە.
ئەدیبە ئەحمەد سەمین، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، ماوەی ٢٠ ساڵە بە پشوو درێژی و وەک تاکە ژن لە پیشەی ڕاگەیاندندا بەردەوامە، ئەدیبە خۆشەویستی زۆری بۆ کاری ڕاگەیاندن و شارۆچکەکەی هەیە و بووەتە هۆی پشوو درێژییەتی سەرەڕای کۆسپەکانی هاتوونەتە ڕێگای، ئەو سەرەتای کاری ڕاگەیاندنی بە پەیامنێری دەستپێکردووە، دواتر لە تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، گۆڤار و سایتەکان بەردەوامی بە پێشەکەی داوە، لە ئێستاشدا وەک پەیامنێری دەربەندیخان لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە و ڕادیۆی سپێدە بەردەوامە.
خوشکە گەورەکەی هاوکاری سەرەکی بووە
ئەدیبە باس لە ئەزمونی کاری بۆ ژنها دەکات و دەڵێت: لە ڕابردوودا ڕێبواری ماڵی باوکم بووم بەڵام هەمیشە ژنێک هاوکارم بوو و پشتگیری دەکردم، ئەویش نازداری خوشکە گەورەم بوو، لە ئێستاشدا هاوژینەکەی.
ئەدیبە باس لە ئاستەنگی و گرفتەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە شارۆچکەکە دەکات و پێی وایە کە گرفتەکان پەیوەندیدار نین بە لایەنێکەوە بەڵکو گشتین، هاوسەرگیری و کەمی داهات بە هۆکارێکی کاریگەر دەبینێت لە وازهێنان و دوورکەوتنەوەی ژنان لە کاری ڕاگەیاندن، سەرەڕای ئەوەی ژن هەبووە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ کاری ڕاگەیاندنی کردووە، بەڵام بە هۆکارێکی کۆمەڵگەیی ناچار بە دوورکەوتنەوە و وازهێنان لە راگەیاندن کراوە، ئەدیبە دەشڵێت: گرنگ ئەوەیە ژن نەوەستێت لەو کارانەی کە خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگە دەکات.
سەبارەت بە کاری ڕاگەیاندن ئەدیبە ڕای وایە: لە کاری ڕۆژنامەوانییدا ژنان توانایان زیاترە لە پیاوان، بەڵام پێویستان بەوەیە هاوکاری بکرێن و ڕێگری لە ئازادییەکانیان نەگرن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ژن نەوەستێت لە هەر کارێک دەستپێدەکات و بە کرداری بتوانێت کارەکەی بەرجەستە بکات بە باوەڕ بە خۆبوونەوە.
جگە لە کاری ڕاگەیاندن، کاری ڕێکخراوەیش دەکات
ئەدیبە ئەحمەد سەمین جگە لە کاری میدیا ساڵانێکیشە لە بواری گەنجان و ژنان و خێرخوازیدا کار دەکات، لە هەمان کاتیشدا یاریگایەکی وەرزشی لەشجوانی تایبەت بە ژنانی کردووەتەوە و خۆی بەڕێوەی دەبات، کە تاکە یاریگایە لە شارۆچکەکەدا هەموو کاتەکانی تایبەتە بۆ وەرزشکردنی ژنان.
سەبارەت بە کارە جیاوازەکانی لێمان پرسی چۆن کاتەکانت دابەش دەکەیت و چەند ئاسودەیت لەگەڵیاندا بەم شێوەیە وەڵامی ژنهای دایەوە: هەریەک لە گەنجان، ژنان و هەژاران پێویستیان بە ئێمەیە کە وەک ژن هاوکاریان بین، بەدەمەوە چونمان بۆیان هەبێت، بۆیە زۆر ئاسودەم لەگەڵ کارەکانم، تایبەت کارە خێرخوازیییەکانم ژیان بە من دەبەخشێتەوە.
ت.پ



