غەمگین کاکە وەهاب: لە ماوەی ١٠ مانگدا زیاتر لە ١٠ هەزار دەمامکم دووریوە

غەمگین بە دروستکردنی دەمامک ژیانی خەڵک دەپارێزێت، دڵخۆشە بە کارەکەی و لە ڕێگەیەوە دەتوانێت بژێوی ژیانی خۆشی دابین بکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ژنان لە پاراستنی کۆمەڵگە و هاوڵاتیان دا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، کەسایەتی ژن زیاتر بەرپرسیارێتی بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگەی تێدا کۆبووەتەوە، هەمیشە هەوڵیشیداوە لە دۆخە جیاوازەکاندا بەشێکی پارێزگاریکردن بێت، بۆیە ‌غەمگین کاکە وەهاب دەستدەکات بە دروستکردنی دەمامک، تا ژیانی خەڵک ڕزگار بکات لە پەتا و نەخۆشی.

 

بەیانیەکی زوو غەمگین کاکە وەهاب بە پەرۆشیەوە دەچوویە سەر کارەکەی لە ڕێکخراوی نوی بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکامی ژنان، ئەو خەڵکی تەوێڵەی هەورامانە و لە شاری هەڵەبجە دەژی، دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشوری کوردستان بڵاودەبێتەوە، غەمگین بیردەکاتەوە کارێک بکات ژیانی خەڵک ڕزگار بکات، بۆیە لەوکاتەوە دەستدەکات بە دوورینی دەمامک، دەشڵێت "ئاسودەم بە کارەکەم، چونکە مرۆڤانەیە"

 

"پێشتر گرنگیم بە ژماردنی دەمامکەکان نەدەدا"

ئەو زۆر سەرقاڵ بوو بە کارەکەی و خۆی بە دڵخۆش دەزانێت کە دەتوانیت کارێکی مرۆڤانە بکات، باسی  لەوەکرد پێشتر هەرگیز بۆی گرنگ نەبەوە چەندی دەمامک دووریوە، بەڵام لەم ١٠ مانگەی کۆتایدا زیاد لە ١٣ هەزار دەمامکی دووریوە.

 

غەمگین کاکە وەهاب کە دروومان لە ڕێکخراوی نوێ کاردەکات جگە لەوەی کە دەمامک دەدوورێت، لە ماوەی دوو ساڵدا ٥٤ گوند گەڕاوە و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنانی گوندەکانی داوە، هەروەها فێری دروومانی کردوون و لەبارەی بڵاوکردنەوەی دەمامکەکان وتی: دەمامکەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەمانەوە لە قوتابخانە، نەخۆشخانە، پارک، مزگەوت و شوێنە گشتییەکان دابەش دەکرێت.

 

با ژنان نەوەستن لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان

غەمگین کاکە وەهاب باس لە ئەزمونی خۆی دەکات و داوا لە ژنان دەکات لە کارکردن بەردەوام بن و نەوەستن ئەگەر لە کارێک سەرکەوتوو نەبوون کارێکی دیکە، "من لە خوێندن سەرکەوتوو نەبووم، دەستم دایە دروومان، ئەگەریش لە دروومان سەرکەوتوو نەبوومایە کارێکی دیکەم دەکرد".

 


ت.پ