حەلیمە حەسەن، لە ڕێگای گیادەرمانەوە چەندین نەخۆشی چارەسەر کردووە

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی، حەلیمە حەسەن تەواوی ژیانی بۆ ناسینەوەی گیادەرمان تەرخانکردووە، تا بتوانێت چارەسەری زۆرترین نەخۆشەکانی پێبکات.

ڕيم محەمەد

 

ڕەققە- حەلیمە حەسەنی تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی شاری عفرینە، لە ساڵی ٢٠٠٤وە لە ڕەققەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژی، ساڵانێکە لە بواری دەرمانی گیایدا کار دەکات و دەڵێت "ئەو کارەی لە دایک و داپیرەیەوە بۆ ماوەتەوە".

 

لە بارەی کارکردنیەوە حەلیمە باسی لەوەکرد، دوای دوو ساڵ ڕۆیشتنی بۆ ڕەققە دەستی بە کاری دەرمانی گیایی کردووە، ڕەچەتەی زۆری بۆ چارەسەرکردنی منداڵان داناوە، سەرەتاش بە چارەسەرکردنی کەسە نزیکەکانی خۆی دەستیپێکردووە، هەروەها جگە لە ڕەققە چارەسەری ناردووە بۆ وڵات و شارە جیاوازەکانی وەک، سعودیە، لوبنان، دیمەشق و حەلەب، ئاماژەی بەوەدا، چارەسەرکردن بە دەرمانی گیایی ئارامگرتنی دەوێت، چونکە چارەسەرییەکان هێواشن و ماوەیەکی پێدەچێت.

 

حەلیمە لە هەندێک لە چارەسەرەکانیدا پشت بە پشکنینی نەخۆشەکە دەبەستێت، واتە نەخۆش دەنێرێت بۆ ئەوەی پشکنین بکات و دواتر ڕەچەتەی چارەسەرییەکانی بۆ دەنووسێت، هەروەها حەلیمە دەتوانێت ژمارەیەک نەخۆشی دەستنیشان بکات، یەکێک لەوانە دیاریکردنی نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشتە بێ پشکنینی ئێم ئاڕ ئای، کە دیاریکردنی ئەم نەخۆشیانە ئەستەمن.

 

دەربارەی قورسی کارەکەی ڕوونیکردەوە کە ڕۆژانێک هەبووە کەس نەبووە هاوکاری بکات لە کارەکەیدا، زۆربەی کاتەکانی تەرخان کردووە بۆ فێربوونی گیادەرمانەکان و جیاکردنەوەیان هەروەها چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی.