"خاوەن پێداویستی بوونم نەیتوانیوە لە کارکردن بموەستێنێت"

خانسا، ئەگەرچی خاوەن پێداویستی تایبەتە بەڵام کۆڵی نەداوە و بەردەوامە لە کارکردن، ئێستا شەتڵگەیەکی هەیە و ڕۆژانە پێوەی سەرقاڵ دەبێت و توانیویەتی ئاسودەی خۆی تێدا فەراهەم بکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەمیشە خولیای جیاوازیان هەیە و بەهرەمەندییان تێدایە، بۆ دەرخستن و پێشخستنی تواناییان بەشێکی ئیرادەی خۆیان و بەشێکی هاوکاری خێزان و دەوروبەریان پێویستە، خەنسا مەجید حەمە موراد، دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و خاوەنی شەتڵگەی "لاوی"یە.

 

ئەگەرچی خەنسا لە تەمەنی چوار ساڵییەوە قاچی لەدەستدەدات، بەڵام لە کارکردن و تێکۆشان بەردەوامە، بە دەستێکی خۆڵاوی و حەزێکی زۆرییەوە بۆ خزمەتی گوڵەکانی، خەنسا باسی لە ژیانی خۆی کرد و وتی: "من لە تەمەنی چوار ساڵییەوە بە ڕووداوی هاتووچۆ قاچەکانم لەدەستدا، بەڵام بە هاوکاری دایکم و باوکم توانیم لەسەر قاچەکانی خۆم بوەستمەوە"، لە ژیانیدا زۆر کاری جیاوازی کردووە، بەڵام ئەوەی لەگەڵ خەنسادا یەکی گرتووەتەوە کاری شەتڵگە و گوڵ بووە، کە لە منداڵییەوە پێی خۆشبووە گوڵ بەخێو بکات.

 

ئەو خاوەنکارە باس لە سەرەتای دەستکردنی بە کاری شەتڵگە دەکات، کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە داوای گوڵیان لێکردووە، دواتر داواکارییەکان زۆر بوون و خەنساش هەوڵیداوە کە بەرهەمەکانی زیادبکات و بیکاتە شەتڵگەیەک بۆخۆی.

 

خێزانەکەم پاڵپشتم بوون و دایکم بەردەوام لەگەڵمدایە

پشتیوانییەکانی دایک و باوکی خەنسا هۆکارێکی بەردەوامی خەنسایە لە کارەکەیدا، دەڵێت: باوکم و دایکم مامۆستای ژیانم بوون لە هەموو کەوتنێکمدا هەڵیان ساندوومەتەوە چەندین جار وتومە من خاوەن پێداویستم و ژنم ناتوانم کاربکەم، بەڵام دایکم هەمیشە پێمدەڵێت ڕۆڵە من لە پشتتم، تەنانەت لە فێستیڤاڵەکاندا خۆی دەڕوات و جێگەم بۆ دەگرێت و وایکرد ببمە خاوەن داهاتی خۆم.