ڕانیە، هەفتە بازاڕێک بۆ ژنانی دەست ڕەنگین کرایەوە

لەلایەن گروپی خانمانی دەست ڕەنگین هەفتە بازاڕێک بۆ ژنانی دەست ڕەنگین کرایەوه‌ کە تیایدا بەرهەم و کارە دەستیەکانیان نیشاندا.

ڕاپەڕین

 

لە ڕۆژی ٢٦ تەمموز بە سەرپەرشتی گروپی خانمانی دەست ڕەنگین بۆ جاری پانزەمین هەفتە بازاڕێک بۆ ژنانی ڕانیە و دەوروبەری کرایەو، کە لەم هەفتە بازاڕەدا بەرهەم کارە دەستیەکانیان نمایشکران وەک شیرینی، چنین، تابلۆ، ئێکسسوارات و چەندین بەرهەمی دیکەی دەستڕەنگینی.

 

عایشە محەمەد ئەمین، سەرۆکی گروپی خانمانی دەست ڕەنگین باسی لە هۆکار و پاڵنەرەکانی کردنەوەی ئەو هەفتە بازاڕە کرد و وتی: ئامانجم لە کردنەوەی ئەم هەفتە بازاڕە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ژنانی دەستڕەنگینی دەڤەری ڕانیە کە هیچ کارێکیان نییە و لە ماڵەوە دانیشتوون، بەڵام خاوەنی بەهرە و دەستڕەنگینین تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە کارەکانیان نیشانی کڕیاران بدەن و بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان پشت بە خۆیان ببەستن، لە کردنەوەی ئەم هەفتە بازاڕە هیچ کەس هاوکار و پشتگیرمان نەبووە و تەنها خۆمان کارەکانیمان ئەنجامداوە.

 

شیلان علی، ژنێکی دەست ڕەنگینی بەشداربووی هەفتە بازاڕەکەیە و وتی: من بەشداریم کردووە بە کاری دەستی چنین وەک شاڵ، پشتوێنی ژنان و چەندین بەرهەمی دیکەش، ئەگەر شوێنێکمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەم هەفتە بازاڕە ئێمە دەتوانین سودی لێببینین و بەرهەمەکانمان بفرۆشین.

 

بێری، ژنێکی دەست ڕەنگینی بەشداربووە، وتی: وەک ژنێک بەشداری ئەم پێشانگایەم کردووە بە کاری دەستی چنین و دروستکردنی شیرینی تا لەم ڕێگەیەوە بتوانم بەرهەمەکانم نیشانی کڕیاران بدەم و بیفرۆشم."