ژنۆلۆژی، زانایی و زانیاری و ڕۆشنبیری ژنانە ...٤

"ژنۆلۆژی دەیەوێت بە لێکۆڵینەوەکانی دەست بخاتەسەر برینی کۆمەڵگە

نور حەول لە ناوەندی توێژینەوە و پەروەردەی ژنۆلۆژی هەرێمی جزیرە، ئاماژەی بەوەدا ئامانجمان لە کردنەوەی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی ئەوەیە کە دۆخی ژنان شیبکەینەوە و کێشەی کۆمەڵگاکەمان چارەسەر بکەین".

 

ڕوناهی نودا

قامیشلۆ- ناوەندی توێژینەوە و پەروەردەی ژنۆلۆژی لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٧دا لە شاری دێرک کرایەوە، ئەم بەشەی ژنۆلۆژی لە کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەکۆڵێتەوە و چارەسرییان بۆ دەدۆزێتەوە، ناوەندی توێژینەوە و پەروەردەی ژنۆلۆژی هەردوو ڕەگەز بە بنەما دەگرێت و بەناو کۆمەڵگەدا قوڵدەبێتەوە، ژنۆلۆژی بە ڕەنگی ژنانە لایەنە جیاوازەکان شرۆڤە دەکات و مێژووی ژنان بە ڕوناکی و تێگەشتن دەوڵەمەند دەکات.

 

نور حەول، ئەندامی ناوەندی توێژینەوە و پەروەردەی ژنۆلۆژی لە هەرێمی جەزیرە، دەربارەی ناوەندەکە دەڵێت: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لەناو کۆمەڵگەدا وەکو زانست دەناسرێت، ئەوەی بۆمان گرنگە کار و ناوەڕۆکی ناوەندەکە بۆ کۆمەڵگە بخەینەڕوو، یەکەم هەنگاوی ژنۆلۆژی لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای کوردستاندا هاوێشتی، ناسینی ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوەیان بوو، هەروەها ناساندنی ژنۆلۆژی بەشێکی سەرەکی ئەرکەکەمان بوو، یەکەم ناوەند کە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٧ لە شاری دێرک کرایەوە بە پێنج کەس دەستمان پێکرد، دواتر ناوەندمان لە هەموو شارەکان کردەوە و یەکێک لەوانە لە کانتۆنی قامیشلۆیە، ئامانجیشمان شیکردنەوەی کێشە و دۆخی ژنان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەیە.

 

"بە ڕەنگی ژنان چارەسەری بۆ کێشەی ژن دەدۆزرێتەوە"

نور حەول، ئاماژەی بە شێوازی لێکۆڵینەوەکان کرد و وتی: ئەگەر کمرۆڤ بخوازێت کێشەکانی جیهان چارەسەر بکات، دەبێت سەرەتا کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆی بناسێت و دەستنیشانی بکات، ئەوەی ئێستا دەیکەین ناسینی کێشەکانی ژنە، لە ناویدا کێشەکانی منداڵ و پیاو هەیە، هەروەها وەک ژنۆلۆژی هەر لێکۆڵینەوەیەک دەرەوەی ژنۆلۆژی بکرێت رەخنەی دەکەین و بۆچوونی خۆمانی لەسەر دەڵێین، لەناو کۆمەڵگەدا لێکۆڵینەوە دەکەین و چارەسەری بە رەنگی ژنان پێشدەخەین.

 

"لێکۆڵینەوەکانی ژنۆلۆژی ناسینی ڕاستییەکانە"

ئەو ئەندامەی سەنتەری توێژینەوەی ژنۆلۆژی باسی لەوەکرد کە لێکۆڵەرەوەکان ئامانجی ناسینی کێشەکانیان هەیە، بەڵام ناسین و تێگەشتنەکان جیاوازن، جیاوازی ژنۆلۆژی و مۆدێرنیتەی خستەڕوو وتی: ژنۆلۆژی خۆی دەخاتە شوێنی کێشەکە و بە دیدی ژن ورد دەبێتەوە، ژن پێنج هەزار ساڵە کۆیلە کراوە و بێدەنگ کراوە، بۆیە کاتێک لێکۆڵینەوە دەکەین کۆمەڵگە لە دەرئەنجامەکان سەریان دەسوڕمێ، شێواز و توێژینەوەکانی ژنۆلۆژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە فکری ئازاد و هێمن دەڕوانێت، ژنۆلۆژی لە دەرەوەی کاریگەری دەسەڵات و چارەی خۆنووسین دەڕوانێتە کێشەکان، ئەوانەی لە بەشی توێژینەوەی ژنۆلۆژیدا کاردەکەن تایبەتمەندن و لە پێناو و کۆمەڵگە و داهاتوودا کاردەکەن.

 

"ژنۆلۆژی هەنگاوی یەکەمی لە مێژووی ژنانەوە دەستپێدەکات"

نور حەول باس لە هەنگاوی سەرەتای ژنۆلۆژی دەکات و دەڵێت: کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی ژنان دەبینین تا ئێستا لەناو سەرکوتکردن و کۆیلەکردندا ژیان بەسەردەبەن، ژن بە بەرخۆدانییەکانی و ئێش و ئازارەکانی دەناسرێت، ناسینی مێژووی هەر ژنێک لە تاریکیدا یان لە نێو بەندی دەسەڵاتدا ناسراوە، بۆیە ژنۆلۆژی ئەو چەمکانە شرۆڤە دەکات، مێژووی ژنیش لە چەمکەکاندا ون بووە چونکە دەسەڵاتداران هەموو چەمکێکی ژنانیان لەناو خۆیاندا بەکارهێناوە و سەرکوتیان کردووە، ناکۆکی زۆر هەبووە بۆیە پێویستە ئەو چەمکاتە شی بکەینەوە و بیانشکێنین.

 

نور لە کۆتایدا وتی: ژنۆلۆژی هەنگاوەکانی بەرەو دادپەروەری کۆمەڵگە بەردەوامی پێدەدات، سەرەتا ژنۆلۆژی کێشەکانی ژن و پیاو شیدەکاتەوە، لە ناوەڕۆکی ژنۆلۆژیدا پێویستە هەردوو ڕەگەزەکە بناسرێت، بەوەش سروشتی کۆمەڵگە دەناسێت، بۆیە کاتێک ژنۆلۆژی لە هەر پرسێک دەڕوانێت، هەمو لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنی بە بنەما دەگرێت و هەنگاوەکانی بە ئاراستەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەنێت.

 

سبەی: پەروەردە

ت.پ