ژنۆلۆژی، زانایی و زانیاری و ڕۆشنبیری ژنانە ...٣

نوژین دەریا: ژنوار شوێنی بەرێوەبردنی ژنانە

نوژین دەریا، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و دامەزرێنەری گوندی ژنوار وتی: کاتێک مرۆڤ دەڵێت ژنوار ژیانی هاوبەشی و پێکەوەژیانی ئازادانەی کۆمەڵگا دەهێنێت بە خەیاڵدا.

 

ڕوناهی نودا

قامیشلۆ- گوندی ژنوار دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارۆچکەی دربەسی لە کانتۆنی حەسەکە لە باکوری سوریا، شۆڕشی ڕۆژاڤا بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت و یەکێک لە دەستکەوتەکانی ژنان دروستکردنی گوندی ژنوارە کە بووەتە پەناگەیەک و لەسەر بنەمای ژیانی یەکسان، کلتوری کۆمەڵگای مێژوویی و زانستی ژنان ئاواکراوە، لە ١٠ی ئاداری ساڵی ٢٠١٧ یەکەم بەردی بناغەی دانرا و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرگای بەڕووی ژناندا کرایەوە.

 

لە گوندەکەدا ئەکادیمیا، نەخۆشخانە، فرۆشگا، سەنتەری ژنان، وەرشەی بەرگدروو و قوتابخانە بۆ فێرکردنی منداڵان هەیە، لە سەرەتای گوندەکەدا چاو دەچێتە سەر ناوی گوندەکە "ژنوار" و چاودێری گوندەکە لەلایەن ژنان و دایکانەوە دەکرێت، ئەو سەوزاییەی لە دوورەوە دەردەکەوێت ڕەنج و زەحمەتی ژنان لە گوندەکەدا نیشان دەدات.

 

"لە جیهاندا نمونەی گوندی ژنان هەیە"

نوژین دەریا، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و دامەزرێنەری گوندی ژنوار، سەبارەت بە گوندەکە وتی: نمونەی گوندی ژنان لە جیهاندا هەیە، بۆ نموونە لە کینیا گوندی ئۆمۆژا هەیە تایبەتە بەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی شەڕ و توندوتیژی پیاوان بوونەتەوە، لە کۆڵۆمبیا گوندێکی ژنان هەیە خۆیان ئابووری خۆیان بەڕێوەدەبەن، لە میسر و هیندستانیش گوندی ژنان هەیە، لە مێژووشدا گەلێک گروپ و خوێندنگەی ژنان هەیە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنان لە ئەوروپاش وەک هاوڕێیەک پێکەوە کۆبوونەوە و بەمشێوەیە ژیاون، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش چەندین گوند هەیە بە ناوی ژنانەوە ناو نراون و دەتوانین بشڵێین ژنان ڕەنجێکی زۆریان لە گوندەکاندا داوە".

 

نوژیان دەریا باس لە دروستکردنی گوندی ژنوار دەکات و دەڵێت: پێش دروستبوونی ژنوار وەک خەیاڵ لە مێشکی مرۆڤدا هەبوو، کاتێک پرسیار دەکەیت لە خەیاڵی هەر ژنێکدا ئاواکردنی گوندێکی تایبەت بە ژنان هەیە، شۆڕشی ڕۆژاڤا دروستبوو و بووە دەرفەتێک بۆ ئاواکردنی گوندی ژنوار، ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی ژنان چەندین گفتوگۆی گرنگیان ئەنجامدا و خەیاڵی گوندی ژنانیان بەدیهێنا، دەستیانکرد بە دروستکردنی کۆمیتە و بڕیاریاندا لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا گوندەکە بکرێتەوە.

 

ئامانجی کردنەوەی گوندەکە لەو بەروارەدا بۆ ئەوەبوو هاوکات بێت لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و چیدیکە توندوتیژی و داگیرکاری لەسەر ژنان پەسەند نەکرێت و ژیانێکی یەکسان لە نێوان ژنان بنیاد بنرێت، بۆ ئەوەش ژنان پەیامێکی بەهێزیان خستەڕوو و لە ١٠ی ئاداری ٢٠١٧دا بەردی بناغەی گوندەکە دانرا.

 

"تێکۆشانی ژنان لە هەرێمەکە ئیلهامی دروستکردنی گوندی ژنوار بوو"

ئیلهامی دروستکردنی ژنوار، لە بیرۆکەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان وەرگیراوە، کە باس لە دروستکردنی گوندێکی پەناگە و بە سیستم دەکات تایبەت بە ژنان، نوژیان دەریا وتی: "ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە ڕایگەیاندووە، کە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی ئازاد دروست بکەین، دەبێت ژن بناغەی خۆی بنیاد بنێت، زۆر ئەزموونی ژنان لە مێژووەوە تا ئەمڕۆش وەرگیراون، ڕێبەر ئاپۆ وتوویەتی دەبێت ژنان شاری خۆیان ئاوابکەن و بە شاری ستار-ئەستێرە ناوی بنێن، بۆیە لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنوار بنیاد نراوە".

 

هەروەها دەڵێت: "ژنوار ژیانی هاوبەشی و پێکەوەژیانی ئازادانەی کۆمەڵگایە، لێرە گەورە و بچوک پێکەوە دەژین و ژیان و ڕەنج و فکری خۆیان هەیە، لێرە خەڵک لەگەڵ دراوسێ و چواردەور و هەتا لەگەڵ جیهانیشدا پەیوەندی دەکات، ژنوار بەشێکە لە شۆڕشی ژنان، بێگومان لە شۆڕشدا پێویستە هەنگاوی ڕادیکاڵانە و توند بنێت تا ببێتە نمونەی جیهان، بۆیەش ژنوار نمونەیەکە و جێگەی تێکۆشانە بۆ ئازادی".

 

"دەرمانی هەموو نەخۆشییەک، ئازادییە"

نوژیان دەریا دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی ئازاد دروست بکەین مەسەلەی تەندروستی زۆر گرنگە، کاتێک باس لە نەخۆشی دەکرێت، ناکرێت تەنها جەستەیی سەیر بکرێت، چەندین نەخۆشی هەن پەیوەندییان بە ئابووری، سیستەم و بیرۆکەوە هەیە، چەندین نەخۆشی جیاواز لەناو کۆمەڵگەدا سەرهەڵدەدا ئەو نەخۆشیانە بە دەرمان چارەسەر نابن، بۆیە بنکەی تەندروستی لە گوندی ژنوار بە تەندروستی کۆمەڵگا بەناو دەکەین، سەرەتا پێویستە چەمکی تەندروستی باش بناسین، باشبوونی مرۆڤ تەنیا جەستەیی نییە، باشبوونی مرۆڤ لە سەرەتادا پەیوەندییەکی فیکری و کۆمەڵایەتییە. دەبێت سەرەتا نەخۆشییەکەمان دەستنیشان بکەین و ژیانمان بگۆڕین.

 

ئەو دەشڵێت: ئەگەر بمانەوێت ژیانێکی تەندروست بنیات بنێین، دەبێت ژیانێکی تەندروست و ژینگەیی بنیات بنێین، ئەڵتەرناتیڤی گوندەکەمان چاکبوونەوەی ژنانە، بەشی چاکبوونەوەی ژنان-شفا ژن لە لە ڕووی زانستییەوە دەرمان دروست دەکەن و پەیوەندییەکانیان فراوان کردووە و زانیاریان لە ژنانەوە وەرگرتووە و خۆیان لەو بوارەدا پێشخستووە، ڕاهێنان بە  ژنان دەکەن و تیمیان بۆ چاکبوونەوەی ژنانیان دروستکردووە، فەلسەفەی سەرەکی چاکبوونەوەی ژنان ئەوەیە کە چارەسەری نەخۆشییەکان، ئازادیە".

 

نوجین گرنگی ئاسایشی ژنوار بەو شێوەیە نرخاند: "ئاسایش بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە هەمیشە شەڕ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە، شەڕ نەک تەنها لەلایەن دوژمنانەوە، بەڵکو شەڕی پیاویش هەیە، زۆر پیاو هەن کە هێشتا ژنیان قبوڵ نەکردووە، بۆیە بۆچوونی ژنوار ئەوەیە کە ئاسایش تەنها لەڕووی سەربازییەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا ئاسایش دروستکردنی پەیوەندی باش، یەکترناسین، تێگەیشتن، دروستکردنی پەیوەندیە لەگەڵ ژینگە و زەویدا. هەموو ئەمانە جۆرێکە لە بەرگری لەخۆ"، هەروەها باسی لەوەشکرد کاتێک کێشەیەک لە ژنواردا ڕووبدات، لە ناوەڕۆک و بنچینەی کێشەکان دەکۆڵنەوە و بە شیکردنەوەی مێژوو و ژیان و ژن کێشەکان چارەسەر دەکەن.

 

"منداڵی کوڕ لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی گەورە دەکرێت"

سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵی کوڕ لە ژنواردا، باسی لەوەکرد، "ئەو کوڕانەی لە ژنوار گەورە دەبن گوندەکە بۆ ئەوانیشە، کوڕانیش بە هەموو توانایەکەوە بەشداری لە سیستەمی ژناندا دەکەن، ئەگەر بڕیار بدەن و گوندەکە بەجێبهێڵن بڕیاری خۆیانە، ئەوانەشی لە ژنواردا دەژین هەست و بیرکردنەوەی خۆیان دەگۆڕن، بۆ پێکەوەژیانی ئازاد نەک هەر ژن دەبێت خۆی ڕزگار بکات، بەڵکو دەبێت هەردوو ڕەگەزەکە دەبێت خۆیان ڕزگار بکەن، ئەو کوڕانەی لە ژنوار گەورە دەبن، بە شێوەیەکی بێ توندوتیژی و دیموکراسیانە و ئازادانە گەورە دەبن، ئەمەش هیوایەکی گەورەیە".

 

"ژنوار شوێنی پەروەردەیە"

ژنوار ناوەندی پەروەردەی تاکە، لەو بارەیەوە نوژیان دەریا وتی: ژنوار شوێنی بەڕێوەبردنی ژنانە، بنچینەی گوندەکە ژنە و چەندین کۆمیتەیان پێکهێناوە، خێزانێکی زۆر هاتن بۆ ئێرە و چەندین پیاو سەردانی گوندەکەیان کرد، ئەو پیاوانەی کە زیان بە ژنان دەگەیەنن ژنوار هەرگیز قبوڵیان ناکات،  ژنوار تەنها شوێنی ژیان نییە، بەڵکو شوێنی پەروەردەیە، چەندین میوان دێن و سەردانی ژنوار دەکەن و لەلایەنی فکرییەوە گۆرانکارییان تێدا دروستدەبێت، بۆ سەردانیکرارانیش ژنان خۆیان باسی ژنواریان بۆ دەکەن.

 

سبەی: بەشی لێکۆڵینەوە

 

ت.پ