ژنانی ئەنفال زامەکانیان هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێت

ژنانی گەرمیان ‌هێشتا زامەکانیان وەک پێش ٣٣ ساڵ تازەیە، هێستا پۆشاکە ڕەشەکانیان لانەبردووە، لە خێزان دەیان کەسەکیانیان بە تەنها ماونەتەوە، چرچەکانی ڕوخسار و کزبوونی چاوەکانیان بە بێدەنگی ئازارەکانی ئەنفال نیشان دەدەن. نیگار ڕەشید

ژنانی گەرمیان ‌هێشتا زامەکانیان وەک پێش ٣٣ ساڵ تازەیە، هێستا پۆشاکە ڕەشەکانیان لانەبردووە، لە خێزان دەیان کەسەکیانیان بە تەنها ماونەتەوە، چرچەکانی ڕوخسار و کزبوونی چاوەکانیان بە بێدەنگی ئازارەکانی ئەنفال نیشان دەدەن.

نیگار ڕەشید

 

گەرمیان- ژنانی گەرمیان پشکی شێری ئەنفالیان بەرکەوتووە، بەشێکیان تاقانەی ئەنفالن، زۆرینەشیان تەنها خۆیان ماونەتەوە، دەیان ساڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکارییانن، چیرۆکەکانیان بۆ ژنها دەگێڕنەوە.

 

"لەناو دادگا سەدامی پێی وتم، بم زانیایە تۆشم ئەخستە ژێر گڵەوە"

دایە ڕازاوە بابان، لە کاتی ئەنفالدا تەمەنی سەرەو ٢٠ ساڵ بووە، دەگێڕێتەوە لە کاتی شاڵاوەکەدا و بردنیان بۆ نوگرەسەلمان، لە گوندی کانی عوبێد بوون و دووگیان بووە، کوڕە گەورەکەی کە شوانی کردووە و لای ڕانە مەڕەکەی بووە بردویانە، هاوسەرکەشی کە پێشمەرگە بووە بە چەکەکەی شانیەوە بردوویانە،  دواتر دوو کوڕی دیکەشیان بردووە، دەڵێت "دووگیان بووم لە ڕێگا مناڵێکی ترم بوو، هەر خۆم و پێنج مناڵ ماینەوە، مێردەکەم و سێ کوڕم، براکەم و سێ برازام ئەنفال بوون".

 

دایە ڕازاو تا کاتی دادگای کردنەکەی سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق و ئەنجامدەری تاوانی ئەنفال چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکاررەکەی بووە، بەڵام دواتر بێئومێد بووە لە گەڕانەوەیان، دایە ڕازاو یەکێک بووە لە گاواهیدەری تاوانی ئەنفال لە کاتی دادگایکردنی سەدا حسێندا، دەڵێت "من یەکێک بووم لە گەواهیدەرەکان، دوای گەواهیدانم، هەر لەناو دادگا سەدامی پێی وتم، بم زانیایە تۆشم ئەخستە ژێر گڵەوە".

 

"گوێم پڕە لە دوا گریانی خوشکەکانم"

سەبری، ناوێکی خوازراوە بۆ ژنێکی دیکەی ڕزگاربووی ئەنفال، تەمەنی نۆساڵ بووە کاتێک ماوەی حەوت مانگ و نیو لە زیندانی نوگرەسەلمان بووە، خەڵکی گوندی قەواڵییە، پێش ئەنفال دایکی لە کاتی منداڵبووندا بەهۆی خوێنبەربووەنەوە گیانی لەدەست داوە، لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا گوندەکەیان مەیدانی جەنگ بووە، بەردەوام تۆپباران کراون، لە کاتی شاڵاوەکەدا خۆی و دوو خوشکی لە خۆی بچوکتری و نەنکی بەر شاڵاوەکە کەوتوون.

 

سەبری بە هەڵکێشانی هەناسەی قوڵەوە باسی ڕۆژانی ناو زیندانی نوگرەسەلمان دەکات و دەڵێت " خوشکەکانم لە برسانا بە پێش چاوی خۆمەوە مردن، بچووکەکە شیر نەبوو بیدەینێ شیرەخۆر بوو، ئەوی تریش زۆری برسێتی چەشت تا مرد، من و نەنکم ماینەوە، ئەوە ٣٣ ساڵە زامەکانم خۆێنیان لێدەچۆڕێت، گوێم پڕە لە دوا گریانی خوشکەکانم، ٣٣ ساڵە تەنهایی و ئازار جەرگی بڕیوم".

 

"٣٣ ساڵە نازانین چۆنین باوەڕ بە نەمانیان بکەین"

شیرین و شەهلا، دوو خوشکی خێزانێکی گەورەی ٢٥ کەسین و بە تەنها ماونەتەوە، خەڵکی سەنگاون، بە ئازارەوە چیرۆکەکەیان دەگێڕنەوە، کە  هەرچەندەی ئازار لەدەستدانی کەسوکارییان بیر چووەتەوە بەڵام "گوتیان لەماوەی ئەم ٣٣ ساڵەدا زۆرێک لە کەسوکارمان مردووە و بیرمان چۆتەوە، بەڵام تا ئێستا هەر چاوەڕێی دایک و باوک و دوو خوشک و براکەمانین بگەڕێنەوە".

 

شەهلا دەڵیت "ئێمە هەر هەردووکمان ماوینەتەوە، ٣٣ ساڵە نازانین چۆنین باوەڕ بە نەمانیان بکەین!  ئەنفال یادێک نییە لە ڕۆژێکی ساڵدا بێتەوە یادمان، ئێمە هەموو ڕۆژێک بەیادی ئەوانەوە برینەکانمان قووڵتر ئەبن، ئێمە زامەکانمان هەر تازەن و ساڕێژ نابن".