ژنانی ونبووی ئەنفال ٣٣ ساڵە لەکوێن؟ ...٥

سەبری ئەحمەد کەریم، لەگەڵ دوو منداڵیدا لەناو ئەو قافڵەیەدا بوو کە بۆ مەرگ دەبران، وتی" هاوژینەکەم و ٩ خزمان بران و جارێکی تر هەواڵمان نەبیستەوە لەسەریان، هەموو کەسێکیان دەبرد، تەنها ئێمە ژنانی خاوەن منداڵ مابوینەوە، ئێمەش خۆمان بەسەر منداڵەکانماندا دەدا بۆ ئەوەی بیانپاریزین".

"جامانەیان دەکردە کەلەپچەی دەستمان"

 

سلێمانی- ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بە پیلانی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری گەورە دەستیپێکرد، لە ئەرز و ئاسمانەوە بەردەوام بوو، بزووتنەوەی قڕکردن لە ساڵی ١٩٨٦ەوە دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردبوو، لە نێوان شوبات و ئەیلوولی ١٩٨٨دا گەیشتە بەرزترین ئاست.

بۆردومانی ئاسمانی، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، وێرانکردن و کاولکاری ناوچەکان، ڕاگواستنی زۆرەملێ و کۆکردنەوەی خەڵک لە کامپەکاندا، کۆمەڵکوژکردن، ونبوونی ژنانی گەنج و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی وڵاتانی عەرەبیدا، ئەو کارەساتانە بوون دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدرا، هەموو ئامانە برینی قوڵی لە ژیانی ژنان و مندالاندا دروستکردووە، سەبریە ئەحمەد کەریم، یەکێک لەو ژنانەی لە کاتی ئەنفالدا لەگەڵ منداڵەکانیدا بەرەو مردن براوە، و لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا ماوەتەوە باسی لەوە کرد، ئەوان بۆ مردن براون بەڵام بە کەلـلە ڕەقی خۆمان نەمردین.

 

سەبری باسی لەوەکرد لە ماڵەکانیان دەرکران و بە گروپ بران بۆ کامپەکان: من و دوو منداڵم تێکەڵ بە قافڵەیەک کراین و بردیانین، لە ڕێگەدا هاوژینەکەم و ٩ لە خزمەکانمان جیاکرانەوە، منداڵەکان بۆ باوکیان دەگریان، عەسکەرەکان گوێیان بە منداڵەکانم نەدا و ئەوانیان برد و من و دوو منداڵەکەم لە قافڵەکەدا ماینەوە، چیمان بەسەر دەهات نەماندەزانی، دەورمان بە عەسکەر گیرابوو، نەماندەتوانی بخوڵێینەوە، هەرکاتێک دەهاتنە ناومان و کۆمەڵێک کەسیان دەبرد خۆم بەسەر منداڵەکانمدا دەدا بۆ ئەوەی نەیانبەن، لەوە زیاتر نە من و نە ژنانی دیکە نەماندەتوانی هیچ بکەین، تەنها وەک مریشک ژیانی منداڵەکانمان دەپاراست.

 

"سەرەتا ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو ٤٠ ساڵەوە بوو بران"

سەبری باسی لەوەکرد جامانەی گەنجەکانیان دەکردە کەلەپچە و دەیانبەستنەوە و دەیانبردن هەروەها وتی: "ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو ٤٠ ساڵەوە بوو جیایانکردنەوە و بردیانن، پاشان زانیمان کە هەموویان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا ئەنفالکراون، دوای پیرەکان، بەدوای گەنجەکاندا دەگەران، هەموو ئەو گەنجانەی کە توانای چەک هەڵگرتنیان هەبوو بە جامانە کەلەپچەیان کردن و بردیانن لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا چەکیان پێهەڵگرتن، بۆ چەندین ساڵ کفری و خانەقینیان بۆ گەنجان کردبووە شوێنی ئەشکەنجەدان، ئەو کەسانەشی کە بەپێی خواستی ئەوان نەجوڵانایەتەوە یان ڕەمی دەکران، یانیش ئەشکەنجەی قورس دەدران، لەوکاتەشدا هاوژینەکەم و ٩ خزمیان برد و جارێکی دیکە نەگەڕانەوە".

 

لەژێر دەستی سەربازەکاندا هاواری ژنانی گەنج دەهات

سەبری باسی لە هاواری ژنانی گەنج دەکرد لەو کاتەوە و وەها گێڕایەوە: "جیا کردنەوە ئێشتا بەردەوام بوو، لە ڕێی مەرگدا دیار نەبوو چی ڕوودەدات، وەکو گورگ بوون و وەک مەڕیان لێدەکردین، دیار نەبوو سەرەی کێیە ببرێت، پیر و گەنجەکانیان برد و سەرەی ژنانی گەنج بوو، بەپێی پلان بەڕێوە دەچوون، سەرەتا تەمەن گەورەکانیان برد، دوای گەنجەکان، ئەیانزانی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا لەبەرامبەر ژنانی گەنجدا هەستیارییەک هەیە، لەکۆتایدا بۆ ئەوان گەڕان، تەنها ئەو ژنانە ماینەوە کە منداڵمان هەبوو، ئێمە پارێزگاریمان لە منداڵەکانمان کرد، ئێمە تەنها ئەوەمان لەدەست دەهات، نەمانتوانی کچە گەنجەکانمان بپارێزین، قیژە و هاواریان دەهات لەژێر دەستی عەسکەرەکاندا، قژە پرچەکانیان دەگرتن، ڕایاندەکێشان و دەیاندان بە زەویدا، ئێشتا هاواری ئەو نازدارانە لە گوێمدا دەزرینگێنەوە، ئەوانیان برد و وەک هەموویان ئاگامان لەوانیش نەما، لە دواتردا زانیمان بردویانن و لە وڵاتانی عەرەبدا فرۆشراون".

 

"ئێمە ژنانی خاوەن منداڵ هێزمان دەدا بە یەکتر"

سەبری باس لەدوای ڕزگاربوونیان لەدەستی ڕژێمی بەعس دەکات و دەڵێت: "تەنها ئەو ژنانەی وەکو من منداڵیان پێبوو ماینەوە،هیچ کەسی تر نەمایەوە، ڕژێم ئێمەیان بردە چۆڵەوانییەک بێ ئەوەی هیچ شتێکمان هەبێت، ژنان پێکەوە هێزمان دەدا بەیەک و کارمان دەکرد بۆ  ئەوەی ژیانێک بۆ منداڵەکانمان دروست بکەین، بۆ ئەوەی بژین دەبوو هێز بدەینە یەک و ماڵێک بگرین تا منداڵەکانمانی بۆ ببەین، لەبەر ئەوەی هیچ هەوێیەک، بەڵگەیەکی فەرمیمان پێنەبوو کەس ماڵی نەدەدا پێمان، ناویشمان نەبوو، هەرچۆنێک بوو ماڵێکمان گرت و منداڵەکانمان تێکرد، ئەمجارە بۆ کار دەگەڕاین، دواتر کارمان دەستکەوت و ئیشمان کرد، بە زەحمەتییەکی زۆر بە ئەمڕۆ گەشتین، ئەوەی کە هێزی دەبەخشییە من ژنانی خاوەن منداڵ بوون، بێ ئەوەی هیچمان هەبێت ئێمە پشتی ئەکمان گرت و منداڵەکانمان پاراست".

 

ت.پ