ژنانی ونبووی ئەنفال ٣٣ ساڵە لەکوێن؟ ...٣

شازادە حسێن محەمەد، لەکاتی ئەنفالدا ژنێکی گەنجی دووگیان بووە، لە ئەنفالدا هاوژینەکەی لەدەستدەدات. بەتەنها ڕووبەڕووی ڕۆژە سەخت و دژوارەکانی دەبێتەوە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانەکانی ئەنفال زیندانی دەبێت.

 

سلێمانی- ڕژێمی بەعس شاڵاوەکانی ئەنفالی بە چەند قۆناغێک دەستپێکرد لە ناوچەکانی باشووری کوردستان. هێرشەکانی یەکەم کە بە قۆناغی یەکەمی ئەنفال ناودەبرێت لە ٢٣ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨دا بە هێرشی زەمینی لە ناوچەی سەرگەڵو بەرگەڵو دەستیپێکرد، سەرەتا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان لە ٢٢ی ئازاری هەمان ساڵدا، لە گوندی شاناخسێ و سێوسێنانی سەربە قەرەداغ، لە ٢٣ی ئازاردا لە شاری هەڵەبجە و دوکان، ٢٤ ی ئازار لە گوندی جافەران، چەکی کیمیایی بەکارهێنرا، ڕۆژی ٣ی ئایار لە گوندی عەسکەر، لە ٧ و ٢٠ی نیسان لە گەرمیان،  هەروەها لە ٢٤ ی ئابدا گازی ژەهراویش لە زێوە شێخان لە سنووری باکووری کوردستان بەکارهێنرا

 

لەو هێرشانەدا هەموو باشووری کوردستان لە گەرمیانەوە تا سلێمانی و زاخۆ و بادینانی سوتاند و وێرانی کردن شازادە حسێن محەمەد، ژنێکی گەنجی دووگیان لەگەڵ منداڵە ١٠ مانگەکەیدا بەسەرهاتی ڕۆژە تاڵ و بە ئازارەکانی ناو زیندانەکانی ئەنفالی بۆ کردین لەگەڵ زەحمەتییەکانی دوای ڕزگاربوونی لەدەست ڕژێمی بەعس.

 

دوو ساڵ لە زینداندا بووم

شازادە حسێن محەمەد خەڵکی شارەدێی قادرکەرەم، باسی لەوەکرد کە پێش ئەنفال لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا هێرشی ڕژێمی بەعس بۆسەر کەسوکاریان ئەنجام دراوە. بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە باسکردنی بیرەوەرییەکانی ئەنفال و وتی: “ لەگەڵ دەستپێکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان براکەم چووە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە. لە هەموو شوێنێک سیخوڕەکانی ڕژێم هەبوون بەتایبەت لە نزیک خێزانی پێشمەرگەکانەوە، لەبەرئەوەی براکەم هاتبووە ماڵمان پێیان زانین و هێرشیانکردە سەرماڵەکەمان و هەموو ئەندامانی خێزانەکەمان بە منداڵەکانیشەوە دەستگیرکران و خستیانینە زیندان، ئێمە ٨٠ کەس لە ژوورێکی ٦ مەتریدا بووین، بۆ ماوەی ٢ ساڵ زیندانی کرام، لەو ماوەیەدا براکەم بەدەستی ڕژێم شەهیدکرا و دەستبەسەر تەرمەکەشیدا گیرا، دوای شەهیدبوونی براکەم  ئەرک و بەرپرسیارێتی ماڵەکە هەمووی لەسەر شانم بوو و هەموو کارەکانی ماڵم بەڕێوەبرد.

 

بۆ وەرگرتنی تەنها سەمونێک پێویست بوو ناو بنووسیت

شازادە، لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کە سەربازانی ڕژێم لە هێرشەکانی ئەنفال گەمارۆی قادرکەرەمیان دا، و ڕۆژانێکی سەختمان بەڕێکرد و توشی ناڕەحەتی زۆربووین. نان نەبوو بیخۆین بە تەواوی برسیبووین، بۆ وەرگرتنی تەنها سەمونێک پێویست بوو بچیتە لای سەربازەکان و ناو بنووسین، بەڵام برسێتیم پێ باشتر بوو لەوەی بڕۆم بۆ لای سەربازەکانی ڕژێم و داوای یارمەتیان لێبکەم، نەشمدەویست تەنانەت بیانبینم، من و دایکم بۆ ئەوەی نەچینە زیندانەوە هەڵهاتین، ڕۆشتینە شوێنێکی تر.

 

من لە قافلەکە هەڵاتم

شازادە کە لە کاتی ئەنفالدا  تازە هاوسەرگیری کردبوو، لە قسەکانی بەردەوام بوو: لە حوزەیرانی ١٩٨٦ هاوسەرگیریم کرد من هیچ دڵخۆشیم لە هاوسەرگیریەکەم نەبینی، هەموو ڕۆژێک فڕۆکەکانی ڕژێم بۆردومانیان دەکردین هەتا هەڵیانکووتایە سەرمان و ئێمە و سەرجەم خەڵکەکەیان لە شوێنەکانیان ئاوارەکرد.

کاتێک هەڵیانکووتایە سەرمان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گەماڕۆدرابووین خەڵکەکەیان دەخستە ناوی و دەیانبردن، نەمانتوانی یەکتر بپارێزین، ڕیگری لە سەربازەکان بکەین، هەوژینەکەمیان برد و جارێکی تر نەمبینیەوە من دووگیان بووم و کچەکەم دە مانگ بوو، ئەو لەسەر شانم بوو، تەنها ماینەوە. زۆر ترسام منیش ببەن، بۆیە ڕامکرد و هەڵهاتم چەندەم توانی لەدەستیان ڕامکرد بۆی نەمدۆزنەوە .

 

بۆ بەدواداچوونی کەیسی ئەنفال چووم بۆ ئەوروپا

شازادە کە هاوژینەکەی و منداڵەکەی ناو سکی لە ئەنفالدا لەدەستداوە، گوتی: "چووم بۆ ئەو دادگایەی کە سەدامی لێ بوو، کە دادگایی کرا و بڕیاری ئیعدامی بەسەردا سەپێنرا، سێ جار چوومە ئەڵمانیا و چوومە ناو دادگا لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١١ و ٢٠١٥ هەمیشە بەدوای دۆسیەکانی ئەنفالەوەم هەتا ڕۆحم کەمێک ئاسوودە ببێت.

 

حوکمەتی هەرێم هاوکاری پێویستی نەکردووین

شازادە، لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە حکومەتی هەرێم هاوکاری پێویستی بۆ نەکردوون و وتی: "داوامان لە وەزیری ناوخۆ کردووە، کە پرۆژەیەکمان هەیە بۆ یادکردنەوەی ئەنفال تەنانەت شوێنەکەشمان دەستنیشانکرد بەڵام ڕازی نەبوون، تا ئێستا هیچ شوێنێک نییە بۆ کەسوکاری بێ سەروشوێنان هەتا لە ڕۆژی یادی ئەنفالدا کۆببنەوە تێیدا.

 

هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوژینەکەمم

شازادەکە کە تا ئێستاش چاوەڕێی بینینی هاوسەرەکەیەتی، وتی:  بۆ ماوەی ٣٣ ساڵە هەموو کات هیوام خواستووە جارێکی تر هاوژینەکەم ببینمەوە، هەمیشە چاوەڕێم کە ڕۆژێک لە رۆژان بگەڕێتەوە، هەندێکجار بیر دەکەمەوە و بە خۆم دەڵێم ڕەنگە ئێستا نەیناسمەوە.

 

ت.پ