ژنانی ونبووی ئەنفال ٣٣ ساڵە لەکوێن؟ ...٢

سەبریە ئەحمەد سەلین دانیشتووی گوندی داوایان، لەسەروبەندی ئەنفالدا لەگەڵ منداڵەکانیدا بەرەو کامپەکانی ڕژێمی بەعس لە ناوچەی دبس لە کەرکوک ڕاگوێزران، باسی لەوەکرد: "ڕۆژێک سەربازەکان هەڵیانکوتایەسەر گوندەکەمان، دوای کارەساتێک وەک فیلم بەبەرچاومانەوە ڕۆشتن، دواتر خۆمان لە دبس بینییەوە، نەمانتوانی خۆمان ڕزگار بکەین، چونکە بە سەرباز گەمارۆ درابووین".

تا ئیستا ٢٢ هاوڵاتی گوندی داوایان بێ سەروشوێنن

 

 

سلێمانی- ساڵی ١٩٨٦ ڕژێمی بەعس ئامادەکاری بۆ شاڵاوی ئەنفال دەکرد، سەرژمێری ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧یش بۆ هەمان مەبەست بوو، تا ژمارەی دانیشتوانی باشوری کوردستان بزانرێت و بەپێی ئەوە مامەڵە بکەن، دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش کەوتە ناو پیلانەکە و تاوانبار کران بە سیخوڕی کرد بۆ ڕژێمی ئێران، بەپێی فەرمانەکانی عەلی حەسەن مەجید کە پێشتر لە کەرکوک ئەرکدار کرا بۆ بەڕێوەبردنی ئەنفال، ناوچەی کوردەکان کە پێی دەوترا "هەرێمی قەدەغە" کرانە ئامانج، عەلی حەسەن مەجید لە کۆبونەوەیەکیدا کە مستەشارەکانی هەولێر، کەرکوک، سلێمانی و دهۆکی تێیدا ئامادەبوون وتی: "لە هەرێمی قەدەغە دەبێت هیچ ماڵێک بە نەسوتاوی نەمێنێت"، یەکێکیش لەو گوندانەی کە کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و وێرانکردن گوندی "داوایان" بوو.

 

لە گوندی داوایان ژیان بە هەڵهاتنی خۆر دەستی پێدەکرد

لە گوندی داوایان ژیان بە هەڵهاتنی خۆر دەستی پێدەکرد، هەرکەسێک لەدوای خۆر هەڵهاتنەوە هەستایە لەخەو وەکو ئەوە وابوو گوناهبار بوبێت، لەبەرئەوە هەموو کەسێک پێش هەڵهاتنی خۆر هەڵدەستان و ئامادەی چوونە سەر کار دەبوون، گوندنشینان بە هەرەوەزی کاریان دەکرد و هەر ڕۆژەی سەرەی کارکردن بۆ یەکێک لە ماڵەکان بوو، بە دەرکەوتنی خۆر دەستیان بەکاردەکرد، بە گەرمبوونی خۆرەکە مەڕەکان پێکەوە دەگەڕانەوە ناو گوند، ژیانێکی سادە لە گوندەکاندا بەڕێوەدەچوو، بۆ لەناوبردنی ژیان و تێکدانی سروشت شاڵاوی ئەنفال ئەنجامدرا.

 

سەبریە ئەحمەد دانیشتووی گوندی باداوان ژیانی گوند لە پێش ئەنفالدا بەم شێوەیە باس دەکات: " ژیانی ئێمە گەلێک سادە بوو، لە ژیان و کارمان ئاسوودەبووین، هەستمان بە سەختییەکانی ژیان نەدەکرد، بە هەرەوەزی کارمان دەکرد، لەیەک کاتدا خۆمان لە ناو تۆزی بۆردومان و گازی کیمیایی و ئۆپەراسیۆندا بینییەوە، ئاگامان لەیەکتر نەما، نازانین چۆن بە زیندووی ماینەوە، ژیانی گوند لە ئاوارەیماندا وەک خەیاڵ مایەوە، بۆ ئەوەش هەمیشە بە حەسرەتی گەڕانەوە بووین".

 

"هەتا ئێستا ٢٢ کەسی گوندەکە بێسەروشوێنن"

سەبریە باس لە دەستپێکردنی ئەنفال دەکات و دەڵێت: "بەیانییەک سەربازەکان هاتنە گوندەکەمان، لە چاوە توڕەکانیان دەترساین، بەچاوی سورەوە هێرشیان دەکرد، خێزانەکانمانیان بردن و هەریەکێک بۆ ناوچەیەک گواستەوە، ئێمەیان برد بۆ سیروان و دوو شەو لەوێ ماینەوە، دواتر بردیانین بۆ دبس لە ناوچەی کەرکوک، سەربازەکان گەمارۆیان دابووین، ئێمە نەماندەتوانی هەناسە بدەین، تاکە رێگەیەکیش بۆ ڕزگاربوون نەبوو، نە خواردن هەبوو نە قاپ هەبوو خواردنی تێدا بخۆین، لەو سەرمایەدا هیچ نەبوو بیدەین بە خۆماندا، بەهۆی ئەو دۆخەوە هەموومان نەخۆش کەوتین، کاتێک حاڵی هەندێک لە نەخۆشەکان خراپ دەبوو دەیانبردن بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە دبس، هەندێک کات بۆ ئەوەی بزانین کەسوکارمان چییان بەسەر هاتووە، یەکێک لە نەخۆشەکانمان ڕازی دەکرد تا زانیاریمان بۆ بهێنێتەوە، بەڵام زۆر مەجالی قسەکردنمان نەبوو، هەتا ئێستاش ٢٢ کەسمان لە گوندی داوایان بێسەروشوێنن و هەواڵمان لێیان نییە".

 

"عەفوو دەرچوو"

سەبریە بەو شێوەیە باس لە ئازادبوونیان لە دەستی ڕژێم دەکات: ڕۆژێک سێشەممە بوو، لە زیندان بووین یەک تەلەفزیۆن هەبوو، کچێکی تورکمان گوێی لە هەواڵەکان دەگرت کە باسی لە لێبوردنی گشتی "عفو العام" دەکرد، بە دەنگی بەرز هاواری کرد و دەستی کرد بە قیژاندن و وتی "عافوات دەرچوو"، ئیتر سەبرمان لێبڕا، فرمێسکی خۆشیمان لەچاو دەکەوتە خوارەوە، هەرچەندە نەماندەزانی کە پیلانی چیترمان لەسەر جێبەجێدەکەن بەڵام دڵخۆشبووین، گرنگ نەبوو چیترمان بەسەر دەهات، تەنها لەو زیندانە دەرچووینایە بەس بوو، دوای دوو ڕۆژ مزگێنی ئازادکردنمان هەموو قاوشەکانی گرتەوە، بە شێوەی یاسایی ناویان دەنووسین و ئازادبووین و گەڕاینەوە شوێنی خۆمان، بەڵام ئەوکاتە نە ژیانمان مابوو، نە ماڵ و نە ماڵاتمان، لەو شوێنەدا کە شوێنی مردنە ژیان دروستکردن زۆر قورس بوو، بۆیە دەستی منداڵەکانم گرت و لەکاتەوە هاتوینەتە کەلار و لێرەدا نیشتەجێ بووین، ساڵانی زووی گوندەکەمان داوایان تەنها لە خەیاڵماندا ماوەتەوە.

 

سەبریە باس لە دوای کارەساتی ئەنفال دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەتا ئێستا ئازاری ئەو ڕۆژانە لە فکر و بیریاندا ماوەتەوە، بەدوای ونبووەکانماندا دەگەڕێین و لە هەوڵی ئەوەداین ژیانێکی نوێ بۆ منداڵەکانمان دەستەبەر بکەین.

 

ت.پ