ویژدان نورەدین: باشترین چارەسەری بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست هاوژیانی ئازادە

بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنەکان دۆخێکی مەترسیداری هێناوەتە کایەوە، چالاکوانان پێیان وایە پێویستە چەندین ڕێوشوێنی تەندروست بگیرێتەبەر بۆچارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ئەندامێکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دەڵێت باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا بنیادنانی هاوژیانی ئازادە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمـانی- سیستمی بەڕێوەبردنی باشوری کوردستان تادێت بەرەو لاوازی دەچێت، قەیرانی ئابوری، کێشە یەک لەدوا یەکە سیاسییەکان و دەستتێوەردانی وڵاتانی داگیرکەر لە ناوخۆی باشوری کوردستاندا، هەروەها باڵادەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کۆمەڵگەی بەرەو لێکهەڵوەشان بردووە، تادێت ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە باشوردا لە بەرزبوونەوە دایە، بەجۆرێک تەنها لە یەک ڕۆژدا، سێ ژن خۆیان کوشتن و ژنێک پیاوەکەی دەکوژێت و چەندین هەڵکوتانی چەکداری تۆمار دەکرێت، ئەم دۆخەی ئیستا لە باشوری کوردستاندا دەگوزرێت دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، چالاکوانان، پارێزەران و هاوڵاتیان ئاماژە بەوەدەکەن سەروەرنەبوونی یاسا، بەخشینەوەی چەک لەلایەن حزب و نەبوونی پەروەردەی تەندروست لەو هۆکارانەن کە توندوتیژییەکان زیاد بکات.

 

ویژدان نورەدین، چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بەوەدا ئەقڵیەتی ژن کوشتن چەندین هۆکاری لەپشتەوەیە و ناکرێت هەروا بە سادەیی باسی لێوە بکرێت، دەربارەی دۆخی باشوری کوردستان بۆ ژنان ویژدان نورەدین دەڵێت: ئەوە مەرگەساتە ڕوودەدات، زەنگێکی ترسناکە تاکی باشوری کوردستان لایەنی دەروونی تێکچووە کە بە ئەستەم کۆنتڕۆڵی خۆی پێدەکرێت، چەندین هۆکاریش هەن کە گرێدراوی یەکن پێویستە چارەسەر بکرێن، لە سەرەکیترینیان سیستمی حوکمڕانی باشورە کە پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت، حزبەکان ئەوەندەی کاریان لەسەر تێکدانی کۆمەڵگە کردووە بەو ئەندازەیە خزمەتیان نەکردووە، لە بۆنە حیزبییەکاندا چەک خەڵاتی پیاوان دەکرێت، کە نیشانی ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی چەکدارمان هەیە و دەیەوێت تاک بە چەک خۆی بسەپێنێت.

 

"ئازادی ناتەندروست کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشاندن دەبات"

ویژدان لایەنی کۆمەڵایەتی بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان دەزانێت ئاماژە بەوەدەکات ئەو کرانەوە جیهانییەی باشوری کوردستانی گرتووەتەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی ئازادی ناتەندروست وای لە تاک کردووە بە هەڵە لە ئازادی تێبگات و کاری هەڵە و چەوت بە ناوی ئازادییەوە ئەنجام بدەن، ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی کوردی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا قبوڵکراو نییە، چونکە ئەو ئازادییە نەخۆشە و ژن بەرگی ڕاستەقینەی خۆی تێدا نەک نادۆزێتەوە بەڵکوو ونی دەکات، بۆیە توندوتیژییەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ویژدان نورەدین لایەنی ئابوریش بە یەکێكی دیکە لە کێشەکان دەزانێت کە تاک ناتوانێت لەناو دنیای پێشکەوتنا بەو ئابورییە خراپەوە بەردەوامی بە ژیانی هاوبەش بهێنێت و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان دروستدەبێت و منداڵان دەبنە قوربانی لەم دۆخەدا کە منداڵێکی بێ پەروەردە و تاکێکی شێواو دروست دەبێت.

 

توێژەران، پارێزەران و چالاکوانان باس لەوە دەکەن سەروەرنەبوونی یاسا و بەسزا نەگەیاندنی تاوانباران ڕێگا خۆشکەرە بۆ زیادبوونی تاوانەکان، ویژدانیش ئاماژە بەوە دەکات: "بەزۆر بەشوودانی کچان و هاوسەرگیری پێشوەختە و مارەکردنی ژنانی گەنجی خوار تەمەنی یاسایی، توندوتیژییە بۆ سەر ژنان و لەڕێی ئاین و یاساوە شەرعییەتی پێ دەدرێت، وەک نمونەی ژنە کوژراوەکەی هەولێر لە تەمەنی ١٢-١٣ ساڵیدا بەشوودراوە، ئەمە بۆخۆی مەرگە ساتە دەبوو لەدوای ئەو ڕووداوە هەمووان لەسەر شەقام بوونایە. دەبوو لەدوای سێوان و منداڵەکانی ئێمەی ژنان بەردەوام لە چالاکیدا بووینایە و لەبەردەم بارەگاکانی حکومەتدا بووینایە چونکە ئەوان هۆکارن".

 

"میدیا هەستی خێزانەکان دەجوڵێت بۆ زیادبوونی بینەری خۆی"

لە بارەی پرسیاری تا چەند ڕاگەیاندن ڕۆڵی هەیە لە کۆمەڵگەدا، ویژدان نورەدین وەها وەڵام دەداتەوە: پێویستە هەمووان دەستبکەین بە چالاکی، هاشتاگێک ڕاگەیەنین بۆ وەستاندنی میدیای حیزبی و بڵێین ئیدی میدیای نەخۆش با بوەستێت، ئەوەی تاکی باشوری کوردستان ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی میدیاوەیە، بەلامەوە سەیرە کاتێک دایکێک ڕۆڵەکەی لەدەستداوە میدیا دەچێتە بەردەمی و دەڵێت هەستت چۆنە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە زیاتر برینی ئەو خێزانە دەکولێنێتەوە تا بینەر و لایکی پەیجەکەی زیاتر بێت، میدیا لە ئیستا ئەو بابەتەی بچوکە گەورەی دەکات، ئەو بابەتانەشی پێویستە گەورە بکرێت بچوک دەکرێتەوە، کۆمەڵێک میدیاش هەن بە بەرنامەکانیان نەخۆشی بڵاودەکەنەوە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکان کارمان لەسەرکرد و چەندین یاداشتنامەمان ئاڕاستەی لایەنی بەرپرس کردووە، داوامان کردووە چەندین بەرنامە هەن بوەستێرێن کە توندوتیژی و ژن کوژی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار چارەسەریان نەکرد تا گەیشتووینەتە ئەم دۆخەی ئێستامان.

 

"ژنی کورد بێ شەرەف نییە"

ویژدان دەڵێت: هەر ژن بکوژرێت تۆمەتی شەرەف دەدەنە پاڵی، بەڵام ئەوە ڕاستییە کە ژنی کورد بێشەرەف نییە وەک ئەوەی پیاوانی ئەقڵ دواکەوتوو تۆمەتی دەنێتە پاڵ، ئەوە پیاوانن کارەساتیان خوڵقاندووە و ناشبێت تاکێک بڕیاری ژیانی ژنێک بگرێتە دەست و بە بیانوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بیکوژێت، ئەوە پیاوانن کێشەی کۆمەڵایەتی دروستدەکەن بەوەی پێیان قورسە لەگەڵ کەسێک گفتوگۆ بکەن و چارەسەری بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، هەر پیاوە بە چەکەوە خۆی بەسەر ژنێکدا دەسەپێنێت کە ژیان لەوەوە دروستبووە، یاساش ڕۆڵی خۆی ناگێڕێت لەم ڕووەوە، بینیمان کاتێک ژنێک پیاوێک دەکوژێت چۆن هەموو بەلایانەوە قورس بوو، کەواتە بۆ کوشتنی ژنان دڵیان ناجوڵێنێت، من لەگەڵ کوشتندا نیم، بەڵام چەندە کوشتنی پیاوێک کارەسات بێت، کوشتنی ژنان دوو ئەوەندە کارەساتە، چونکە ژنان کۆڵەکەی ماڵ و کۆمەڵگەن و دایکن، چونکە ئەو دایکە سێ منداڵی بەجێهێشت، سێ منداڵی بێ پەروەردە و نەخۆش کرد، ئەمە لە کۆتایدا کۆمەڵگە بەرەو خراپتر دەبات، بۆیە پێویستە میدیا کۆنتڕۆڵ بکرێن.

 

ویژدان ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕەخنەی لە ڕێکخراوەکان گرت کە نەیانتوانیوە وەک پێویست کار بۆ ژنان بکەن، ئاماژەی بەوەشدا ڕێکخراوەکان دەبێت قبوڵیان بێت کە ڕەخنەیان لێدەگیرێت بۆ ئەمەش باشترین چارەسەر سەرلەنوێ بنیادناوەی دیدگا و ڕێگاکانی کارکردنە تا بتوانن توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕابوەستێنن.

 

"باشترین چارەسەری بنیادنانی هاوژیانی ئازادە"

لەکۆتای قسەکانیدا ئەو چالاکوانە بوونی هاوژیانی ئازاد بە چارەسەری دەزانێت بۆ کۆمەڵگە تا تاک بتوانێت ئازادە بڕیاری خۆی بدات، هەروەها داواش دەکات تاکەکانی یەک خێزان ڕێزی یەکتر بگرن و دەڵێت: نابێت بەزۆر پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدرێت، گرنگە بزانرێت تەمەنێک گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و لە توانادا هەیە بەرپرسیارێتی بگریتە شان ئەوکات پرۆسەکە ئەنجامبدەن، تاکی خێزان پێویستە ڕێز لەیەکتر بگرن تا خۆری هاوژیانی ئازاد هەڵبێت، چونکە فەلسەفەیەکە تێیدا ژن و پیاو ماف و ئازادییان پارێزراوە، پێویستە ژنان ئازادی بەوە تێنەگەن کە لە میدیاوە نیشانیان دەدرێت، داوادەکەم ئەوەندە خۆمان پەروەردە بکەین کە نرخی ژن بوونمان بزانین، گرنگە خێزانەکان دووبارە پەروەردە بکرێتەوە و سنورێک بۆ میدیا دابنرێت و یاسا و ڕێکخراوەکان کاری خۆیان بکەن، تا نائومێدی بڵاونەبێتەوە و لە نمونەی ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵ لە بێهیواییدا ژنی دیکەمان لەدەست نەچێت.

 

ت.پ