ژنان: دەبێت هەوڵی ڕاستەقینە بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە ژن کوشتن

سەرەڕای هەوڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر ژنان، بەڵام نەیانتوانیوە حاڵەتەکانی ژن کوشتن بنەبڕ بکەن، تا ئێستاش ژمارەی ژن کوشتن لە هەڵکشاندایە، هەوڵەکانیش بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی ژن ئامانجیان نەپێکاوە و ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونە.

سەرەڕای هەوڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر ژنان، بەڵام نەیانتوانیوە حاڵەتەکانی ژن کوشتن بنەبڕ بکەن، تا ئێستاش ژمارەی ژن کوشتن لە هەڵکشاندایە، هەوڵەکانیش بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی ژن ئامانجیان نەپێکاوە و ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونە.

 

نیگار ڕەشید

گەرمیان- توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تا دەگاتە کوشتن مێژوییەکی دوور و درێژی هەیە لە ناو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، هەروەها لە کۆمەڵگای کوردیشدا ژن کوشتن ساڵانێکی دوور و درێژە هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوشتن و خۆکوژی ژنان وەکو داتا تۆمار دەکرێت، هەروەها هەواڵی کوشتنی ژنان لە میدیاکان بە ساکاری و وەکو ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو باس دەکرێت و دەگاتە منداڵان و هەر لە مناڵییەوە بەو باسە ئاشنا دەبن.

 

لەم هەفتانەی دواییدا ژمارەی کوشتن و خۆکوژی ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی ترسناک لە بەرز بوونەوە دایە، لە ڕۆژێکدا سێ ژن لە ژێر ناوی خۆکوژی گیانیان سپاردووە، ژنێک بە دەستی براکەی دەکوژرێت و ژنێکیش بە دەستی هاوژینی پێشووی دوای جیابوونەوەیان، بە چەک دەکوژرێت.

ئەم هەڵکشانە لە ژمارەی کوشتنی ژناندا، دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بە زووترین و کورترین کات و بە هەوڵێکی جددی و ڕاستەقینە دەکاتە پێشینەی کارەکان بۆ وەستاندن و ڕێگریکردن لەم دیاردەیە کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو هزر و هۆشی تاک بەتاکی کۆمەڵگادا داکوتاوە.

 

دیاردەی ژن کوشتن لە کۆمەڵگای کوردیدا لەژێر هەر ناونیشانێک بێت، کۆی سیستەمی دەسەڵات و سیستەمی کۆمەڵایەتی پیاوسالاری و پەروردە و میدیا و ئایینیش بەرپرسە لێی و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە پەیوەندیمان لەگەڵ چەند ژنێکدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کرد تا هەڵوێست و ڕێگەچارەی ژنان بخەینە ڕوو.

 

"پێویستە میدیای کوردی واز لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ژن کوشتن بهێنن"

ئاڤان بەهرام - توێژەری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها دەڵێت: پێویستە میدیای کوردی واز لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ژن کوشتن بهێنن، ئەو درامایانە پەخش نەکەن کە پڕن لە سوکایەتی پێکردن، کەم نرخاندنی ژنان، ڕفاندن و کوشتی ژن، هەروەها بەو پێیەی سروشتی مرۆڤ وایە هەر شتێک زۆر دووبارە بوویەوە لای بەردەوام پیشانی بدرێت، ئاسایی دەبێتەوە ئەگەر کوشتنیش بێت، کەواتە میدیای کوردی ڕۆڵی گەورە دەبینێت بۆ ئەم پرسە چ وەکو ڕێخۆشکەر یان وەکو چارەسەر.

 

ئاماژەی بەوەشدا پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگا هوشیار بکرێنەوە لەو بیروبۆچوونەی مێشکی تەنیون بۆ کوشتنی ژن لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا، ئەویش بە ئەنجامدانی چالاکی بۆ ناساندنی مافی ژنان و نرخاندنی ژن وەکو مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار کە کەس مافی خاوەندارێتی و بڕیار بۆدانی نییە.

 

ئەو توێژەرە باس لەوە دەهات هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت مەترسییە بۆ کۆمەڵگا و دەڵێت: پێویستە مۆڵەتی بەکارهێنانی چەک سنوردار بکرێت، چەک بە ئاسانی نەخرێتە بەردەستی هەموو کەسێک کە ئەگەری هەیە هەر تاوانێکی کوشتنی پێ ئەنجام بدات، لە دواییشدا یاسا بەرپرسە و دەبێت سزای قورسی تاوانبار بدات و هیچ لێخۆشبوونێک نەیگرێتەوە، بۆ ئەوەی سڵکردنەوەیەک دروست بێت بەرامبەر ئەو تاوانە و بە ئاسانی کەس بیر لە ئەنجامدانی نەکاتەوە.

 

"دەبێت بکوژ سزا بدرێت تا ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانەی بیر لە ژن کوشتن دەکەنەوە"

ڕۆشنا محمد یەکێکە لە مامۆستاکانی سنورەکە و دەڵێت: ژن کوشتن مێژوویەکی درێژی ھەیە بە پێی تەمەنی مرۆڤ، دیاردەیەکی تازە نیتە و ناتوانین ئومێد بکەین لە ماوەیەکی کورت و دیاری کراودا بنبڕ بکرێت، کات و ساتی زۆری دەوێت بۆ بونیادنان و ڕێگاچارەی نوێ، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە پەروەردەی ئایینی و کۆمەڵایەتی بە گشتی و سیستەمی پەروەردەی بنەڕەت لە نێو دەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن بە تایبەت بەرپرسیاری یەکەمن لەم پرسەدا.

 

ئەو مامۆستایە باس لە کۆمەڵگای کوردی دەکات و بە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و پیاوسالار بە ناوی دەکات و دەڵێت: بەو پێیەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و نێرسالارە و دەسەلاتی یەکەم بۆ نێرە، دایکانیش لە پەروەردە کردنی منداڵدا ھەڵگری ھەمان ئەقڵییەتن، بۆیە ڕێکخراوەکانی ژنان و داڵدەدانی ژن بە شکاندنی شکۆی نێر و خێزان دەژمێردرێن و بە توندی رەت دەکرێنەوە، هەروەها ئەو ڕێکخراوانە نەیانتوانیوە ژنان لە کوشتن ڕزگار بکەن کاتێک پەنایان بۆ دەبرێت.

 

وەک چارەسەریش مامۆستا ڕۆشنا ئاماژە بەوە دەکات چارەسەری خێرا بۆ ئەم دۆخە خراپەی ئێستا ئەوەیە یاسا سەروەر بێت، کەسی بکوژ بەپێی یاسا سزا بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ ژن کوژان.

 

"پێویستە ژنان خۆیان داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خۆیان بن"

ڤیان احمد بەڕێوبەری پێشووی ماڵی گەنجانی کەلار بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دۆخی ئێستا هۆشیاری تاک بە گرنگ دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات: یەکەمین ڕێگا هۆشیاری تاکە لە کۆمەڵگادا، پاشان خودی کۆمەڵگا، بۆئەوەی بتوانین ڕێگری بکەین لەکوشتنی ژنان لەژێر هەرناوێک بێت، دەبێت ژن وەکو مرۆڤ سەیر بکرێت، نەک وەکو جەستەیەک شەرەفی خێڵی پێوە هەڵبواسرێت، هەروەها کارکردن بەو یاسایانەی لەسەر کوشتن هەن بەبێ جیاوازی، دەشڵێت: پێویستە ژنان خۆشیان داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خۆیان بن.

 

ڤیان حکومەت بە بەرپرسیار دەبینێت و دەڵێت: حکومەت دەبێت بەدواداچوونی جددی هەبێت بۆ کەیسەکان، قەدەغەکردنی چەک لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەکی ئازاد و  ناهۆشیاری میدیا کێشەیەکی گەورەیە و یەخەی هەمووانی گرتووە، کە کوشتن بە جۆرێک پیشان دەدەن ببێتە هاندەری زیاتر، بۆیە دەبێت حکومەت یاسای تایبەتی هەبێت لەسەر بڵاوکردنەوەی تاوانەکانی ژن کوشتن و کوشتن بەگشتی.

 

لە کۆتایشدا دەڵێت هەتا کۆمەڵگا نەریتی پیاوسالاری بپارێزێت ژن کوشتن بەردەوام دەبێت.

 

"دەبێت دەستکاری عەقڵییەتی نێرسالاری بکەین"

شەیدا احمد پەرستارە و ئاماژە بەوەدەکات کە دەبێت ژنان سڵ نەکەنەوە لە دەستبردن بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری و گۆرانکاری لە کۆمەڵگادا، دەشڵێت: "دەبێت دیدی کۆمەڵگا بە تەواوەتی بگۆڕین، دەستکاری عەقڵییەتی پیاوەکان بکەین، ژنەکان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت داکۆکی لە مافی خۆیان بکەن، دەتوانین لە میدیاکانەوە دەست پێ بکەین و بەرنامەی هۆشیاری بڵاو بکەینەوە لەجیاتی هەواڵە گەرمەکانی ژن کوشتن.

 

ڕێگاکانی چارەسەر بۆ ڕێگریکردن لە ژن کوشتن

ژنان کۆکن لەسەر ئەوەی چارەسەری بۆ ڕیگریکردن گرتنەبەری چەند ڕێ و شوێنێکە، ئەوانیش کۆی دەزگاکانی پەروەردە بە خێزان و مزگەوت، قوتابخانە و میدیاکانەوە کارا بکرێن لەسەر دادوەری لە نێوان هەردوو ڕەگەز لە ڕووی ماف و سەربەخۆیی و خاوەندارێتی خودەوە، هەوڵ بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی، گۆڕینی دیدی ڕەگەزگەرایی و گرێنەدانی شەرەف بە جەستەی ژنەوە بدرێت.

 

یاسا دەبێت سزای توند و بەدواداچوونی جددی هەبێت بۆ بکوژی ژن، لە هیچ بارێکدا لێخۆشبوون و بەخشین تاوانبارانی کەیسی ژن کوشتن نەگرێتەوە، هەروەها بەدەم سکاڵای ژنانەوە بچن و شوێن و ژیانێکی شایستە بۆ ئەو ژنانە دابین بکەن کە لە ژێر هەڕەشەی کوشتن دان.

ژنان باسیان لەوەشکرد پێویستە میدیا ڕۆڵێکی گرنگ و کارای هەبێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پەروەردەیی تاک دا.

 

ت.پ