بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ... ١١

لەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕژێمی ئێران هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە توندوتیژی دەدات، "پۆلیسی ئەخلاقی"ش بچینەی سەرەکی پارێزەری سیستمی ڕژێمەکەیە.

"پۆلیسی ئەخلاقی" ڕژێم

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ- دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن "پۆلیسی ئەخلاق"ەوە لە ١٦ی ئەیلولدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، خەڵکێکی زۆر دەستبەسەرکران و ئێستا لە زینداندان، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا ٣٠٤ کەس کە ٤١ کەسیان تەمەنیان لە خوار ٨ ساڵەوەیە، لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون، سیستان، بەلوچستان، مازەندەران، تاران، سنە و گیلان لەو شوێنانەن کە ناڕەزایەتییەکان تیایدا بەرفراوانتر بوون. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (هرانا) بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ١٤ هەزار کەس دەستبەسەر کراون. چارەنووسی زیندانیان بەتایبەت ژنان نادیارە و چالاکییەکان لە سەرجەم کەمپەکانی زانکۆکانی ئەو وڵاتە سەرباری دۆخی ئەمنی بەردەوامن.

 

ژنانی ئێران بەردەوام بۆ مافەکانیان لە چالاکی ناڕەزایەتیدا بوون، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ چالاکانی ئێرانی هەڵمەتێکیان بۆ شۆفێریکردنی ژنان بەبێ حیجاب دەستپێکرد. لەگەڵ ئەم هەڵمەتەدا گرتەی ڤیدیۆیی ئەو ژنانەی کە بەبێ حیجاب ئۆتۆمبێلەکانیان لیدەخوڕی، بڵاوکرایەوە، دەسەڵاتداران بە توندوتیژی بزووتنەوەی فێمینیستیان لە شەقامەکانی ئێراندا سەرکوتکرد. لەو ڕاپرسییەدا کە لەوکاتەدا لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێرانەوە ئەنجامدراو، دەرکەوت ٪٧٠ی ژنان سەپاندنی حیجابیان ڕەتکردووەتەوە.

 

مەسیح عەلی نەژاد لە ساڵی ٢٠١٧دا هاشتاگی "چوارشەممەی سپی"ی بڵاوکردەوە و ئاڕاستەی ئەو ژنانەی کرد کە بەهۆی ناچارییەوە حیجاب لەبەردەکەن. خۆیشی لە  ڕۆژی چوارشەممەدا بە لەچکێکی سپییەوە چووە شەقامەکان و بە دارێکەوە وەک ناڕەزایەتییەک لەچکەکەی بەرز کردەوە، ژنانی دیکەش بەشداری چالاکییەکەی بوون و حیجابەکانیان بە دارەوە بەرز دەکردەوە و ناڕەزایەتییان دژی حیجابی زۆرەملێ نیشاندا، ئەم ناڕەزایەتییە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ تا کانوونی دووەمی ٢٠١٨ بەردەوام بوو.

 

دەیان ژن فڕێدراونەتە زیندانەکانەوە

دوابەدوای ئەوە مەسیح عەلی نەژاد بزووتنەوەی "ئازادییە شاراوەکەم"ی دەستپێکرد، بۆ پشتیوانی لەو ژنانەی دژی حیجابی زۆرەملێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایەتییان دەردەبڕی.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ەوە لانیکەم ٤٨ داکۆکیکاری مافی ژنان کە ٤ پیاویان تێدایە، دەستگیرکراون، هەندێکیان ئەشکەنجەدراون و دوای دادگاییکردنی زۆر نادادپەروەرانە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەو ژنانەی بەشداری چالاکییەکانیان کردبوو، ڕەوانەی زیندانەکان کران. ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ژێر ئەشکەنجەدان و لە زیندانی ئەوین گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی ٣٥ ژن بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی تارانی پایتەختی ئێران دەستبەسەرکران و هەندێکی دیکەش بە دە ساڵ زیندانی سزادراون.

 

ژنان سزادران

نەسرین ستودە، چالاکوانی مافی مرۆڤ دوای چەند ڕۆژێک لە ناڕەزایەتیەکەی ویدا مووحد دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. بەڵام تەنها ڕۆژێک دوای ئازادکردنی، لەگەڵ سێ ژنی دیکە دەستگیرکرانەوە. خۆپیشاندانی ژنان و پیاوان لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە، لەوانە ئیسفەهان و شیراز.

 

دوای ئەوەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام مەدیح حەجبری، کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار فۆڵۆوەری هەیە، ڤیدیۆیەکی سەماکردنی بە مۆسیقای ڕۆژئاوایی بەبێ حیجاب بڵاوکردەوە، دەستگیرکرا و ئەمە مشتومڕێکی گەورەی لە وڵاتدا دروستکرد. دوای ئەوەش ٢٩ ژنی دیکە کە حیجابەکەیان لابرد و لە شەقامی ئەلثوڕە لە پایتەختی تاران دەسووڕانەوە، دەستگیرکران، چالاکانی ئێرانییش کلیپێکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە تیایدا کۆمەڵێک ژن بەبێ ئیجاب دژی دەسەڵات سەرهەڵدەدەن.

پارێزەر نەسرین ستودە کە هاوینی ٢٠١٨ بەرگری لە ژنانی زیندانیکراو کرد، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ڕێکخراوە نیشتمانییەکان" بە ٣٣ ساڵ زیندانی سزادرا. هەروەها بە بیانووی ئەوەی کە بەبێ حیجاب چووەتە دادگا بەناوی پێشێلکردنی یاساکانی ئێران سزای ١٤٨ قامچیی بەسەردا سەپێنراوە.

 

گەشتی ئیرشاد/پۆلیسی ئەخلاقی چییە؟

هەڵوێستی توندی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی ئەخلاقی لە دژی ڕاپەڕینەکانی ئێران، کە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، کاردانەوەی هەموو جیهانی لێکەوتەوە. "گەشتی ئیرشاد" یان "پۆلیسی ئەخلاق" کە بە لێدان و ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی چالاکوانان لە شەقامەکاندا سەرکوتی خۆپیشاندان دەکەن، چۆن و بۆ چ مەبەستێک دروستبوون؟

 

"گەشتی ئیرشاد" یاخود ناوەندی پۆلیسی ئەخلاق و دەورییەکانی، بە فۆرم و پێکهاتەی جیاواز لە ئێران دروستبووە، یەکەم چالاکیی ئەم دەوریانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥. "دەوریەی پۆلیسی ئەخلاقی" ناسراو بە "دەوریەی ڕابەرایەتی" وەک تیمێکی یارمەتیدەر لە هێزە دیسپلینییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهاتووە، ئەرکی دەستگیرکردنی ئەو ژنانەیان پێدرابوو (هەندێک پیاویش) کە یاسای جلوبەرگیان پێشێل کردووە. دەورییەکانی پۆلیسی ئەخلاق بەزۆری پیاون؛ ژنانی حیجابیش لەگەڵیان دێن. لە شوێنە قەرەباڵغ و گشتیەکانی وەک مۆڵەکان و گۆڕەپان و وێستگەی میترۆکان دەوەستن و کۆنترۆڵی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو نابن، دەستوەردان لە قژی پیاوان و جلوبەرگ و حیجابی ژنان دەکەن و هەموو مافەکانیان پێدراوە بەسەر خەڵکدا یاساکانی ئێران بسەپێنن.

 

پۆلیسی ئەخلاق ئەو ژنانە دەستبەسەر دەکەن کە باڵاپۆش نین یان بە هەڵە باڵاپۆشیان کردووە، دوای دەستبەسەرکردنی ژنان دەبرێنە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن یان بنکەکانی پۆلیس و فێری جلوبەرگ پۆشین دەکرێن، هەندێکجار دوای قسەکردن، بە لێدان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان دەکەونە گیانی ژنان، زۆرجار ژن لە هەمان ڕۆژدا ڕادەستی پیاوانی بنەماڵەکەیان دەکرێنەوە، هەرچەند لە ئێراندا پێویستە ژنان قژیان داپۆشن، بەڵام لە ڕاستیدا داوایان لێدەکرێت پەچەی ڕەش بکەن.

 

توندوتیژییەکان پەرەیاند سەند

ڕەزا عەلیپوور، سەرۆکی پۆلیسی ئاسایشی فەرماندەیی پۆلیسی تاران، لە ٢٧ی ئابی ٢٠٠٨دا، ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک مانگدا ٦٣ هەزار و ٦٩٣ ژنیان ئاگادار کردووەتەوە کە "حیجابەکەیان کێشەدارە". بەڵام لە چەند مانگی دواتردا ڕێکارەکان گۆڕا و هێندەی تر توندوتیژی زیاتر بوو، بەرپرسانی پۆلیس دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانیان ڕاگەیاند. لە مانگی نیسانی ٢٠٠٧دا ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی تاران ڕایگەیاند کە "ئەوانەی خراپتر و شەرمەزارترن پێویستە دەستگیر بکرێن و لەلایەن ژنە ڕاوێژکارەکانی دەستەی کارگێڕیمانەوە ئاگادار بکرێنەوە. دواتر داوا لە بنەماڵەکانیان دەکرێت بێنە بنکەی پۆلیس و بیانبەنەوە و گرنگی بە جلوبەرگی منداڵەکانیان بدەن".

 

لە ساڵی ٢٠١٣ لە ڕۆژی دایک لە ئێران، دەوریەکاران بە گوڵ پاداشتی ئەو ژنانەیان کرد کە حیجاب دەکەن، ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ عەمید حوسێن ڕەحیمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران ڕایگەیاند، "بە گوتەی فەرماندەی نەجا (فەرماندەیی هێزی سنووری نەجا)، کەسانێک کە بە پێی بەها ئیسلامیەکان ڕەفتار ناکەن و کەمتەرخەم بن لەم بارەوە چیتر دەستبەسەر ناکرێن، دادگایی ناکرێن و ڕەوانەی زیندان ناکرێن؛ لەوەش زیاتر، ڕاهێنانیان پێدەدرێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانیان".

 

پۆلیس خەریکی دروستکردنی هێڵی هێرشە

ئەو خۆپێشاندانانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، تایبەتمەندی و چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی سنووردارکردنی ڕژێمی ئێران ئاشکرا دەکات. حیجاب لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت و بەم باسانە سنووری ژنان دەکێشرێن. چالاکییەکانی ئەمڕۆی ژنان تەنها بۆ حیجاب نییە، بەڵکو یاخیبوونە لە نەزم و چەوساندنەوەی سیستەم. ژنان لە شەقامەکاندا بەرخۆدان لەپێناو وەرگرتنەوەی ماف و ئازادیی خۆیان دەکەن، هێڵی فەرمی هێرشی ئەم بەرخۆدانە لە دژی ژنان، بەتایبەتی "پۆلیسی ئەخلاق" بەڕێوەی دەبات بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە کایەی کۆمەڵایەتی، کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگەکانیان، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنەکان و بە هەموو ئەمانەش هەمیشە ژنانی ئێران دەکەنە ئامانج.

 

سبەی: ڕژێمی ئێران و گەمارۆ نادادپەروەرەکانی بۆ سەر ژنان