لە گەرمیان ١١ ژن خۆیان کوشتووە و سوتاندووە

بەپێی ئامارەکان خۆکوشتن لەنێو ژناندا لە ئیدارەی گەرمیان زیادی کردووە، ١١ ژن خۆیان کوشتووە یان خۆیان سوتاندووە، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پاڵپشتی خێزانی و هۆشیاری دەگەڕێننەوە.

 

تەرزە تەها

گەرمیان- خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەنێک ساڵ ئامارەکان زیاد دەکەن، هەندێک ساڵیش کەم دەکەن، بەڵام گەرمیان یەکێکە لەو ناوچانەی کە خۆکوشتنی ژنان ساڵانە ڕووی لە زیادبوونە.

 

بەپێی ئامارەکان لە ئیدارەی گەرمیان، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ و ١٠ مانگی ئەمساڵدا ١١ ژن خۆیان کوشتووە یاخود خۆیان سوتاندووە.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان لە گەرمیاندا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ حاڵەتێکی خۆکوشتن تۆمارکراوە، لە هەریەک لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دوو حاڵەتی خۆسووتان تۆمارکراوە، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، ئەوەی دیکە دیارینەکراوە زیندووە یاخود گیانی لەدەستداوە.

 

لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا حاڵەتێکی خۆکوشتن تۆمارکراوە، لە مانگەکانی نیسان و ئەیلولی ئەم ساڵیشدا دوو حاڵەتی خۆسوتان تۆمارکراون، کە هەر دیارینەکراون زیندوون یاخود گیانیان لەدەستداوە.

 

بەڵام بەپێی ئەو حاڵەتانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاوی کردووەتەوە، چەند حاڵەتێکی دیکەی خۆکوشتنی ژنان لە ماوەی ئەو دووساڵەدا هەبووە، بەڵام لە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان وخێزان تۆمارنین.

 

لە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ ژنێکی تەمەن ٣٤ساڵ بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ژنێک بە فیشەکی تاپڕ گیانی لەدەستداوە خێزانەکەی دەڵێن خۆی کوشتووە، لە ١٨ی نیسانی ئەمساڵدا ژنێک خۆی کوشتووە.

 

لەگەڵ ئەوانەشدا بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە، لە ٨ی نیسانی ئەمساڵدا ژنێک خۆی سوتاندووە و گیانی لەدەستداوە، لە ٣ی حوزەیراندا کچێکی تەمەن١٩ ساڵ بە سوتاوویی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە.

 

بەشێک لە تاکەکان نازانن چۆن دەنگیان بگەیەننە کەسانی پسپۆڕ

لاڤە محەمەد، ڕێگەپێدراوی گشتی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خانزاد لە گەرمیان، بەشێک لە هۆکاری خۆکوشتنەکانی گەڕاندەوە بۆ فشاری کۆمەڵگا و بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەروونییە دەبنەوە هۆشیاری تەواویان نییە، بەشێک لە تاکەکان نازانن چۆن دەنگیان بگەیەننە کەسانی پسپۆڕ لە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، یاخود نوسینگەکانی توندوتیژی و ڕێکخراوەکان، "زۆرێک لەو تاکانە نازانن چۆن دەنگیان بگات بەو کەسانە، کە بزانن چۆن کێشەکانیان چارەسەر بکەن".

 

لە بەرامبەریشدا بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کووشتن و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ڕێگای برۆشەر، نامیلکە، ئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ بە ڕێگاکانی چارەسەر دادەنێت.

 

بوونی چەکی بێ مۆڵەت و جوگرافیای ناوچەکە

ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە گەرمیان، سەرباری گەڕاندنەوەی بەشێک لە هۆکارەکان بۆ دابونەریت و کێشە ئابووریەکان، بەشێکی بۆ بوونی چەکی بێ مۆڵەت لە ماڵەکان و بوونی ناسەقامگیری وشەڕ لە ناوچەکەدا گێڕایەوە.

 

لەگەڵ هەر ڕووداوێکی خۆکوشتن یاخود کوشتندا پۆلیس ئەگەر سکاڵاش نەبێت پەڕاوی یاسایی بۆ ڕووداوەکە دەکاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی خۆکوشتن بە تاوان دادەنرێت، وەک نەقیب ئەیوب حسین باسی دەکات، ئەوان لە کاتی تاوانی خۆکوشتندا بەدواداچوون دەکەن، ئەگەریش کەسێک لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتبێت هاندەری خۆکوشتنەکە بێت، دەستگیردەکرێت.

 

باس لەوەشدەکات، هۆشیاری تاک، ڕۆڵی تەواو دەبینێت لە کەمبوونەوەی توندوتیژی و خۆکوشتندا، بۆیە ئەوان گرنگی بە هۆشیارکردنەوەی تاک لە ناوەندەکانی خوێندن و گەڕەکەکاندا دەدەن، سیمینار و کۆڕی بەردەوامیان هەیە.

 

ژنان لە کاتی کێشەکانیاندا پشتوانییەک شک نابەن

خۆکوشتن وێڕای ئەوەی لە دەرئەنجامی بوونی کێشەیەکەوە ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام توێژەرانی دەروونی باسی دەکەن، ئەو کەسە لە دەرئەنجامی کێشەکەیەکەوە تووشی شەڵەژانی دەروونی و خەمۆکی دەبێتەوە، بەڵام هەندێک جار ژنان ئەو پاڵپشتەیان نییە.

ژیان عەبدولکەریم، توێژەرێکی دەروونییە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەشێک لەو ژنانەی تووشی کێشەیەک دەبن کەسێک شک نابەن لە خێزانەکان یاخود هاوڕێکانیان تا پەنای بۆ ببەن و دەردەڵی بۆ بکەن، بۆیە ئەو کەسە لە ناخیدا خۆی دەخواتەوە، هەرچەندە کێشەکەش بچوک بێت خۆکوشتن بە ڕێگا چارە دەزانێت.

 

هاوکات سرووشتی کۆمەڵگاکەشی وەک یەکێک لە هۆکارەکان دانا، کە هەندێک ناوچە تێگەیشتنیان بۆ بچوکترن بابەت زۆر گەورەیە، کێشەیەکی بچووک زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە دەکەن، ئەو ژنەش بەهۆی ترس لە کۆمەڵگا و خێزان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات.

 

لە کۆتایشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پاڵپشتی خێزانەکان و بوونی هۆشیاری چارەسەرێکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەروونییە دەبنەوە، دەڵێت "ناکرێت هەر کەسێک کێشەیەکی هەبوو، لە چواچێوەی ژوورێکدا دانیشێت و بەو شێوەیە بیری لێبکاتەوە، بیرکردنەوەی شتەکان بە تاکی تەنها ناتوانێت لە کێشەکان دەربازی بکات".