پانۆڕاما، کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا زیادیکردووە

لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەراورد بە ساڵی پار ٪٣٩.٥٤ زیادیکردووە، تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا ٨٤ ژن خۆیان کوشتووە و کوژراون یاخود هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، هۆکاری ڕووداوەکانیش کپ دەکرێنەوە یاخود لە ژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەف بڵاودەکرێنەوە.

 

شنیار بایز

ناوەندی هەواڵ- بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ژنها-نوژنها، لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئامارەکان بە نزیکی هێندەی کۆی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت. تەنها لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتادا ١٠ هەزار و ٦٢٥ توندوتیژی تۆمارکراوە، ئەمەش بەراورد بە نۆ مانگی سەرەتای ٢٠٢٠دا ٪٣٩.٥٤ زیادی کردووە.

 

کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان تا بێت زیاد دەکات، لەم ساڵیشدا، بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ئاژانسی نوژنها و میدیاکانی دیکەوە بڵاوبووەتەوە ٨٤ ژن کوژراون و خۆیان کوشتووە یاخود هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

 

هەندێک لەو ژنانە لە ژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن، یاخود کاتێک ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە و خۆیان دەکوژن پێیان دەڵێن کێشەی دەروونی هەبووە، زۆرینەی خێزانەکان هۆکاری کوشتنی ژن و کچەکانیان دەشارنەوە، یاخود دەڵێن کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستای کۆمەڵگای کوردی هەموو جۆرە کێشەیەکی تایبەت بە پرسی ژنانی کردووەتە کێشەی کۆمەڵایەتی تا ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەناو کۆمەڵگادا بڵاو نەبێتەوە.

 

سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ڕووداوەکان بەم شێوەیە دەستیان پێکرد:

مانگی کانوونی دووەم

ئێوارەی ١_١_٢٠٢١ لە شاری سلێمانی لەسەر پردی پەڕینەوەی چوارچرا، لەسەر شەقامی شەست مەتری نزیک فامیلی مۆڵ ژنێک بە ناوی شلێر، تەمەن ٢٤ ساڵ کە خەڵکی کامێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەوڵی خۆکوشتن دەدات و دەکەوێتە سەر سەیارەیەک، هەرزوو دەگوازرێتەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و چارەسەر دەکرێت.

شلێر هاوسەرگیری کردووە و ژنی ماڵەوەیە، لەگەڵ خێزانەکەیدا پەنابەری سیاسیین لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی دەژین.

 

لە ١ی کانوونی دووەم لە سلێمانی، باوک و کچێک بە هۆی بڵاوبوونەوەی غازەوە، لە ماڵەکەیاندا لە سەیرانگای مێرگەپانی سەربە پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستدا، باوکەکە تەمەنی ٣٤ ساڵە و کچە منداڵەکەشی تەمەنی ١٠ ساڵانە.

 

٥ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنجی ١٥ ساڵی ئاوارەی ئێزدی بە ناوی "ئەحلام خێرۆ" لە کامپی شاریای دهۆک خۆی خنکاند، هۆکاری خۆکوشتنەکەشی نەزانرا، لە ماوەی  ٢٤ کاتژمێردا ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی ئەسمەهان، تەمەن ٢٠ ساڵ، لە کەمپی ئیسیان لە قەزای شێخانی دهۆک خۆی خنکاند، ئەسمەهان لە هاوژینەی جیاببوەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژیا، لە ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ شەنگال لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرەوە، ئاوارەی کەمپی ئیسیان بووبوون.

 

٧ی کانوونی دووەم، سێیەم ئاوارەی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک خۆی كوشت، بە ناوی سەلما سوعاد والتی كە تەمەنی ١٥ ساڵ ‌و خەڵكی كۆمەڵگەی گرعوزێر بوو، لە كۆمەڵگەی بریسڤی، سەر بە پارێزگای دهۆک دەژیا.

 

ئێوارەی ٩ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی دەلالی شارۆچکەی زاخۆی سەر بە پاریزگای دهۆک، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و دەست بەجێ گیانی لەدەستدا.

 

١٠ی کانوونی دووەم، لە شارەدێی شیلادزێی سەربە پارێزگای دهۆک، ژنێک بەناوی ستی عبید یوسف بیری، بە گوللـە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، وترا کە "هاوسەری ژنەکە دەمانچەی پاککردوەتەوە و بەهەڵە فیشەک لەدەستی دەرچووە و ژنەکەی کوشتووە"، پۆلیسی پارێزگای دهۆک، بە بیانووی نەبوونی زانیاری ئامادەنەبوو قسە لەسەر ڕووداوەکە بکات.

 

١٤ی کانوونی دووەم، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ دانیشتووی گوندی هۆرێن لە سنوری شارۆچکەی دەربەندیخان هەوڵی خۆسوتان دەدات، دەگوازرێتەوە بۆ ئیمێرجسی سلێمانی و پاش ٣ ڕۆژ گیان لەدەست دەدات، خەڵکی گوندەکە باسیان لەوەکردووە کە ماوەی ٥ مانگە توشی نەخۆشی دەروونی بووە و زۆر کات هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام لە لایەن خێزانەکەی و بە تایبەت دایک و خوشکیەوە ڕێگریلێکراوە.

 

١٦ی کانوونی دووەم، لە گوندی گامێشتەپەی سەر بە ناحیای گوێر لە پارێزگای هەولێر، برایەک بە فیشەک کۆتای بە ژیانی خوشکەکەی خۆی دەهێنێت، وترا پێش هاوسەرگیری خوشکەکەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ هاوژینی ئێستایدا هەبووە و براکەی ناڕازی بووە بە ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیریە. لە ڕووداوەکەدا ژنەکە گیان لەدەستدەدات و هاوژینەکەشی بریندار دەبێت و دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر.

 

١٨ی کانوونی دووەم، ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی ئیمان ئاراز زرار، بە دەمانچە کۆتای بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایگەیاندووە ئیمان خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بووە و هۆکاری خۆکوشتنەکەی بە شاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام دایکوباوکی ئیمان باسیان لەوەکردووە کە منداڵەکەیان نەخۆشی "سەرعی" هەبووە و سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە، پۆلیسیش کەسی وەک تاوانبار دەستگیر نەکردووە.

 

١٩ی کانوونی دووەم، لە نزیک قشڵە لە قەزای کۆیە دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێک کرا، تێیدا ژنێکی سەرنشین بریندار بوو، لە کاتی خۆیدا بڕیاری دادوەر بۆ گرتنی تاوانبار دەرچوو کە ناوی ی. ت. ع. بوو.

 

مانگی شوبات

١ی شوبات، لە گەڕەکی ڕەحیماوای شاری کەرکوک برایەک دوو خوشکی خۆی بە گولـلە دەکوژێت، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش هەڵدێت، پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک ڕایگەیاند، تەمەنی کەسی بکوژ ٣٣ ساڵە و ناوی هـ. خ. ن لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧، تەمەنی دوو ژنە کوژراوەکە ١٩ ساڵ و ٢٥ ساڵ دەبێت، کەسی بکوژ پێشتر تاوانی دیکەی ئەنجامداوە و بکوژی مامی خۆیەتی بەڵام دواتر ئازادکراوە.

 

شەوی ١٣ /١٤ی شوبات لە گەڕەکی شێخ محێدین لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی ژنێک بە ناوی ک. ن. تەمەن ٢٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی دەخنکێنێت، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە لەگەڵ دایکیدا ژیاوە و ماوەیەک پێش ڕووداوەکە دایک و باوکی لەیەکتر جیابوونەتەوە.

 

١٤ی شوبات، لە گوندی ئوم حونتە لە شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی پارێزگای دیالە، دوو برا خوشکە ١٧ ساڵانەکەیان دەکوژن، ژنەکە ناوی "لیقاء حەبی"یە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤، لە نزیک چەمی گوندەکە براکانی کوشتوویانە و تەرمەکەیان فڕێداوە.

 

١٦ی شوبات، لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، ژنێک لە ڕۆژی ئاهەنگی گواستنەوەکەیدا خۆی دەخنکێنێت، ژنەکە ناوی پ. ش. م. تەمەنی ١٩ ساڵە و تاقانەیە.

 

١٧ی شوبات، خوێندکارێکی ژنی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ لە ئامادەیی کوردستانی کچان، لە گەڕەکی سەرکارێزی شاری سلێمانی لە قاتی سێی خوێندنگاکەیەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن.

 

مانگی ئازار

شەوی ١/٢ی ئازار لە گوندی لەکانی قەزای ئاکرێ، پیاوێک هاوژینەکەی لە ماڵی باوکی ژنەکەدا دەکوژێت، قایمقامی قەزای ئاکرێ ڕایگەیاند، پیاوەکە ناوی چ. م. ر، هاوژینەکەی خۆی کوشتووە، لەو کاتەشدا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکرا.

 

٢ی ئازار، تەرمی ژنێکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ لە قەڵادزێ گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و پۆلیسی قەڵادزێ ئاماژەیان بەوەداوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و هۆکاری مردنەکەی ڕانەگەیەندرا. 

 

لە شەوی ٦/٧ی ئازار لە گەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی ژنێکی گەنجی ١٤ ساڵ بە گولـلە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە هەمان ڕۆژدا و لە ٧ی ئازاردا ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری سلێمانی خۆی سوتاند، لە ٨ی ئازار و ڕۆژی جیهانی ژنان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

 

١٠ی ئازار، لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە پیاوێک دەستڕێژی گولـلە دەکاتە سەر ژنەکەی و برینداری دەکات، ڕووداوەکە لەناو بازاڕی گۆران ڕوویداوە و ژنەکە بە سەختی بریندار بووە کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و دانیشتووی قەزای چوارقوڕنەیە.

 

٢٠ی مانگ، جەژنی نەورۆز، لە کامپی ئاوارەی دۆمیز لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە ئەنجامی تەقەی خۆشییە فیشەکێک بەر سەری ئایجان عەبدولڕەحمانی ١٥ ساڵ، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی کامپەکە دەکەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت، لە کۆتایدا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

٢٢ی ئازار، ئاشنا ڕەئوفی ٢٤ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، بە سوتاوی لەگەڵ هاوژینەکەیدا گەیەندرانە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی زۆری سوتاوی جەستەی ژنەکەوە سەرلەبەیانی ٢٧ی مانگ گیانی لەدەستدا، بە وتەی لایەنی پەیوەندیدار ئاشنا هەوڵی خۆسووتانی داوە و هاوسەرەکەشی نەیتوانیوە بیوەستێنێت.

 

٢٤ی ئازار لە گەڕەکێکی قەزای سۆراندا پیاوێک ژنەکەی بەر گولـلە دەدات بەو مەبەستەی بیکوژێت بەڵام هیچ کام لە گوللەکانی بەرنەکەوتووە، ژن و پیاوەکە هەردووکیان تەمەنیان ٢٧ ساڵە و خاوەن منداڵێکن، ژنەکە وتوویەتی "ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دروستبووە، ڕۆژێک پێشتر هاوژینەکەم هاتەوە بۆ ماڵەوە و دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەوە کرد و خەریک بوو بمکوژێت و زیاتر لە ١٥ گولـلەی ئاڕاستەی خۆم و منداڵەکەم کردووە".

ئێوارەی ٢٧ی ئازار لە گوندی چەوری سەر بە ناحیەی نەوجولی قەزای کفری برایەک بە گولـلە خوشکێکی خۆی خۆی دەکوژێت، بەناوی هـ. م. ک تەمەنی ٢٥ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، لە دوای کوشتنیشی تاوانبارەکە هەڵهاتووە".

 

شەوی ٢٦/٢٧ی ئەم مانگ لە شاری کەرکوک پیاوێک هاوژینەکەی بە ناوی ئاڵا عەبدول جەمال لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٣ و بە ڕەگەز تورکمان دەسوتێنێت پاشان هەڵدێت، ئاڵا لە ٪٩٥ جەستەی سوتاوە، بە وتەی ئاڵا هاوژینەکەی بە ناوی ف. ئ. س سوتاندویەتی و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.

 

٢٩ی ئازار، لەناو بینای وەزارەتی کارەبا لە شاری هەولێر، پیاوێکی فەرمانبەری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، لەناو بینای وەزارەتەکە تەقە لە ژنێکی ئەندازیار بە ناوی شادی عەبدوڵا، کە فەرمانبەری هەمان وەزارەت بووە، دەکات و لەپاش چەند سەعاتێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر ژنەکە گیانی لەدەستدا، هۆکارەکەشی ڕازی نەبوونی ئەو ژنە بووە بە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوەکەدا

 

مانگی نیسان

٨ی نیسان، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان ژنێک بەناوی لەیلا فازڵ، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨ و خێزاندار و دانیشتووی شارۆچکەی کفری، خۆی سوتاند و بەهۆی زۆری سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

١٣ی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنێکی گەنج بە ناوی ئ.ا لەدایکبووی ٢٠٠٥، دانیشتووی شارەدێی حاجیاوای سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە چەکی کڵاشینکۆف هەوڵی خۆکوشتنی داوە، گەیەندراوتە نەخۆشخانەی گشتی حاجیاوا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی کراوە.

 

١٣ی نیسان، لە گەڕەکی نەورۆزی شارۆچکەی ڕانیە، ژنێکی خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی س. خ. ر خۆی خنکاند و تەرمەکەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە.

 

١٥ی نیسان، باوکێک کچەکەی کە ٢٣ ساڵ بووە و دایکی کچێکی شەش مانگە، دەباتە سەر چەمی کانی لەلە، لە نزیک زێی بچوک، لەوێ کچەکەی دەخکێنێت و لاشەکەی لاشەکەی فڕێدەداتە چەمەکەوە، بەپێی وتەی پۆلیسی تەقتەق، ئەو ژنە لەگەڵ هاوژینەکەیدا کێشەی هەبووە، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی باوکی بەڵام باوکی کوشتوویەتی.

 

١٦ی نیسان، له ‌گه‌ڕه‌كی باداوای شاری هەولێر، سێ كەس كە برا بوون، بە چەكەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێی خەزوری کەسێکیان و دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵەكە كردوە، لە ئەنجامدا هاوسەری پێشووی یەکێک لە براکان کە تەمەنی ٢٢ ساڵ و خاوەنی ٣ منداڵ بووە، کوژرا.

 

١٨/١٩ی مانگی نیسان و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەندین ڕووداوی کوشتنی ژنان ڕوویانداوە:

کەلار

لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شارۆچکەی کەلار، ژنێک بەناوی م. ف. ح. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بە خۆکوشتنەکەی داوە کە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاندووە، بە وتەی کەسوکارەکەی بە هۆی کێشەی خێزانیەوە بووە.

 

سلێمانی

لە گوندی ژاڵەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژنێکی گەنج بە ناوی کیژان و تەمەن ١٩ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاند کە هەشت مانگ بوو هاوسەرگیری کردبوو، بە وتەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی خێزانی ژنەکە سکاڵایان لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، تا ئێستاش دەستگیر نەکراوە.

 

کەرکوک

لە گوندی قولی بەگی سەر بە شارەدێی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکوک، ژنێک بە ناوی فێنک تاهیر تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ بووە بە دوو گولە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە، بە وتەی خێزانەکەی ماوەیەکی زۆرە توشی شێرپەنجە بووە و بە هەموو لەشیدا بڵاوبووەتەوە، فێنک لەدواین پۆستی لە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی خۆی لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە ٤ی شوبات نوسیویەتی "منێک کە لە ژانەوە هاتووم، تاوەکو بژیم، دەمویست هەموو جەنگەکان هی من بووان"

 

هەولێر

گەڕەکى گڕەسور لە نزیک بنەسڵاوە لە شاری هەولێر، دوو پیاو بە چەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک ژنێک و دایکی لە ماڵەکەدان و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات، یەکێک لە ژنەکان، هاوژینی برای ئەو پیاوەیە کە هێرشەکەی کردووە و ماوەیەکە مردووە، براکەشی هەڕەشە لە ژنەکە دەکات کە پارە و خانووەکانی بکات بە ناوەوە.

 

٢٤ی نیسان، لە شارۆچکەی شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، لەسەر کێشەی زەوی و زار لە نێوان جوتیار و خاوەن موڵکێکدا، شەڕە تەقە دروستدەبێت و ژنێک دەکوژرێت کە تەمەنی ٣٠ ساڵە و دایکی سێ منداڵە و بە سەردان چووەتەوە ماڵی باوکی، لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەدا کوژرا. 

 

مانگی ئایار

١ی ئایار، لەگەڕەکی چوارچرا لە شاری سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بە ناوی هـ . ف لە نهۆمی پێنجەمی بینایەکی تەواونەکراوی ناو گەڕەکەکەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە. 

 

٥ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ بۆ ١٧ ساڵ لە پردی وڵووبەی شاری سلێمانی کە یەکێکە لە پردەکانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کەوتە خوارەوە، دواتر ئۆتۆمبێلێک لێی دەدات و گیانی لەدەست داوە، ژنە گەنجەکە ناوی م. ا. م. لەدایکبووی ٢٠٠١ و خوێندکارە، دانیشتووی گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانییە، بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پۆلیس کردوویەتی دەرکەوتووە، ژنە گەنجەکە بە مەبەستی چوونی بۆ خولێک لەگەڵ براکەیدا لە ماڵ چووەتە دەرەوە.

 

٦ی ئایار، لە گەڕەکی تعسین لە شاری کەرکوک، پیاوێک هەوڵی کوشتنی ژنەکەی دەدات و تەقەی لێدەکات و بە سێ فیشەک بریندار دەبێت، پیاوەکە ناوی فیراس دەحام'ە و بە ڕەگەز عەرەبە، پیشەی پزیشکە و لە نەخۆشخانەی مەدینەی توب لە شاری بەغدا کاردەکات، ژنەکەش ناوی ڕەغداو حسێنە و بەڕەگەز  عەرەبە، پزیشکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری کەرکوک.


١٧ی ئایار، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، پیاوێک بە ناوی عەدنان خالید، تەقە لە هاوژینەکەی بە ناوی سنور دەکات و سێ فیشەکی پێوە دەنێت، دواتر خۆشی دەکوژێت.

 

١٩ی ئایار، تەرمی دوو خوشک دۆزراوەتەوە کە بە گولـلە لەلایەن کەسی نەناسراوەوە کوژراون، دوو خوشکەکە تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ ساڵدایە، بە ناوەکانی علا عەتیە ئەحمەد ساڵح تەمەن ٣٠ ساڵ و ڕەغدە عەتیە ئەحمەد ساڵح ٣٢ ساڵە. 

 

٢٤ی ئایار، تەرمی ژنێکی لە شارۆچکەی بەردەڕەش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی دهۆک دۆزراوەتەوە، کە شوێنەواری چەند گولەییەک بە جەستەیەوە هەبووە، ژنەکە تەمەنی لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٥ ساڵدابوو.

 

٣٠ی ئایار، لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە جەستەی شوێنی چەند گولەی پێوە دیاربووە، لە دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، گەیەنراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی تا لێکۆڵینەوەی لە ناسنامەکەی بکرێت کە پێدەچوو خەڵکی باشوری کوردستان نەبێت و تەمەنی لە نێوان ٣٥-٤٠ ساڵدا بووە.

 

مانگی حوزەیران

١ی حوزەیران، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، دوو ژن بریندار بوون، کە یەکێکیان تەمەنی ٣٦ ساڵ و ئەوی دیکەیان تەمەنی ٣٧ ساڵە، بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.

٢ی حوزەیران، ژنێکی گەنج بەناوی شیراز ئیبراهیمی تەمەن ١٩ ساڵ دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری لە گەرمیان دوای ئەوەی بە سوتێنراوی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

٤ی حوزەیران، فه‌خریه‌ ده‌خیل ڕه‌شۆ، تەمەن ١٧ ساڵ خوێندکاری پۆلی ٧ی بنەڕەتی، کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگالەوە ئاوارەی دهۆک بووە و لە کامپی خانکێ دەژیا، بە حەبل خۆی خنکاندووەو کۆتایی بە ژیانی هات.

 

٣ی مانگ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەریای تەمەن ٣٠ ساڵ کە دایکی پێنج منداڵە، گەیەندرایە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو کە ٪٥٥ی سوتابوو، بە هۆی زۆری سوتاوییەکەیەوە لە ٧ی مانگ گیانی لەدەستدا.

 

٧ی حوزەیران، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، پیاوێک هاوژینەکەی دەکوژێت، لە کاتێکدا ئەو دوو هاوژینە لە یەکتر جیابوونەتەوە، بەڵام لەیەک ماڵدا ژیاون و پیاوەکە، ژنەکەی کوشتووە،  دوای سێ کاتژمێر تاوانبارەکە دەستگیرکراوە کە ناوی "م. ک. ا" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨.

 

١١ی حوزەیران، تەرمی ژنێک لە گوندی عەزیز ئاوای شاری سلێمانی دۆزرایەوە کەبە فیشەک کوژراوە و دواتر سوتێنراوە، ژنە کوژراوەکە ٣١ ساڵە و ناوی "بژوێن عوسمان"ە، چالاکوان و ژینگەپارێز بووە.

 

١١ی حوزەیران، سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکیی لە کرێکارانی بیانیی ڕایگەیاند ژنێکی ٣٥ ساڵ بە ناوی ڕاداما و بە ڕەگەز نیپاڵی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

١٥ی حوزەیران، ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە ناوی ئاهو فەتاح، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەهۆی سووتانەوە گیانی لە دەستدا کە کاری نانەوایی بۆ ماڵان دەکات و بەپێی وتەی کەسوکارەکەی لە کاتی کاردا غاز پێیدا تەقیوە.

 

١٧ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵان بە ناوی هێلین ئەحمەد بە هۆی خواردنی حەپی قەڵەوی لە شاری هەولێر گیانی لەدەستدا، خێزانی هێلێین ڕایانگەیاندووە کە کچەکەیان بەهۆی خواردنی ٣٠ دەنک حەپ لە کۆی ٦٠ دەنک تەندروستی تێکچووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر.

 

١٨ی حوزەیران، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا لە شارەدێی تەقتەقی سەر بە شارۆچكەی كۆیە، ژنێکی گەنج بە ناوی ئەوین ئەحمەد ١٩ ساڵ، لەلایەن ئامۆزایەکییەوە دەستڕێژی گولەی کرایە سەر و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، دەوترێت ئامۆزاکەی هێلین داوای هاوسەرگیری لێکردووە و هێلین پێی ڕازی نەبووە.

 

٢٢ی حوزەیران، تەرمی ژنێکی ٢١ ساڵ بە ناوی ش.ع. دانیشتووی گەڕەکی قەرەهەنجیر لە شارەدێی شۆڕش براوەتە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو و شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە بووە.

 

مانگی تەمووز

٣ی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، ژنێک بەناوی ش. ئـ . ع. لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ و ژنی ماڵەوە، لە گەڕەکی کارەبای شارۆچکەی قەڵادزێ بە سووتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، بە وتەی ژنەکە لە کاری ئامادەکاری بۆ برژاندی گۆشت، پاش ئەوەی خەڵوزی کردووەتە ناو مقەڵیەکە و نەوتی پێداکردووە، دەستبەجێ ئاگرەکە کڵپەی کردووە و بەخۆیدا پرژاوە، بەو هۆیەشەوە هەردوو دەست و قاچی سوتاون.

 

٥ی تەمووز، کچێکی تەمەن ٢١ساڵ بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە لە دهۆک خۆی کوشت، دوای ناشتنی تەرمەکەی دایکی ئەو کچە رۆشتبووە گۆڕستان و ماوەی ١٠ کاتژمێر دیار نەمابوو، دواتر بە یارمەتیی پۆلیس لە رۆژئاوای دهۆک دۆزرایەوە.

 

١٠ی تەمووز، تەرمی ژنێک لە نزیک تونێلی میراوە دۆزرایەوە کە لە سنوری بنکەی پۆلیسی باسرمەیە، هەرچەندە لێکۆڵینەوە لە تەرمەکە کرابوو بەڵام زانیاری لەلایەن پۆلیسەوە ڕانەگەیەنرا. 

 

١٢ی تەمووز، باوکێک بە فیشەک کچەکەی خۆی بە ناوی "ا.ر.ح" کوشتووە، وتەبێژی بەڕێوەبەرابەتی پۆلیسی هەولێر بە نوژنهای ڕاگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان لە سەرەتادان و پێشبینی دەکرێت بەچەکی جۆری دەمانچە کوژرابێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە"، دوای ڕووداوەکەی باوکی کچەکە هەڵهاتووە.

 

١٧ی تەمموز، ژنێک بە ناوی گ.ع. تەمەن ٤٣ ساڵ بەهۆی سوتانی بەشێکی جەستەیی گیانی لەدەستدا، نازانرێت کە سوتانی ژنەکە یاخود خۆسوتاندنی، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ وتی "دوای هێنانی تەرمی ژنەکە بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو، تەرمە ڕەوانی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە سوتانی ژنەکە یان خۆسوتاندنی".

 

٢٣ی تەمموز، مەنیجە ئەحمەدی تەمەن ٥٧ ساڵ، تاقانەیەکی ئەنفال، خەڵکی گوندی چەمسورخاوی سنوری شارەدێی قادرکەرەم بووە، دوای ئەوەی گەڕەکەکەیان ١٥ ڕۆژ بێ ئاوی دەبینێت، بەرەبەیانییەک لەکاتی هاتنەوەی ئاو و هەوڵدان بۆ ئیشپێکردنی ماتۆڕی ئاوەکەیان، کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەست دەدات.

 

٢٧ی تەمووز، ژنێک بە ناوی سروە ساڵح محەمەد تەمەن ٣١ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی ئاوارەکان لە شارۆچکەی کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە سوتاوی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، دوای چارەسەری سەرەتایی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا.

ژنەکە تەمەنی ٣١ ساڵە و دایکی سێ منداڵە، ٦٠٪ی جەستەی سووتاوە، سنگ و دەست و قاچی، بە پێی لێدوانی خۆیشی سووتانەکەی بە هۆی تەقینەوەی تەباخی ماڵەوە بووە.

 

٢٦ی تەمموز ژنێکی تەمەن ١٨ساڵ بە ناوی "نەدا شەعبان"، لە قەزای زاخۆ بەهۆی هەوڵی خۆکوشتنییەوە لە ٢ی تەمموزدا و برینە سەختەکەیەوە لە نەخۆشخانە لە ٢٦ی تەمموز گیانی لەدەستدا. 

 

 

لە هەمان ڕۆژدا ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ کە دانیشتوو گەڕەكی گۆڕقەرەجی شارەدێی تەقتەقە، بە ناوی ی. ع.، تەرمەکەی گەیەیەنراوەتە پزیشکی دادوەری کۆیە، پزیشکی دادوەری کۆیە ڕایگەیاند "ژنەکە خۆی خنکاندووە و کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە".

 

مانگی ئاب

٩ی ئاب، تەرمی ژنێکی ٢٠ ساڵ لە سنوری شارۆچکەی ئاکرێ دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولە بە جەستەیەوە دیاربووە، دواتر دەرکەوتووە، لەلایەن باوکییەوە کوژراوە و دواتر لە سنوری دەرەوەی ئاکرێ فڕێدراوە. ژنە کوژراوەکە دەستگیراندار بووە و ماوەیەک بووە کێشەیان هەبووە.

 

٦ی ئاب، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی میدیا فەیزوڵا، پاڵەوانی لەشجوانی و محه‌مه‌د شه‌مسه‌دینی پاڵه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی، لە گەڕەکی فەیلەقی شاری کەرکوک، بەهۆیەوە، میدیا کوژرا و منداڵەکەشیان بریندار بوو، میدیا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٩یە و لە یاریی هێزی لەشی ژنان خاوەنی حەوت مەدالیایە لە پاڵەوانێتییە ئاسیاوییەکاندا و لە ئاستی عێراق و کوردستانیش هەشت مەدالیای بردووەتەوە، دواتر دەرکەوت تاوانبارەکە خزمی کوژراوەکەیە.

 

٢١ی ئاب، لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر ژنێکی گەنج بە ناوی ئەسما لەلایەن براکەیەوە بە ناوی ر. ا.ف. تەمەن ٢٧ ساڵ کوژرا. 

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠/٢١ی ئاب کاتژمێر ٣:٠٠، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی نیان الـلەکرم محەمەد خان کە دایکی منداڵێک بووە، لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، ڕووداوی خۆکوشتنەکە لە گەڕەکی شارەوانی شاری هەڵەبجە بووە.

 

٢٥ی ئاب، خوشکێک بە ناوی جەمیلە خالیدی ٤٥ ساڵ و براکەی لە ناحیەی باتیفا لە ڕۆژهەڵاتی زاخۆ ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان لەسەر وەرگرتنی موچەی خانەنشینی باوکیان کە کۆچی دواییکردووە، دواتر ژنەکە بە چوار فیشەک بۆ سەر سنگی لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت.

 

مانگی ئەیلول

٣ی ئەیلول، کاتژمێر ١٢:٠٥ خولەک، تەرمێکی ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی خ. ح. م خەڵکی گوندی مەسۆی سەرچەمە و دانیشتووی ناحیەی شۆڕش گەیەندرایەوە نەخۆشخانە، ژنەکە دووگیان بووە و بە وتەی کەسوکارەکەشی بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستداوە.

 

٦ی ئەیلول، لە گەڕەکی حەی موەزەفینی قەزای کەلارەوە تەرمی ژنێک بەناوی ب. ا. م. لەدایکبووی ١٩٨٦ و بەڕەگەز عەرەب، بە خنکێنراوی گەیەدرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی خنکان بەپەت گیانی لەدەستدابوو، هاوژینی ژنەکە بە تۆمەتی خنکاندن بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٦ بەندکرا.

 

٧ی ئەیلول، کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو لەنێو هۆتێل "ئەربیل گراند" لە شەقامی ٦٠ مەتری شاری هەولێر، ژنێک بەناوی "لەیلان ئازاد محەمەد" لەلایەن هاوسەرەکەی بەناوی ک. م. ح. بە گوللـە کوژراوە لە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی"، پۆلیسی فریاکەوتن توانیان تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر بکەن.

 

١١ی ئەیلول، ژنێکی گەنجی بە ناوی م. ک. ک.، ١٨ ساڵ، لە ژووری خۆی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیاندا لە گەڕەکی بەختیاری لە سۆران خۆی خنکاند.

 

مانگی تشرینی یەکەم

١٤ی تشرینی یەکەم، لە شاری ڕانیە ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی "دنیا ئەحمەد" کە ماوەی سێ ساڵە هاوسەرگیری کردووە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

١٧ی تشرینی یەکەم، لە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو خوشک بە ناوی "بەسۆز و ئانیاز" ئەرشەدەوە لە گۆمێکی ئاودا خنکان، بەپێی زانیارییەکان ، "گۆمێکی ئاو لە پشت ماڵی ئەو دوو خوشکەوە بووە، دوای ئەوەی دەچنە لای گۆمەکە هەردووکیان دەکەونە نێو ئاوەکە و دەخنکێن.''

 

١٨ی تشرینی یەکەم، لەرێگەی ھیزۆپ بۆ حاجیاوا - چوارقورنە، "بێگەرد خالید" مامۆستا لە بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی راپەڕین بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ھەر لە روداوەکەشدا ھاوسەر و منداڵەکەی برینداربوون.

 

مانگی تشرینی دووەم

١١ی تشرینی دووەم لە شاری ھەولێر، ژنێکی دووگیان کوژرا و دوای ئەوەی بە مەبەستی توێکاری تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی ھەولێر کرا، دواتر بەخاک سپێردرا.، ژنەکە دووگیان بووە و خاوەنی چوار منداڵە، تەمەنیشی ٢٥ ساڵە، دوای ڕووداوەکە هاوژینەکەی دەستگیرکراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو ڕووداوە نەدراوە.

 

١٢ی تشرینی دووەم، ژنێک بە ناوی "هێلین عەباس عەبدوڵا"ی ٢٠ ساڵ، بەهۆی دەستکاری دەمانچە لەلایەن برای هاوژینەکەیەوە بە ناوی "ن.ر.ع" کە تەمەنی ١٣ ساڵە، فیشەکێک لە دەستی دەردەچێت و بەر سەری هێلین دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات، لە پاشان کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.

 

١٧ی تشرینی دووەم، خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی کۆماری شاری سلێمانی لە نهۆمی بینای بەشە ناوخۆییەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، خوێدکارەکە ناوی "د. ف. ح" و تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی خانەقینە. 

 

١٩ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک تەرمی دوو هاوژینیان دۆزیوەتەوە بە ناوەکانی "ع. ف." و "ن. ب."، لەلایەن چەند دزێکەوە کە چوونەتە ماڵەکەیان کوژراون، ژنه‌كه‌ پیشه‌ی مامۆستا بووه‌ و له ‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و پیاوەکەش کورد بووه‌ و له‌ شاره‌وانی كه‌ركوك فه‌رمانبه‌ر بووە.

 

٢٨ی تشرینی دووەم، لە گەڕەگی کاریزانی شاری هەولێر، پیاوێک بە ناوی ھ.ع.ق تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە و بریندار بووە، لە بەدواداچوونی هێزەکانی پۆلیس لە ماڵی تۆمەتبارەکە چەکی کلاشینکۆف و دەمانچە و چەقۆیان دۆزیوەتەوە.

 

مانگی کانوونی یەکەم

٦ی کانوونی یەکەم، لە گوندی "لاجان"ی سەر بە ناحیەی شەمامک لە سنووری بنکەی پۆلیسی "تووڕەق" تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە، دواتر هێزەکانیان چوونە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون بە ناوەکانی (ع. ف. ش) تەمەن ٢٤ ساڵ لەگەڵ ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی (ح. ق. ا).

 

١٣ی کانوونی یەکەم تەرمی ژنێك لە نزیك گۆڕستانی نوێی بەكرەجۆ لە سلێمانی دۆزرایەوە کە ئاسەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە، لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی سلێمانی تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی كراوە.

 

١٨ی کانوونی یەکەم، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "هاوژین محەمەد" لە ناحیەی دیانای قەزای سۆران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و تا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی ڕوون نەکراوەتەوە.

 

ت.پ