منداڵێک ببێتە بەرهەمی جیابوونەوەی دایک و باوک، پەروەردەی چی بەسەردێت؟

جیابوونەوەی هاوسەرەکان، زۆرینەی کات تێکچوونی پەروەردەی منداڵی بەدوادا دێت، دواجار ئەو منداڵە کەم و کورتی یەکجار زۆر لە ناخیدا بەدی دەکرێت هەروەها هەست بە شکاندنەوەی بەردەوام دەکات تا لە دواڕۆژدا کەسێکی لێبەرهەم دێت، توانای باوەڕ بەخۆبوونی کەم دەبێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- تا دێت پەیوەندییە خێزانییەکان بەرەوە ئاستێکی خراپ دەچن، هەندێک لە ژنەکان خۆیان دەکەنە قوربانی و قبوڵی قورسی ژیان دەکەن لە پێناو منداڵەکانیان، کاتێک کێشەکان دەگەنە ئەو کاتەی هیچ ڕێگایەک نامێنێ بۆ چارەسەر، خێزانە پڕ کێشەکە بە جیابوونەوەی هاوسەرەکان و تێکچوونی پەروەردەی منداڵ کۆتایی دێت.

لە نێوان جیهانی پڕ کێشەی خێزانەکان ئەوەی ماف خوراوبێت لەلایەن دایک و باوکەوە، "منداڵە"، منداڵ ئەو بونەوەرەیە بۆ هەبوونی ژیانێکی ئاسودە و پەروەردەیەکی تەندروست پێویستی بە خێزانێکی یەکگرتوو بەختەوەرە، بۆ منداڵ باشە کە سود لە پەروەردەی تەنها یەکێک لە خێزانەکە وەربگرێت بە مەرجێک تەندروست بێت، نەک پەروەردەی خێزانێکی پڕ لە کێشە.

پارێزەر سۆزان حسێن لەسەر ڕەوشی ئێستای خێزانەکان بە ژنهای ڕاگەیاند :خێزانی کورد ڕووبەڕووی کارەسات دەبێتەوە.

 

"منداڵ لە جیابوونەوەی نێوان ژن و پیاو سەری لێدەشێوێت"

سۆزان حسێن ئاماژە بەوە دەدات، خێزانەکان لە ئێستادا زۆرینەیان بە جیابوونەوە کۆتایی بە ژیانی هاوسەرێتیان دەهێنن جا سەرەتای هاوسەرگیریان بێت یاخود خاوەنی منداڵ بن، بەڵام ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە زیاتر سڵ دەکەنەوە لە پڕۆسەی جیابوونەوە.

بە پێی ئەزموونی کارکردنی، سۆزانی پارێزەر پێی باشە منداڵ لەلایەن یەکێک لە خێزانەکانەوە پەروەردە بکرێت باشترە وەک لەوەی لەناو خێزانێکی پڕ کێشە و دەمەقاڵی گەورە ببێت، بە پێی یاساش منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵی و بە بێ بوونی هیچ مەرجێک دەدرێتە دایک و بژێوی ژیانی ئەرکی باوکیەتی.

لە حاڵەتێکدا پیاو بیەوێت منداڵ نەداتە دەست ژنەکەی دەبێت بیسەلمێنێ بۆ دادوەر و دادگا کە ژنەکەی لە ڕووی پەروەردەییەوە ناتوانێت منداڵەکەی جوان پەروەردە بکات، هەروەها بۆ سەلماندنی ئەمە دەبێت پیاوەکە شاهیدی هەبێت پاشان  دادوەر بڕیاری پێدانی منداڵ دەدات بە پیاو، خۆ ئەگەر ژن و پیاوێک لە نێوان خۆیان ڕێکەوتن بکەن ئەوە باشترە.

 

"ژن ٩ مانگ منداڵ بە سک هەڵدەگرێت، کە دێتە سەر جیابوونەوە پێی دەڵێن منداڵی تۆ نییە"

بە جیابوونەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر ژن و پیاوەکە، دەبێت بیر لەوە بکەنەوە دوای جیابوونەوە لە هەموو لایەنێکی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەندروستی چی بەسەر منداڵەکانیان دێت.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەکرد کۆمەڵگای کوردی زیاتر بە شێوەی یاسایی کار ناکەن بە ڵکو بە عەشایەری بڕیار دەدەن و ڕێگری لە دایکەکە دەکەن منداڵ پەروەردە بکات، وتیشی " زۆرکات کە منداڵ دەدرێتەوە بە دایک لەلایەن باوکیەوە هەڕەشەی لێدەکرێت بەوەی ئەگەر توشی هەر ڕووداوێک بێت یەخەی ئەو دەگرن"، ئەوەشی خستەڕوو ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا تا ئێستا خاوەن بڕیار نییە و لەلایەن پیاوەوە بڕوا پێنەکراوە.

هەر بۆیە لە دادگاکاندا بە پێی یاسا و بە بێ لایەنگری هیچ کامێک لە لایەنەکان، دادوەر لە بەرژەوەندی منداڵ بڕیاردەدات کە بیداتە دەست کام لە لایەنەکان.

 

"خێزانی کوردی بەرەو هەرەس دەڕوات"

زۆرینەی ئەوانەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە مێشکیاندایە، وا بیر دەکەنەوە تەنها پێکەوەنانی ماڵێکە، یاخود هاوسەرگیری خۆدەرخستنە، وا دەزانن هاوسەرگیری تەنها بریتییە لە جوانی بەڵام کە دەچنە ناو ڕاستی ژیانەوە شتەکان بەوجۆرە نین و بگرە نازانن پەروەردەیەکی تەندروست بدەنە منداڵەکانیان.

زۆر کەس دەڵێن کرانەوەی خێرای کۆمەڵگای کورد بە ڕووی جیهانی دەرەوە وای لە خێزانەکان کردووە بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو پارێزەرە پێی باشە کرانەوە هەبێت تا دواجار ئاگاداری ڕووداوەکانی چواردەوری خۆمان بین بەڵام ئاگاداریش بین نەبینە بەشێک لەوانەی بێئاگایانە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن.

سۆزان حسێن بە پێویستی دەزانێت خێزانەکان زیاتر هۆشیار بن لەسەر پرسی جیابوونەوە و هەڵوەشاندندەوەی خێزان و دەڵێت "با بیر لەوە نەکەینەوە جیابوونەوە یەکسەر چارەسەری کێشەیە بەلکو دەکرێت ڕێگایەکی دیکە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"، هەروەها داوا لە کوڕ و کچە گەنجەکان دەکات پەلە نەکەن لە بڕیاردانی هاوسەرگیری چونکە هاوسەرگیری بریتییە لە متمانە، خۆشەویستی، گونجان.

لە کۆتاییدا داوا لە خێزانەکان دەکات گرنگی تەواو بە پەروەردەی منداڵەکانیان بدەن و بە وتەی شیرین لە کارە نەرێنییەکان دورییانخەنەوە و ڕێنمایی کار و ڕەفتاری باشیان بکەن.

"جیابوونەوەی خێزان گەورەترین کێشەی دەروونی بۆ منداڵ دروست دەکات"

کوردە ئەحمەد وەک توێژەری کۆمەڵایەتی، پێیوایە یەکەم بناغە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ خێزانە، خێزانەکان دەبێت ببنە پێشەنگ بۆ بەرهەمهێنانی تاکێکی بەتوانا و پەروەردەکردنی منداڵ بە تەندروستترین شێوە، جیابوونەوەی خێزان منداڵ توشی گرفتی دەروونی دەکات هەندێک کات کار دەکاتە سەر قسە نەکردن و زمان نەگرتنی یاخود گۆشەگیر دەبێت و هەست بە تاوان دەکات کە نەیتوانییوە دایک و باوکی پێکەوە کۆبکاتەوە.

باسی لەوە کرد منداڵ لەو حاڵەتەدا سەری لێدەشێوێت کام لایەن هەڵبژێرێت، کار لە ژیانی داهاتووی دەکات بەوەی هەمیشە ترسی هەیە سەرکەوتوو نەبێت لە ژیانی داهاتوویدا و نەتوانێ خێزان پێک بهێنێت چونکە نازانێ خێزانێکی تەندروست چۆنە و چۆن بتوانێ کێشەکانی چارەسەر بکات.

 

"دامەزراوە پەروەردەییەکان تەواوکەری کاری خێزانی ئەنجام دەدەن"

ئەو منداڵانەی بەرهەمی جیابووەوەی خێزانەکانیانن دواجار لەناو دامەزراوە پەروەردەیەکانیشدا کەم و کورتیان دەبێت چونکە بناغەیەکی پەروەردەیی باشیان نەبووە، یاخود زۆرکات دایک و باوکەکان دەیانەوێت لە هزری منداڵەکەیاندا دایک بوون و باوک بوون بسڕنەوە کە ئەمە ئەستەمە بکرێت چونکە ئەو منداڵە ناتوانێت لایەنێک هەڵبژێرێت، بەمەش فشار دەخرێتە سەر منداڵەکە و کەسێکی کامڵی لێدەرناچێت.

کوردە پێی باشە پێش ئەوەی منداڵ بکەوێتە بابەتەکەوە، خێزانەکە کە دەزانن ناگونجێن جیابوونەوە هەڵبژێرن باشترە، ئاماژەی بەوەشدا زۆرینەی خێزانەکان لەسەر کێشەی زۆر سادە جیابوونەوە هەڵدەبژێرن کە دەتوانن زۆر بە ئاسانی چارەسەری بکەن.

 لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو خێزانێک کە پڕە لە کێشە باشترە جیابوونەوە هەڵبژێرن بەڵام بە مەرجێک هیچ کام لەلایەنەکان هەوڵی سڕینەوەی لایەنەکەی دیکە نەدا لە هزری منداڵەکەیدا، هەروەها پێی باشە منداڵەکان لەو حاڵەتەدا بدرێنە دەستی دایک چونکە دایک زۆرینەی بۆشاییەکانی منداڵ پڕدەکاتەوە.

 

"حکومەت پێویستە زیاتر گرنگی بەو منداڵانە بدات کە بەرهەمی جیابووەوەی خێزانێکن"

کوردە ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، منداڵ لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی پێویستی بە دایک و باوکە وەک لە توێژینەوەکاندا سەلمێنراوە لە ٧٠٪ی کەسایەتی منداڵ لە خێزانەوە دروست دەبێت.

لە ڕێگەی پەروەردەی تایبەتەوە بێت، کردنەوەی سیمینار یاخود دابینکردنی توێژەری کۆمەڵایەتی تایبەت بۆیان پێویستە حکومەت هاوکاری ئەو منداڵانە بکات.

چونکە مافیان خوراوە و پێوستە مافەکانی بۆ بگەڕێتەوە یان لەلایەنێکی دیکەوە کەموکورتییەکانی بۆ پڕ بکرێتەوە، هەروەها کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و هێندە بە چاوی کەم سەیری ئەومنداڵانە نەکرێرت و بە کەسانێکی ڕووخاو بەناویان نەکەن.