کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە، لەنێوان ڕێکخراو و خەڵک و دیندا

کاردانەوەکان بۆ کەمپەینی " ناوی من ناوی دایکمە" بەردەوامە، بەشێک لە هاوڵاتیان بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە و بەپێچەوانەی ئاینی دەزانن، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووش پێیوایە ئامانجەکە بۆ هاوڵاتیان ڕووننەکراوەتەوە، کراوەتە خزمەتی بەرژەوەندی تاک و وەرگرتنی پڵپشتی دارایی.

کاردانەوەکان بۆ کەمپەینی " ناوی من ناوی دایکمە" بەردەوامە، بەشێک لە هاوڵاتیان بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە و بەپێچەوانەی ئاینی دەزانن، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووش پێیوایە ئامانجەکە بۆ هاوڵاتیان ڕووننەکراوەتەوە، کراوەتە خزمەتی بەرژەوەندی تاک و وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" لە ٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ڕێکخراوەکانی "خەڵك بۆ گەشەپێدان، ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، یەکێتی ژنان، هاریکاری یاسایی ژنان" بە بەشداری چەند کەسایەتی و پەرلەمانتار ڕاگەیەندرا.

 

ئەم کەمپەینە کاردەکات بۆ بە یاسایی کردنی پێدانی ڕەچەڵەکی ناو و ئاین لە دایکەوە بۆ منداڵەکانی، واتە دایک هاوشێوەی باوک بتوانێت ناوی خۆی بداتە منداڵەکەی، هەروەها هەر منداڵێک کە لە دایک دەبێت دینی دایکی هەڵبگرێت.

 

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش ڕێکخراوەکان پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ عێراقی ئامادە کردووە، کە بەپێی یاساکە تەنها باوک دەتوانێت ناوی خۆی بدات بە منداڵ.

 

لە ئێستادا پڕۆژە یاساکە لەلایەن ٢٧ پەرلەمانتار واژۆی لەسەر کراوە و لای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، هاوکات ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانیش لەگەڵ چەند توێژێکی جیاوازی وەک ڕێکخراوەکان، یۆنامی، هونەرمەندان، زانکۆکان و کەسایەتیی ئێزدییەکان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

 

سۆما یاسین، پارێزەر و یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینەکە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئامانجیان لەم کەمپەینە بۆ دانانی ڕێگەچارەیەکە بۆ ئەو منداڵانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسیەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرش بۆ سەر ژنانی ئێزدی لەدایک بوون، بەڵام تا ئێستا بەهۆی دیارنەبوونی باوکیانەوە هیچ ڕەگەزنامەیەکی عێراقیان نییە، هاوکات دینەکەشیان دینی ئیسلامە.

 

وەک ئەو ئەندامەی کەمپەینەکە باسی دەکات، بەپێی ئامارە نافەرییەکان تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار منداڵی بێ ناسنامە هەیە، کە زۆرینەیان لە دوای هاتنی داعشەوە دروستبوون، باوکیان مردووە یان دیار نییە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت کە دایک بتوانێت ناو و دینی خۆی بداتە منداڵەکانی.

 

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "منداڵەکان تا ئێستا بێ ناسنامەن، کاتی ئەوەیانە بکرێنە بەر خوێندن، کە ئەمە سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێکە، دەمانەوێت کار لەسەر ئەوە بکەین و هەنگاوەکانمان جێبەجێبکەین، بۆ ئەوەی لایەنی کەم ئەو منداڵانە لە خوێندن بەجێنەمێنن".

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا کاری زۆر بۆ کەمپەینەکە کراوە، پڕۆژەکە لە پەرلەمانی عێراقە، لە خولی داهاتوودا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

 

بڵاوبوونەوەی ئەم کەمپەینە، بەتایبەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین کاردانەوەی جۆربەجۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەووە، بەشێک لە هاوڵاتیان پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمپەینەکە دەربڕی، لەبەرامبەریشدا بەشێکی دیکەیان بە پرسێکی نەشیاو و نەگونجاویان بۆ کۆمەڵگا دانا، بە پێچەوانەی دینی ئیسلامی دەزانن و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە.

 

لەم بارەیەوە، بەهار عەبدولڕەحمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کە خولی پێشتر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووە و شارەزایی لە ئاینی ئیسلامدا هەیە، لەبارەی کەمپەینەکەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە خولی پێشووی پەرلەماندا لەگەڵ پەرلەمانتاراندا گفتوگۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی کۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

 

وەک ئاماژەی پێدەکات، لە ڕووی دینی ئیسلامەوە لە هیچ شوێنێکی دیندا نەهاتووە، کە ناوی منداڵ بە ناوی دایک یاخود باوەکەوە بێت، ئەو بابەتە لە دابونەریتی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە دەبێت ڕێکخراوەکان بە میکانیزمێکی گونجاو بەدوای دەرچەیەکی یاسایی و واقیعی بۆ ئەو کێشەیە لەگەڵ پسپۆڕانی ئەو بوارەدا بگەڕێن.

 

سەبارەت بەو کاردانەوانەی لەبارەی کەمپەینەوە دروستبووە، بەهار عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە دەبوو پێشتر زەمینەسازی بۆ ئەو بابەتە بکرێت، ئامانج و میکانیزمەکەی بۆ خەڵک ڕوونبکرایەتەوە، کە خزمەت بەکێ دەکات و تاچەند ئەو کێشەیەی کەمپەینەکە کێشەی کۆمەڵگایە، پێی وایە ئەگەر لەسەرەتاوە ئامانجەکە بۆ هاوڵاتیان ڕووبکرایتەوە ئەوا بەو جۆرە کاردانەوەی لێنەدەکەوتەوە.

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتوو پێیوایە، ئەو کەسانەی بوونەتە نوێنەری کەمپەینەکە زیاتر ئامانجیان وەرگرتنی فەند و بەرژەوەندی تاکە کەسی و موزایەدەی سیاسییە، تا چارەسەرکردنی کێشەکە.

 

ئەوەشدەخاتەڕوو، کە ئەو بابەتە دەبێت لە ئاستی دەوڵەتەوە بە هاوکاری ڕێکخراوەکان چارەسەربکرێت، میکانیزمێکی بۆ بدۆزرێتەوە تا کێشەکە چارەسەربکرێت نەک ئاڵۆزتر بکرێت، وتی: "دەبێت هەنگاوی واقعی و چارەسەری ڕیشەی بۆ بدۆزرێتەوە، نەک بکرێتە کێشەی موزایەدەی سیاسی و بەرژەوەندی تاکە کەسی".