ناوەندی هەواڵ
لە ناوچەیەکدا کە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و جەنگ و ململانێکان تێیدا تێکەڵ دەبن، ئازارەکانی ژنان چیتر تەنها چیرۆکی تاکەکەسی نین دەربارەی توندوتیژی و جیاکاری، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە دیمەنێکی فراوانتر کە سیاسەتە سەرکوتکەرەکان لەگەڵ کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا تێکەڵ دەبن، کاریگەرییەکانی لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژنان ڕەنگ دەداتەوە.
لە شەقامەکانی ئێران و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکانیەوە، تا ئەفغانستان کە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا گیرۆدەیە، ژنان ڕووبەڕووی چەندین شێوەی توندوتیژی و پەراوێزخستن و بێبەشبوون دەبنەوە، لە دەستگیرکردن و دەستدرێژیی سێکسی و هەڕەشەی لەسێدارەدانەوە، تا سنووردارکردنی خوێندن و کارکردن و هاتوچۆ و ئامادەبوون لە مەیدانی گشتیدا. لە کاتێکدا بازنەکانی توندکردنەوە فراوانتر دەبن، هەوڵەکانی ژنان بەردەوامن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان، بونیادنانی تۆڕەکانی هاوپشتی، پاراستنی سەربەخۆییان، داهێنانی ڕووبەری نوێ بۆ بەرخۆدان.
دەستگیرکردن و لەسێدارەدان و توندوتیژی، ڕووە جیاوازەکانی سەرکوتکردنی ژنان
هەندێک چیرۆک لە ساتەوەختێکی توندوتیژییەوە دەست پێدەکەن کە شوێنەوارەکانی ناسڕدرێنەوە، بەڵام لە سنووری ئەزموونی کەسیدا کۆتاییان نایەت، مەهناز، وتی: لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دوای سێ شەو لە شەونخونی، لەگەڵ هاوژینەکەم مەسعوود چوومە سەر شەقام، لە شەقامی واکیل ئاباد لە شاری مەشهەد، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران، لە کاتی هەڵاتنماندا، گوللـەیەک بەر قاچی مەسعوود کەوت، ئێمەیان خستە ناو ئۆتۆمبێلێکی بچووکەوە، لە کاتێکدا مەسعوود خوێنی لێ دەڕۆیشت، کارمەندەکان هەڕەشەیان لێ کردم کە ئەگەر پانتۆڵی یەکێکیان دانەکەنم، گوللـە دەنێن بە سەریدا، دوای ئەوە سێ پیاو بە نۆرە دەستدرێژیی سێکسییان کردە سەرم و بێڕێزیان پێ کردم لەبەرچاوی هاوژینەکەمدا کە نزیک بوو لە بێهۆشبوون، دوای چوار ڕۆژ، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، لە جیاتی ئەوەی بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەم بکەن، لێکۆڵەرەکە بەرپرسیارێتیی خستە ئەستۆی خۆم و وتی دەبوو ڕێگریم لە ڕوودانی ئەوە بکردایە، تاکە پرسیارم دەربارەی دۆخی مەسعوود بوو، نەمدەزانی لە ژیاندا ماوە یان نا، لە کوێیە، ئایا ڕقی لێم بووەتەوە یان نا، هێشتا نەمدەزانی ئایا جیهان بەوە دەزانێت کە بەسەرمدا هاتووە یان نا... .
چیرۆکی مەهناز ئەزموونی تاکەکەسی تێدەپەڕێنێت، تا ڕاستی توندوتیژیی بەکارهێنراو دژی ژنان لە ئێران، بە شێوە جیاوازەکانی لە شەقامەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بخاتە ڕوو.
و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە، دەستگیرکردنی چالاکوانان و پارێزەران و پزیشکان بەردەوام بووە، لە نێوەندی ڕاپۆرتەکاندا دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێکیان بە بێڕێزی و هەڕەشە، بێبەشکردنی خێزانەکانیان لە زانیاری دەربارەی شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکاری دەستگیرکردنیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافیمرۆڤ، ناسنامەی زیاتر لە ٣٠٠ ژن تۆمار کراوە کە لە سەرەتای ساڵەوە دەستگیر کراون، لە کاتێکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند کە لانیکەم ٢٣ ژن لەسێدارە دراون تا ١١ی تشرینی دووەم ٢٠٢٦.
لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانەوە بۆ پێکهاتنی تۆڕەکانی هاوپشتی
توندوتیژییەکان تەنها لە خۆپیشاندانەکانی شارە گەورەکاندا قەتیس نەمان، بەڵکو درێژبوونەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە خۆپیشاندانی پەیوەست بە مافە ئابووری و ژینگەییەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، لە نێویاندا ناوچەکانی بەلوچستان، لە میانی ئەو هێرشەی کە هێزە سەربازییەکان لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی حوزەیراندا کردیانە سەر خۆپیشاندەرە بەلوچەکان، لانیکەم حەوت ژن بریندار بوون، لە کاتێکدا ژمارەیەک ژنی دیکە دەستگیر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە، ئەم ڕووداوە دووەم ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ بوو لەگەڵ ژنە خۆپیشاندەرەکانی دژی چالاکییەکانی کانزاکاری لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا.
سەرەڕای ئەم فشارانە، ژنان لە ناوچە جیاوازەکاندا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بونیادنانی تۆڕەکانی هاوپشتی و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان داواکارییەکانیان. لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦، پێنج ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشەوە، دامەزراندنی "پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ ژینا" ڕاگەیاند، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوپشتی و یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و بەستنەوەی داواکارییە ڕەگەزییەکان بە خەباتە نەتەوەییەکانەوە.

یاسادانانی ئەمنی و فراوانکردنی بازنەی کۆتوبەندەکان
لەسەر هەردوو ئاستی یاسایی و یاسادانان، پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ماددەکانی ٣٠ و ٣١ و بڕگەی زیادکراوی ماددەی ٣ی پڕۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان و حکومەت یان دامەزراوە بیانییەکان"یان پەسەند کرد، ئەمەش نیگەرانیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە سەبارەت بە لێکەوتە ئەگەرییەکانی لەسەر ئازادییە گشتییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، نیرە ئەنساری، مافناس و توێژەر پسپۆڕ لە یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و یاسای ئەورووپی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان، هۆشداری دا لە ناڕوونیی چەمکەکانی وەک "بڵاوبوونەوەی کۆمەڵایەتی"، ئەگەری بەکارهێنانیان بۆ بەتاوانبارکردنی چالاکییە زانستی و کولتووری و میدیاییەکان، و پێی وابوو کە پڕۆژەکە دەچێتە چوارچێوەی ناکۆکیی نێوان ئایین و زانستەوە، ڕەنگە دەرگا بکاتەوە لەبەردەم فراوانکردنی بازنەی کۆتوبەندەکان و سەرکوتکاری.
نا بۆ لەسێدارەدان... بەردەوامیی بەرخۆدان لە پشت شوورای زیندانەکانەوە
سەرەڕای سنووردارکردن و سزا توندەکان، زیندانەکانی ئێران بوونەتە مەیدانی بەردەوامی خۆڕاگری بۆ زۆرێک لە ژنان، ئەمەش لە ئەزموونەکانی زەینەب جەلالیاندا دەرکەوتووە کە نزیکەی دوو دەیە بەبێ مۆڵەت لە زینداندایە، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، گۆڵڕۆخ ئیرایی و شەریفە محەممەدی، لەگەڵ دەیان ژنە زیندانی تر کە سەرەڕای ئەشکەنجە و فشار بە توندی خۆیان بە هەڵوێستی مافی مرۆڤەوە گرتووە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، کەمپەینی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە لە زیندانەکانی ئێران لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە پاڵپشتیی چەندین گروپ کە لە نێویاندا "دایکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" هەن، چالاکییەکانی بەردەوامە بۆ فراوانکردنی ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ناو زیندانەکانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
لەسەر ئاستی سیاسی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران میوانداریی شەشەمین کۆنگرەی ئۆسلۆی کرد لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کە تێیدا ١٥ لایەنی حیزبی و سیاسی بەڵگەنامەی "کەمترین بنەماکانی نافی مرۆڤ بۆ قۆناغی گواستنەوە"یان واژۆ کرد، جەختیان لە هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و یەکسانی لەبەردەم یاسادا کردەوە.
فەرزانە عەزیمی، نوێنەری حیزبی چەپی ئێران، ڕوونیکردەوە، کە بەڵگەنامەکە لە سایەی قەیرانە ئابووری و سیاسییە قووڵبووەکان، گرژییە سەربازییەکان و دابەزینی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی بێکاری، قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵات دێت.
ئەم سازانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ دانانی بنەمای مافی مرۆڤ کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو بکات، بەتایبەتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨ و کەمپەینەکانی سەرکوتکردنی دواتر، دیارترین داواکارییەکانیش بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتانەی کە ڕێگە بە بەردەوامیی سەرکوتکاری دەدەن، وەک مسۆگەرییەک بۆ دووبارەنەبوونەوەی بازنەی زیندانیکردن و لەسێدارەدان و پێشێلکردنی ئازادییەکان.
فشارەکانی بژێوی و سنووردارکردنی کەشی دیجیتاڵی
ئازارەکانی ژنان لە ئێران بەهۆی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی بژێوی و دابەزینی توانای کڕین و دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانەوە قووڵتر دەبنەوە، هەروەها کۆتوبەندەکانی سەر ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان کە بارگرانیی سەر کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان زیاتر دەکەن.
ناڕەزایەتییەکان لە خۆپیشاندانە هەفتانەکانی خانەنشیناندا ڕەنگ دەدەنەوە، کە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦ەوە لە چەندین شاردا بەردەوامن، بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان و باشترکردنی دۆخی بژێوییان، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بە ڕێژەی ٤٠٪ و دابەزینی کوالێتیی ئینتەرنێت بووەتە هۆی زیادبوونی ئازارەکانی کارمەندانی بوارە دیجیتاڵییەکان.
کۆنترۆڵکردنی ئامادەبوونی کۆمەڵایەتیی ژنان
توندکردنەوە لەسەر ئامادەبوونی ژنان لە مەیدانی گشتیدا تەنها لە سەپاندنی کۆتوبەندی جلوبەرگدا قەتیس نابێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سڕینەوەی وێنەکانیان و شێواندنیان، لە تێکدانی ئەو وێنانەی لەسەر کێلی گۆڕەکان هەڵکۆڵراون تا سڕینەوەی ڕووخساریان لەسەر تابلۆ ڕیکلامییەکان.
ئەم کۆتوبەندانە لە ئەفغانستان شێوەی جیاواز وەردەگرن، لە سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا، توندکردنەوە لەسەر وێنەی ژنان گەیشتووەتە قەدەغەکردنی نیشاندانی ڕووخساریان لە چەندین شوێنی گشتیدا، لابردنی وێنەکانیان لە دوکانەکانی بەرگدروویی و ئارایشتگاکاندا، بەڵام لە ئێران، ڕێکارەکانی داخستنی دوکانە بازرگانییەکان و کافتریاکان و سەنتەرە بازرگانییەکان بە بیانووی "حیجابی خراپ" وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ژنان و سنووردارکردنی ئامادەبوونیان بەکاردەهێنرێت، وەک ئەوەی لە خوراسانی باشوور و تاران و شارەکانی دیکە ڕوویدا.
لە تاوانەکانی کوشتنی خێزانییەوە بۆ هەڕەشەی دیجیتاڵی
کردەوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران شێوەی جیاواز وەردەگرن، لە کوشتن لە ناو خێزاندا تا هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت، بە جۆرێک کە هەڕەشە لە ژیان و پارێزراوی و تایبەتمەندییان دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم ١٠٠ ژن و ٢٠ منداڵ لە نێوان سەرەتای ٢٠٢٦ و کۆتایی تشرینی دووەمدا کوژراون، لە تاوانگەلێکدا کە هاوژینەکان یان هاوبەشە سۆزدارییەکان یان ئەندامانی خێزان تێیدا تێوەگلاون، لە نێویاندا کوشتنی مریەم یار محەمەدی لە پارێزگای لوڕستان لەسەر دەستی براکەی، هەروەها هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت، بەتایبەتی لە کرماشان و لوڕستان، پەیوەست بووە بە خۆکوشتنی زیاتر لە ٢٠ ژنەوە.
لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا، کەمپەینی "تاوانەکانی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە ڕابگرن" لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا ڕاگەیاندرا، دوای تاوانگەلێک کە سەرنجێکی بەرفراوانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، دیارترینیان کوشتنی ڕۆمینا ئەشرەفی بوو.
هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاساییش شێوەیەکی دیکەی توندوتیژی و بێبەشکردنە لە مافی هەڵبژاردن و خوێندن، سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمیی نوێ بۆ ساڵی ٢٠٢٦، خەمڵاندنەکان ئاماژە بە ئەگەری تۆمارکردنی نزیکەی ٨٥ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکەن لە ماوەی نۆ مانگ و نیوی یەکەمی ساڵدا.
هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی مافی مرۆڤ نیگەرانیی لێکەوتەوە سەبارەت بە بانگەشەکردنی ئەپڵیکەیشنی "ئادەم و حەوا" بۆ هاوسەرگیریی منداڵان، دوای تۆمارکردنی لانیکەم ١٠٠ هەژمار بۆ منداڵانی کچی نێوان ١٣ و ١٧ ساڵ، لەسەر بنەمای ئەوەش، ٢٤ ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤ داوای سڕینەوەی ئەپڵیکەیشنەکەیان کرد، گووگڵیش بە لابردنی لە کۆگاکەی خۆی لە ٩ی تشرینی یەکەم وەڵامی دایەوە، لە کاتێکدا مێتا ڕیکلامە سەرپێچیکارەکانی لە ئینستاگرام و سرێدز سڕییەوە.
منداڵان و ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ و کۆتوبەندەکاندا
ئەو هێرشەی لە ٢٨ی شوباتی کرایە سەر قوتابخانەی "شەجەرە تەیبە" لە میناب، و سەر قوتابخانە و کۆمەڵگە وەرزشییەکەی تەنیشتی لە لامەرد، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتیی مەدەنی، کە لە نێویاندا منداڵ هەبوون.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتگەلێک بڵاوبوونەوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی کارتی پێناسەی هاوشێوەی کارتی سەربازی بەسەر خوێندکارانی هەندێک قوتابخانەدا، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەخێوکارانی لێکەوتەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن دەرکردنی ڕێنمایی گشتیی بۆ ئامادەکردنی ئەم کارتانە ڕەت کردەوە.
هەروەها پەیامنێری ئاژانسەکەمان باسی لە دانانی سەنگەری ئامڕازی و نمایشکردنی کەلوپەلی جەنگی لە ناو قوتابخانەکانی کرماشان کرد، هەروەها هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی کارتی پێناسە بەسەر خوێندکاراندا.
مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل مافێکی دواخراو
مافی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل هێشتا بە تەواوی کارا نەکراوە، سەرەڕای دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەم بارەیەوە، لە ماوەی ساڵانی بێبەشبوون لە ڕاهێنان و مۆڵەتی فەرمی، ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە و زیانی دارایی بوونەتەوە، بە جۆرێک ١٨ شۆفێری ژنی ماتۆڕسکیل لە ئەسفەهان لە نێوان ٢١ی ئازار و ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نەبوونی مۆڵەت سەختیی بەدەستهێنانی قەرەبووی بیمە لە کاتی ڕووداوەکاندا زیاد دەکات، ئەمەش بارگرانیی دارایی لەسەر ژنان و خێزانەکانیان قورستر دەکات.
لە شوباتی ٢٠٢٦دا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی پەسەند کرد کە پۆلیس پابەند دەکات بە ڕاهێنانی کردەیی بە ژنان، ئەنجامدانی تاقیکردنەوە پێویستەکان، پێدانی مۆڵەتی لێخوڕین پێیان، وەک هەنگاوێک بەرەو داننان بەم مافە، بەڵام جێبەجێکردنەکە هێشتا بە پەککەوتوویی ماوەتەوە.
"لە نەبوونی مندا، ئاگات لە چیرۆکەکەم بێت"
شیرین، ژنێکی کۆچبەری ئەفغانستانە، تەمەنی ٢١ ساڵە، بەهۆی هەژارییەوە نەیتوانی بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستبهێنێت، باوکی گەڕایەوە بۆ ئەفغانستان و لەوێ هاوسەرگیری کردەوە، ئەوی لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی لە ژوورێکی بچووکدا بەجێهێشت، وتی: خەونم بە دیوارێکی ساغ و ئاوێنەیەکی جوانەوە دەبینی کە لەبەردەمیدا وێنە بگرم، وەک چۆن منداڵانی کچی دیکە لە ئینستاگرام دەیکەن، بەڵام ئاوێنەکەم شکاو بوو، هیچ شتێکم نییە بەدەستی بهێنم و هیچ شتێکیشم نییە لەدەستی بدەم.
وتیشی: ڕۆژێک سەبرم نەما بۆیە چوومە سەر شەقام بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەم، بەڵام لەلایەن کارمەندانی ئەمنییەوە دەستگیر کراین، وەک چۆن سەگ دەخەنە ناو ئۆتۆمبێلەوە، ئێمەیان خستە ناو ئۆتۆمبێلێکی نیسانی شینەوە، لە ڕێگا و لە ناوەندی دەستبەسەرکردن ڕووبەڕووی لێدان و بێڕێزی بوومەوە، چەندین جار بێڕێزیم پێکرا، هەڕەشەی کوشتن و دیپۆرتکردنەوەم بۆ ئەفغانستان لێکرا، هەروەها لە یەکەم شەوی دەستگیرکردنمدا ڕووبەڕووی گێچەڵپێکردن و دەستدرێژیی جەستەیی بوومەوە.
بەردەوام بوو و وتی: لێکۆڵەرەکە ژمارە تەلەفۆنی دایکمی برد، چەندین مانگ تێپەڕی و من لە زیندانبووم، بەبێ یەکلاکردنەوەی چارەنووسم، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان، زۆر دەگریام تەنانەت ئەمڕۆ پارەی پێویستم نەبوو بۆ کڕینی شامپۆ لە فرۆشگای زیندانەکە، لە ترسی تێکچوونی قژە لوولە جوانەکەم، ئەگەر ئەم ژیانە شانۆگەری بوایە، ئەوا شانۆگەرییەک دەبوو کە هەناسەی دەبڕی... لە نەبوونی مندا، ئاگات لە چیرۆکەکەم بێت...".
ئازارەکانی کۆچبەری بەرەو ئاسۆکانی گەڕانەوە
چیرۆکی شیرین تەنها لە ئازارەکانی ژنێکی کۆچبەردا کورت نابێتەوە کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئێراندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستی هەزاران ژنێ ئەفغانستانە کە لە نێوان دوو وڵاتدا گیریان خواردووە، لە سایەی نەبوونی ئاسایش و ماف و پاراستنی کۆمەڵایەتیدا، گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ ئەفغانستان بە ناچاری بە واتای کۆتاییهاتنی ئازارەکانی ئەو ژنانە نایەت کە لە ترسی نائارامی و کۆتوبەندەکان پەنایان بۆ ئێران بردووە، چونکە ڕووبەڕووی مەترسیی گەڕانەوە دەبنەوە بۆ وڵاتێک کە تێیدا بزووتنەوەی تاڵیبان کۆتوبەندی توند دەسەپێنێت بەسەر خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٩٠ هەزار کەس لە ئێران و پاکستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی بژێویی خێزانەکانیان دابین دەکەن ٤٥٪ی خێزانە گەڕاوەکان پێکدەهێنن.
دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ئاماژەی بەوە کردووە، کە یەک لە هەر پێنج ژنێکی گەڕاوە کارامەییان نییە، لە کاتێکدا زۆرێکیان، سەرەڕای هەبوونی کارامەیی تەکنیکی و دیجیتاڵی و پیشەیی لای ٤٠٪یان، ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە دەستکەوتنی هەلی کار یان دابینکردنی دارایی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژە تایبەتەکانییان.
زیندانیکردن و قامچیلێدان و بەرتەسککردنەوەی هۆشیاری و سەربەخۆیی ژنان
وەزارەتی ناوخۆی سەر بە تاڵیبان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا بەرزبوونەوەی ژمارەی ژنانی زیندانیکراوی بە ڕێژەی ٤٣٥٪ ڕاگەیاند، بە جۆرێک گەیشتووەتە هەزار و ٨٢٥ ژن، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە پێشێلکاریی سێکسی و توندوتیژیی سیستماتیکیان لە ناو زیندانەکاندا تۆمار کردووە، کە دەستدرێژیکردنە سەر ١٥ ژن و شەش .نداڵی کچی لە ماوەی یەک ساڵدا لەخۆگرتووە.
چارەنووسی عالیە عەزیزی، سەرۆکی پێشووی زیندانی ژنان لە هەرات، هێشتا نادیارە لەو کاتەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بێسەروشوێن بووە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٦دا ٤٢٢ ژن بە ئاشکرا قامچیانلێدراوە، لە کاتێکدا لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا حاڵەتەکانی کوژرانی ١٥٩ ژن، خۆکوشتنی ٥٠ ژنی دیکە، زیندانیکردنی زیاتر لە هەزار و١١٥ ژن تۆمار کراون.
پاشەکشەی دەستکەوتەکانی مافی مرۆڤ و هەڵکشانی کۆتوبەندە یاساییەکان
ئەو دەستکەوتانەی ژنانی ئەفغانستان کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەدەست هاتبوون، لە یاسای قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تا مسۆگەرییەکانی یەکسانی لە دەستووردا، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات پاشەکشەیان کرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی کاروباری ژنان و گۆڕینی بە وەزارەتی فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە، بڕیارە سنووردارکەرەکانی مافەکانی ژنان هەڵکشان، تا گەیشتە پەسەندکردنی "پەیڕەوی جیاکردنەوەی هاوسەران" لە ساڵی ٢٠٢٦دا، و ئەو نیگەرانییانەی لێیکەوتەوە سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ئەگەری ئاسانکاری بۆ هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.
قەیرانێکی تەندروستی و دەروونی کە کۆتوبەندەکان قووڵتری دەکەنەوە
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٣.٧ ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن، کە منداڵانی کچ لە ٥٧ بۆ ٦١٪یان پێکدەهێنن، هەروەها ئامارەکانی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ئەوە دەردەخەن کە ٩٠٪ی ژنانی ئەفغانی بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن، لە سایەی ئەو کۆتوبەندانەی بەسەر خوێندن و کارکردن و بەشداریی کۆمەڵایەتیدا سەپێنراون، ئەو دابەزینەی لە دەرفەتەکانی دەستکەوتنی پاڵپشتی و چاودێریی پسپۆڕانەدا دروستی دەکات.
بەرخۆدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخستندا
بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانی بەرهەمی ئەمڕۆ نەبووە، ژنانێکی وەک بیبی سەنگی و مریەم ڕووبەڕووی ستەمکاری بوونەتەوە، لە کاتێکدا مینا کەشوەر کەمال، دامەزرێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان (RAWA)، پێش تیرۆرکردنی، ژیانی خۆی بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنی ژنان تەرخان کرد، ئەمڕۆش نەوەی نوێ سەرەڕای کۆتوبەندەکانی تاڵیبان، درێژە بە کاروانی خەبات لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا دەدەن.
سەرەڕای داخستنی ژووری بازرگانیی ژنان دوای ڕووخانی حکومەتی پێشوو، ژنان لە هاوینی ٢٠٢٢دا دووبارە کارایان کردەوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ١٠ هەزار ژن بە مۆڵەتی فەرمی کار دەکەن، لە بەرامبەردا ١٠٠ هەزار ژن بەبێ مۆڵەت خەریکی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و پڕۆژە بچووکەکانن.
بەرخۆدان تەنها لە چالاکیی ئابووریدا قەتیس نابێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ خۆپیشاندانەکانی گەل و وانە نهێنییەکان کە ڕێگە بە هەزاران منداڵی کچ دەدەن درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن، هەروەها یەڵدا ئەحمەد، چالاکوانی مافی مرۆڤ داوای بەهێزکردنی هۆشیاریی ژنان و هاوپشتیی نێوانیان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریدا.
مەهناز لە مەشهەدەوە تا شیرین لە ئێران، تا دەگاتە ژنانی ئەفغانستان، چیرۆکەکان فرەچەشنن، بەڵام یەک داواکاری کۆیان دەکاتەوە: مافی ئاسایش و ئازادی و سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووس، سەرەڕای جیاوازیی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەردوو وڵاتەکەدا.




