کەس بەدەم کەیسی منداڵانی ونبووی هەڵەبجەوە ناچێت

پاش ٣٣ ساڵ لە کیمیابارانى هەڵەبجە و شەهید بوونى زیاد لە پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونى هەزاران هاوڵاتی دیکە، تا ئێستا زیاتر لە دوو سەد منداڵ بێسەروشوێنن، کەسیش ئاوڕێکی جدی لە کێشەکە ناداتەوە، پارێزەرێکیش داوای کردنەوەی تاقیگەی DNA دەکات تا کەیسەکانی ئەو منداڵانەی گەڕاونەتەوە یەکلای ببنەوە. میهرەبان سەلام کاکەیی

 

 

پاش ٣٣ ساڵ لە کیمیابارانى هەڵەبجە و شەهید بوونى زیاد لە پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونى هەزاران هاوڵاتی دیکە، تا ئێستا زیاتر لە دوو سەد منداڵ بێسەروشوێنن، کەسیش ئاوڕێکی جدی لە کێشەکە ناداتەوە، پارێزەرێکیش داوای کردنەوەی تاقیگەی DNA دەکات تا کەیسەکانی ئەو منداڵانەی گەڕاونەتەوە یەکلای ببنەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- چیا، یەکێکە لەو منداڵانەی پاش ١٩ ساڵ لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە ئومێدی دۆزینەوەی خێزانەکەی گەڕاوەتەوە هەڵەبجە، بەڵام ئێستا دوای چوار ساڵ لە گەڕانەوەی هێشتا نازانێت خێزانەکەی کێیە.

لێدوانێکیدا بۆ ژنها وتى: پێش چوار ساڵ پێیان وتم من منداڵێکی هەڵەبجەیم، ئیتر گەڕامەوە تا خێزانەکەم بدۆزمەوە، بەڵام پێیان وتم کەس و کارت شەهید بووە و تەنها خوشکێکت هەیە، هەرچەندە بەپێی پشکنینی DNA دەرکەوتووە کە خوشکێکم لە ژیاندایە، بەڵام ئەو دەڵێت کە خوشکی نییە، ئەمەش واتە پشکنینەکە ڕاست نییە، داواکارم وەڵامێکی ڕاستم پێبدەنەوە.

 

"بەرۆکی هەموو کاربەدەستانم بۆ سۆراغی منداڵەکانم گرتووە"

سەبریە ئەحمد، دایکى چوارمنداڵی ون بوو بە ئاه و حەسرەتەوە باس لە ونبوونی منداڵەکانى دەکات، کە چوار منداڵی لە ساڵی ١٩٨٨ ونبووە، یەکێکیان دەرچووی بەشی پزیشکی بووە، دووانیان لە پۆلی چوار و پێنج ناوەندی بوون، کچێکیشی تەمەنی شەش ساڵ بووە.

 

ئەو دایکە دڵ پڕحەسرەتە باس لەوە دەکات کە هەوڵی زۆریداوە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانی، بەڵام وەک دەڵێت " بە هەموو بەرپرسەکانم وتووە سۆراغ بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانمان بکەن، بەڵام نەکراوە، یەخەی وەزیرم گرتوە بەڵام بێ وەڵام ماومەتەوە ".

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە زیاتر لە ٢١١ منداڵی ونبوو تۆمارکراون، کە نەدۆزراونەتەوە.

 

باخان عارف، لە شاری هەڵەبجە پارێزەرە و دوو کەیسی منداڵانی ونبووی هەڵەبجەی لایە، باس لەوەدەکات نەبوونی تاقیگەیەک بۆ پشکنینی DNA یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان، کە ناتواندرێت بە تەواوی جیابکرێتەوە کێ منداڵی کام خێزانەیە، ئەمە جگە لەوەی دەرئەنجامی پشکنینەکە ٪١٠٠ ڕاست نییە، چەندین کەیس هەیە پشکنینەکەی ناڕاست دەرچووە.

 

لایەنێکی تریش ئەوەیە، داواکراوەکان لەسەر ئەنجامی ئەو پشکنینانەی لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوەی بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەنێردراون، بەڵکو لە ڕێگای خێزانەکانەوە نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات، جێی باوەڕیان نییە.

 

ئەو پارێزەرە داوادەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاقیگەیەکی پشکینی  DNA لە شاری هەڵەبجە بکرێتەوە، تا بەشێوەیەکی زانستی و ٪١٠٠ دیاریبکرێت ئەو منداڵە هی کام خێزانەیە، بەڵام تا ئێستا سەرباری زۆری ئەو منداڵانەی لەو کارەساتەدا ونبوون هیچ تاقیگەیەک نییە، منداڵەکانیش نەگەڕاونەتەوە باوەش و سۆزی خێزانەکانیان.