حیزب و دەسەڵات هۆکارن بۆ بەخشینەوەی چەک و زیادبوونی کوشتنی ژنان

بەکارهێنانی چەک و بەتایبەت چەکی بێ مۆڵەت ڕوو لەزیادبوونە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی تۆکمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و لەناویاندا ژن کوشتن بە تایبەت، نە پەرلەمان نە لایەنی جێبەجێکاریش هەوڵێکی جدیان نەداوە بۆ کەم کردنەوەی ئەم حاڵەتانە بەڵکو لە ڕێی حیزبەکانیانەوە زیاتر چەک دەبەخشنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هەواڵەکانی کوشتن ڕۆژانە دەبیسترێن، زۆرینەشیان کوشتنن بە چەکن، بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنرێت و توندوتیژیان پێوەدەکرێت، ڕێگاکانی کوشتن زیادیان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕێژەیەکی زۆریان بە چەک ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت ئەو چەکانەی مۆڵەتیان نییە یاخود لەلایەن حیزبەوە بە هاوڵاتیان دەبەخشرێت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کارەکانی خۆیاندا.

 

مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک دەتوانرێت بە چەند ڕێکارێک بەدەستبهێنرێت، لەکاتی هەبوونیشیدا دەتوانرێت چەکی پێ بکڕدرێت، لە ناو بازاڕەکانی چەک فرۆشتنی نایاسایشدا چەکی بێ مۆڵەتیش دەفرۆشرێت، لە هەرێمی کوردستاندا کارگەی دروستکردنی چەک نییە، بەڵکو لە ڕێگەی مامەڵە کردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا چەک دەکڕدڕێت، ئەمەش بە ڕێکاری تایبەت بە دەوڵەتان و لە ڕێگەی حکومەتەوە دەبێت، هەندێک کاتیش لە حاڵەتەکانی هەبوونی شەڕ لە ناوچەکاندا، لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دابین دەکرێت بۆ نمونە کاتی هێرشەکانی داعش لە عێراقدا.

 

شادی نەوزاد، ئەندام پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەماندا دەڵێت: ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک و هەڵگرتنی چەک زۆر سادە و ئاسانە، بۆیە زۆرینەی حاڵەتەکان بە چەک ئەنجام دەدرێن.

 

"لە کوردستان بەدەستکەوتنی چەک لێپرسینەوەی لەسەر نییە"

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و چالاکوانی بورای ژنان، ئاماژە بەوە دەکات زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە ڕێگەی چەکەوە ئەنجام دەدرێن، جا بکوژرێن یاخود خۆیان بکوژن، ئەمەش پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە دەستکەوتنی چەک ئاسانە و هیچ سانسۆرێک نییە تا ڕێگە بگرێت لە فرۆشتن و دەستکەوتنی چەک و بەکارهێنانی.

 

شۆخان دەڵێت "پێویست ناکات ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی ناوخۆ یاخود وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکەن لە دوای تەواوبوونی کاتی دەوامەکەیان چەکیان پێبێت و بیبەنە ناو خێزانەکانیانەوە، چونکە زۆرکات بوونی چەک کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە".

 

حکومەت ڕێگر نییە لە بڵاوبوونەوەی کوشتن بە چەک

پێدانی چەک بە ئاسایش، پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و بەکارهێنانیان لە دەرەوەی کاتی کارکردن گونجاو نییە، بەڵام بەردەوام بەکاردەهێنرێن یاخود هەر ئەوانن بازاڕەکانی چەک فرۆشیان گەرم کردووە، جگە لەو چەکانەی پێیان دەدرێت پەنا دەبەنە بەر کڕینی چەک لەکاتێکدا لە ژیانی ئاساییاندا پێویست نییە.

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ژنها و گەڕانیان بەناو بازاڕی چەک فرۆشانی شاری سلێمانیدا، ئەوە دەرکەوت زۆرینەی ئەو کەسانەی چەک دەکڕن لە هێزە عەسکەرییەکاندا کاردەکەن و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن، بەشێکیش لەوانە تەنها بۆ حەزی خۆیانە و دەڵێن کە مۆڵەتیان هەیە، لێرەدا دەبێتە پرسیار ئایا پێدانی ئەو هەموو مۆڵەتە بۆ؟

 

هەرزانی نرخی چەکەکان لەناو بازاڕدا وای لە هاوڵاتیان کردووە بە ئاسانترین شێوە دەستیان بکەوێت، بۆ نمونە، چەک هەیە بە ٣٥٠ هەزار دیناری عێراقیە، ئەمەش بڕە پارەیەکە زۆرینەی هاوڵاتیان دەتوانن دەستیان بکەوێت، چەک هەیە نرخەکەی لەوە کەمتریشە.

 

بە وتەی خاوەن دووکانەکان ئەو چەکانە مۆڵەتیان هەیە و لەژێر چاودێری ئاسایش و پۆلیسدان، لێرەدا حکومەت بەرپرسیارە لە بڵاوبوونەوەی زیاد لە پێویستی چەک، تەنانەت هەندێک کەس لەناو بازاڕەکاندا دەڵاڵی چەک فرۆشتنن، لەناو بازاڕەکاندا دادەنیشن و ئەگەر بزانن هاوڵاتیەک دەیەوێت چەک بکڕێت بەرامبەر بڕە پارەیەک بۆی پەیدادەکەن، ئەمەش لە دەرەوەی یاسادا جێبەجێ دەکرێت.

 

بەخشینی چەک لەکاتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن حیزبە سیاسییەکان بۆ مەرامەکانی خۆیان

شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەڵمەتی پێدانی چەک بە هاوڵاتیان دەستپێدەکات بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتری هاوڵاتی، ئەمە ڕێکارێکی ناشارستانییە و دوورە لە پاراستنی ئەمنیەتی کۆمەڵگە، کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگا هەیە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان دەشڵێت: "لە ڕووی یاساییەوە ئەو کارەی حیزبەکان دەیکەن یاسایی نییە، بەڵام بێ گومان بە شاراوەیی ئەم کارە ئەنجام دەدەن".

 

شاردنەوەی ڕاستی ئامارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە

بەردەوام لە کوشتنی ژناندا هەوڵ دەدرێت بابەتەکە کپ بکرێتەوە، تەنانەت ئامارەکانیش بە ڕاستی ناخرێنە بەرچاو لە پێناو شاردنەوەی ڕاستییەکاندا، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و خێزان، لە چوار مانگی سەرەتای ٢٠٢١دا ، ٤ حاڵەتی کوشتن، ٢٦ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە.

 

بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی ژنها کۆیکردووەتەوە دەربارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، ئەم ژمارەیە زیاترە، بۆ نمونە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، لە نیسانی ٢٠٢١دا تەنها یەک حاڵەتی کوشتن لە دهۆک تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ژنها تەنها لەو شارە ٣ ژن کوژراون.

هەر بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەنها یەک حاڵەتی خۆکوشتن لەو مانگەدا تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ژنها ٤ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە.

 

بە پێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتن بەم جۆرە بووە لە ناوچەجیاجیاکانی هەرێمدا:

سلێمانی ٥٠ حاڵەت، هەولێر ٦٥، دهۆک ٦١، هەڵەبجە ٤، سۆران ٣٢، گەرمیان ١٩، ڕاپەڕین ٢٦ حاڵەت و کۆی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمدا ٢٥٧ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن هەبووە، زۆرینەشیان بە چەک ئەنجام دراون.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەست بەسەر ٦٦١ چەکی بێ مۆڵەتدا گیراوە، ٤٠ تەقەکەر دەستگیرکراون، ١٢٢ دەمانچە و ٣٠ کڵاشیکۆف و ١٠ تاپڕ دەستی بەسەردا گیراوە.

 

"هاوڵاتیان هۆشیاریان نییە لە سزا یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک"

بەهۆی هەبوونی چەک لەناو خێزانەکاندا پارێزەر شۆخان ئامارێک دەخاتەڕوو کە لە سێ کوشتن یان خۆکوشتنی ژنان دوانیان بە چەکە و یەک حاڵەتی لە ڕێگەی خۆسوتاندن یاخود خنکاندنەوەیە، شۆخان دەڵێت: "زۆرکات تاوانەکە دەخرێتە سەر ژنەکە و دەڵێن خۆی کوشتووە، لەکاتێکدا چەکەکە لەلایەن پیاوێکەوە کڕدراوە، یاخود دەڵێن کە دەمانچەی پاک کردووەتەوە ئەوەش باوترین پاساوی ناو دادگاکانە".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە ناهۆشیاری هاوڵاتیان دا دەربارەی سزاکانی بەکارهێنانی چەک: "کلتوری ئێمە بە جۆرێکە پیاوەکانمان بۆ سەلماندنی پیاوبوونی خۆیان و نیشاندانی دەسەڵاتیان چەک دەکڕن".

 

بەکارهێنانی چەک بەو ڕادە زۆرە، لاوازی پەرلەمان و لایەنی جێبەجێکار نیشان دەدات

شادی نەوزاد ئاماژەی بەوەدا پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی جێبەجێکار کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان و بەکارهێنانی چەک، دەشڵێت: "دەیان بڕگە و یاسا لە پەرلەمانەوە دەرچووە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و جێبەجێنەکراوە".

 

ئازادکردنی تاوانباران لە لێبوردنی گشتی بووەتە هۆی زیادبوونی تاوانەکان

شۆخان ئەحمەد باسی لەوەکرد تەنها لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا لێبوردنی گشتی جێبەجێ دەکرێت، کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانە، لەگەڵ ئەوەی کار کراوە بۆ ئەوەی لێبوردنی گشتی هەموو کەسێک نەگرێتەوە بە تایبەت ئەوانەی ژن دەکوژن، بەڵام یاسا ڕێگری لەوە نەکردووە و بە سوڵحی عەشایەریش یان بە نهێنی ڕووداوەکە چارەسەر دەکرێت، یاخود ئەگەر لە دادگادا بێت بەر لێشاوی کەمکردنەوەی سزاکانیان دەکەون.

 

شادی نەوزادیش دەڵێت لێبوردنی گشتی زیندانی هەتاهەتایی ناگرێتەوە، بەڵام حاڵەتی تایبەت هەیە یەک زیندانی کراوی هەتاهەتایی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ دەردەکرێت جا هەر تاوانێکی ئەنجام دابێت، ئەوەش تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە.

 

هەنێک کات لاوازی دادگاکان سزاکان کەمدەکەنەوە لەسەر تاوانباران بۆیە بەهێزکردنی دادگاکان کارێکی گرنگە بۆ وەرگرتنەوەی مافی کوژراوان، بە پێی مادەی ٤٠٥ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، هەرکەسێک بە ئەنقەست کەسێک بکوژێت سزای هەتاهەتای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها لە بڕگەی یەکی مادەی ٤٠٦دا هاتووە "هەرکەسێک کرداری کوشتن ئەنجام بدات سزاکەی لەناوبردن دەبێت".

 

ئەو یاسایانەی تایبەتن بە پرسی ژنان جێبەجێناکرێن

شادی لە کۆتای قسەکانیدا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگری خستەڕوو کە ڕێژەی کارکردن بەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا دەرکراون یاخود هەموار کراونەتەوە تایبەت بە پرسەکانی ژنان، کارپێکردن و جێبەجێکردنیان زۆر کەمە.

 

ت.پ