سوپایەک لە ژنانی بێ هاوژین لە وڵاتێکی پڕ ساماندا

لە کاتێکدا دەچیتە بازاڕە شەعبییەکانی بەغداوە گوێت لە دەنگی ژنانی فرۆشیار پڕدەبێت، کە دەیانەوێت بەو چەند پارچە کاڵایانەی هەیانە پارە بۆ کڕینی ژەمە خواردنێک بۆ منداڵەکانیان بکڕن، ژمارەی ئەو ژنانە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دیمەنی کاری فرۆشیاری و دەستگێڕی ژنان دیمەنێکی ئاشنایە بە بازاڕەکانی بەغدای پایتەخت، کە هاوار دەکەن تا سەرنجی کڕیارەکان ڕابکێشن و کاڵاکانیان بفرۆشن و خواردن بۆ منداڵەکانیان پەیدابکەن.

 

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام جەنگی تێدابووە، کەمن ئەو ساڵانەی جەنگ ڕووینەدابێت، لە ساڵانی هەشتاکاندا بەهۆی شەڕی عێراق-ئێران، دواتریش جەنگی کوەیت و کەنداو پیاوان شەڕدا گیانیان لەدەستداوە، لە پاش ئەوانیش سوپایەک لە ژنانی بێ هاوژین و منداڵانی بێباوک بەجێماون.

 

پاش جەنگەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئابڵۆقە خرایە سەر عێراق، عێراق لە ڕووی پەروەردەیی، ڕۆشنبیری، تەندروستی و ئابوورییەوە پاشەکشەکەی گەورەی کرد، ئەمەش ئەوەندەی دیکە ژیانی ژنان و منداڵانی سەختتر کرد.

 

جەنگ لە عێراق دۆخی ژنانی دژوار کردووە

تەنها جەنگەکان نا، بەڵکو کێشە کۆمەڵایەتییەکان و سەختی کێشەی تایەفەگەری ناو عێراق دۆخی ژنانی بێ هاوژین و منداڵانی بێ باوکی دژوارتر کردووە، دواتر جەنگی دژی داعش هات، جارێکی دیکە سوپای ژنانی بێ هاوژین و منداڵانی بێباوک ژمارەییان زیادی کردەووە.

 

ئەو ژنانە لەپێناو بەدەستهێنانی پارویەک نان بۆ منداڵەکانیان لە بازاڕە شەعبییەکاندا بە عابای ڕەش و ڕوخسارە سوتاوەکەیان لەبەر خۆردا کاری فرۆشیاری دەکەن، بەشێکی زۆریان بێ بەشن لە هاوکاری حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.

لەپێناو بژێوی ژیانیاندا ژنان لە بازارەکاندا کاردەکەن

ئەو ژنانەی لە بازاڕەکاندا کاری فرۆشتنی نان دەکەن، ژمارەییان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ژن دەبێت، مانگانە بەشێکیان کەمتر لە ٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی لەلایەن حکومەتەوە وەردەگرن، زۆرینەشیان لە خانووی کرێدا دەژین، لەبەر ئەوەی ئەو پارەیەی کە پێیان دەدرێت بەشی پێداویستییەکانیان ناکات.

 

ئەو ژنانە بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە، لە بازاڕە شەعبییەکانی بەغدادا کاری کۆکردنەوەی مقەبا، فرۆشتنی کۆمەڵێک کاڵای سەرەتایی، فرۆشتنی دەستە کلێنس یاخود شوشەی ئۆتۆمبێلەکان پاکدەکەنەوە، بەشێکیشیان لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە هەوڵدەدەن پیشەیەک فێر ببن، ژیانی خۆیان و منداڵەکانیانی پێدابین بکەن.

 

ئەو ژنانەی لە بازاڕەکاندا کاری فرۆشیاری دەکەن، بەردەوام ڕۆژانە کەمتر لە ١٠ هەزار دینارییان بۆ دەمێنێتەوە، کە بەشێکی پارەکەیان بۆ کڕینی ژەمە خواردنێک و بەشێکیشیان بۆ کرێ خانووەکانیان خەرجدەکەن.

 

ت.پ