جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و ڕەنگالیزم

ساڵانە چەندین بەرهەمی جوانکاری دەخرێتە بازاڕەوە و بە شێوازێک بە بازاڕکردنی بۆ دەکرێت کە هەر تاکێک هەمیشە هەوڵی گۆڕانکاری بدات لە ڕووخسار و جەستەیدا، پێشبینی دەکرێت فرۆشتنی بەرهەمەکانی کاڵکردنەوەی ڕەنگی پێست تا ساڵی ٢٠٢٤ دەگاتە ٨.٩ ملیار دۆلار.

ساڵانە چەندین بەرهەمی جوانکاری دەخرێتە بازاڕەوە و بە شێوازێک بە بازاڕکردنی بۆ دەکرێت کە هەر تاکێک هەمیشە هەوڵی گۆڕانکاری بدات لە ڕووخسار و جەستەیدا، پێشبینی دەکرێت فرۆشتنی بەرهەمەکانی کاڵکردنەوەی ڕەنگی پێست تا ساڵی ٢٠٢٤ دەگاتە ٨.٩ ملیار دۆلار.

 

بێریڤان کەمال

ناوەندی هەواڵ- ڕەنگی پێستی مرۆڤەکان لە جیهاندا بە گرنگییەکەی زۆرەوە لێیدەڕوانرێت و کراوەتە پێوەری جیاکاری و هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان، بووەتە بەشێكی گرنگی دەرکەوتنی مرۆڤەکان، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە پاڵ زهنیەتی ڕەگەزپەرستیدا جیاوازی ڕەنگی پێستی مرۆڤەکان بووەتە هۆی دروستبوونی جیاکاری و نا یەکسانی لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا.

 

سیستم لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکات بۆ دروستکردنی پێوەر بۆ جوانیەکی دروستکراو و نەهێشتنی متمانەی تاک بە جوانی سروشتی کە هەر مرۆڤێک پێی بەخشراوە، هەوڵدان بۆ گەشتن بۆ ئەو جوانییەی سیستم وەک پێوەرێک دیاریکردووە لە هەموو جیهاندا بەردەوامی هەیە.

 

هەروەها لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوای زەویدا چەندەها ساڵە جیاوازی لە نێوان کەسانی سپی پێست و ڕەشپێستدا دەکرێت، ئەمە نا دادپەروەرییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دەرەنجام ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و کۆمەڵگای ئەفریقایی داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکرد، بەڵام تا ئێستا بە چەندین شێوازی دیکە ئەو جیاکارییانە بەردەوامی هەیە و هەلومەرجی ژیانێکی شایستە بۆ ئەو کەسانەی ڕەنگی پێستیان تاریکە سەختترە لەو کەسانەی ڕەنگی پێستیان کاڵترە.

 

"ئالیس وۆلکەر" ڕۆماننووس و چالاکوانێکی ئەمریک، یەکەم کەسە باسی لە جیاکاری مرۆڤەکان کردووە لەسەر جیاوازی ڕەنگی پێست "ڕەنگالیزم".

 

ڕەنگاڵیزم نەخۆشی کۆمەڵایەتییە

پەسەندبوونی پێستی ڕەنگ کاڵ لە کۆمەڵگەی ڕەش پێستەکاندا ئاسایی بووەوە، بەڵام واکەر ناوێکی پێدا و وەک خراپەیەک دیاریکرد کە دەبێت بوەستێنرێت بۆ ئەوەی ئەمریکییە ئەفریقیەکان وەک کەسانێکی ئاسایی مافی ژیانیان هەبێت و پێشبکەون.

 

ڕەنگالیزم نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، لەوانە ئەمەریکای لاتین، ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کارائیب و ئەفریقا، جیاواز لە لایەنگیری ڕەگەزی، کە زۆربەی کات لەلایەن تاکەکانی یەک ڕەگەزەوە بەرامبەر بە ڕەگەزەکانی تر ئەنجامدەدرێت، بەڵام جیاوازی ڕەنگی پێست زۆرجار لە نێوان ئەندامانی هەمان گرووپە نەژادی یان ڕەگەزیەکاندا ڕوودەدات.

 

هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو جوانییەی سیسیتم دەیکاتە پێوەر

ساڵانە لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی دیاریکراو بۆ جوانی چەندین بەرهەمی جوانکاری دەخرێتە بازاڕەوە و بە شێوازێک بە بازاڕکردنی بۆ دەکرێت کە هەر تاکێک هەمیشە هەوڵی گۆڕانکاری بدات لە ڕووخسار و جەستەیدا بۆ گەشتن بەو جوانییەی کە پێوەرەکانی مۆدێرنە دیاری کردووە.

 

جیاوازی ڕەنگی پێست جۆرێکە لە جیاکاری لەسەر بنەمای تۆنەکانی ڕەنگی پێست، کە لەلایەن پیشەسازی جوانکاری جیهانییەوە بەردەوامە، پێشبینی دەکرێت فرۆشتنی بەرهەمەکانی کاڵکردنەوەی ڕەنگی پێست تا ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە ٨.٩ ملیار دۆلار.

 

جیاکاری ڕەگەزیی لە کاردا لەلایەن ئەکادیمیست و ڕۆژنامەنووسانەوە چاودێری کراوە، بەڵام بابەتی جیاکاری ڕەنگی پێست کەمتر ڕەچاو دەکرێت و کەمتر بۆ توێژینەوە بایەخی پێدراوە.

 

لە هەموو جیهاندا بەرهەمی کاڵکردنەوەی پێست لە چەندین بازاڕدا بە شێوەیەکی زۆر دەفرۆشرێت و لەسەر بنەمای داتای مێژوویی کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی بازاڕ زایۆن لە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت فرۆشتنی جیهانی تا ساڵی٢٠٢٤ بگاتە ٨.٩ ملیار دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٧ دا ٤ ملیار دۆلار بووە.

 

بەرهەمەکانی سپیکردنەوەی پێست لەژێر ناوی جیاوازدا دەفرۆشرێن

لە دوای خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕەگەزپەرستی سیستەمی، کۆمپانیا جیهانییەکان پابەند بوون بەوەی چیتر ئەو بەرهەمانە نەفرۆشن کە ئاماژە بە سپیکردنەوەی پێست دەکەن، بەڵام بەرهەمەکان هێشتا لەژێر ناوی جیاوازدا بەردەستن، وەک درەوشانەوە و گەشانەوەی پێست.

 

 لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقایی تێبینی دەکرێت، کە بەردەوام سیستم و بازرگانەکان تێدەکۆشن بۆ ڕێکخستنی فرۆشتنی زیاتری بەرهەمە مەترسیدارەکانی کاڵکەرەوەی ڕەنگی پێست، لە بەڕازیل هاوڵاتیانی ڕەشپێست ڕووبەڕووی دەرفەتێکی زۆر سەخت دەبنەوە بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و کارکردنی شایستە.

 

توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٦ دەریخست کە ئەو کەسانەی داوای کاردەکەن بە ڕەنگی پێستی کاڵ پلەیەکی باشتر وەردەگرن لە داواکارانی پێستێکی تاریکتریان هەیە، دەرەنجامە خراپەکان لەسەر هەلی دامەزراندن بۆ ئەو کەسانەی کە تۆنی پێستی تاریکتریان هەیە لەوانەیە لە دەرەوەی ئەمریکاش چاودێری بکرێن و هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەم نایەکسانییەیان لە هیندستان و ئەفریقای باشوور نیشان داوە.

 

ت.پ