حەپسەخانی نەقیب، پێشەنگی ژنان لە بەدەستهێنانەی مافەکان

لەگەڵ ئەوەی حەپسەخانی نەقیب لە سەردەمێکدا ژیاوە دەسەڵاتدارێتی و داکۆکیکردن لە مافی ژنان بوونی نەبووە، بەڵام ئەو توانیویەتی ببێتە پێشەنگ بۆ ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- حەپسەخانی نەقیب، ساڵی ١٨٩١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ژنێک بووە توانیویەتی بە فکر و کردار ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، لە سەردەمێکدا کاری کردووە بۆ دەستکەوتنی مافی ژنان، بە دەگمەن هەڵدەكەوت ژنێك بتوانێت بەو شێوەیە تێبکۆشێت.

 

حەپسەخان ژنێکی چالاکوان، سیاسی، مامۆستا، چاکەکار و فێمینیستی کورد بوو، نمونەی ژنێكی بوێر و دەگمەنی كوردە، لەگەڵ خەمی نەتەوەیی و هاوكاریكردنی لایەنە كوردییەكان لە پارچە جیاوزەكاندا، ژنانی لەبیر نەكرد و هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنیانی داوە. ئەو سەردەمەی حەپسە خان شانازیی بە ژنایەتییەوە دەكرد، مافی ژن لە ناو كورددا هەر باس نەدەكرا، بۆیە بووە پێشەنگی ژن لە سەدەی ڕابردوودا.

 

حەپسەخان دەستپێشخەری لە چەندن بواری جیاجیادا کردووە بۆ ژنان

دامەزراندنی یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە سەرۆکایەتی حەپسەخانی نەقیب بوو لە بەرواری ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠دا، بە ناوی "کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد"، کۆمەڵەیەک بوو تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، ئەمەش گۆڕانێکی گەورە بوو لەو سەردەمەدا کە ژنان تەنانەت بیریان لە مافەکانیشیان نەدەکردەوە نەک هەوڵی دەستهێنانی بدەن.

 

ساڵی ١٩٣٠ نامەیەکی سیاسی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی "كۆمەڵەی نەتەوەكان - عصبە الامم" نارد لە جنێف کە تێیدا داوای مافی کوردی دەکرد، ئەمەش هەوڵێکی باش بوو بۆ ئەو کاتە.

جگە لەمانەش، حەپسەخان هەمیشە هاوکاری ئەو کەسانەی دەکرد کە لە هەوڵدا بوون بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ماف هەر بۆیە کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مهاباد دامەزرا، بە هەموو توانایەکیەوە پشتگیری لەو کۆمارە کرد لەڕووی فکری و داراییەوە.

 

یەکەمین قوتابخانە لە لایەن حەپسەخانەوە کرایەوە

دیوەخانی حەپسەخان هەمیشە پڕ بوو لە ژنانی شاری سلێمانی، لە کۆڕ و کۆبونەوەکانیدا بەردەوام باس لە شۆڕش، پەروەردە و بەدەستهێنانی ماف دەکرا، ژنان لێیەوە فێری ڕەوشتی بەرزی كۆمەڵایەتی دەبوون، لە ھەمان كاتیشدا مەڵبەندێكی بەرزی نیشتمانپەروەریش بوو، ژنان لەو مەڵبەندە كۆمەڵایەتییەی ئەو شێرەژنە كوردە، ھەستی كوردایەتییان دەوروژا و بیری ڕامیارییان لەلا پەروەردە دەبوو.

هەربۆیە ماڵەکەی خۆی کردبووە قوتابخانە و ژنانی فێری نوسین و ڕۆشنبیری دەکرد هەوڵی بێ پایانی دەدا تا نەخوێندەواری نەمێنێت، بۆیە نەک هەر مایەی شانازی ژنانی کورد بوو بەڵکو جێگەی شانازی سەرجەم میلەتی كورد بووە.

 

حەپسەخان هەمیشە هاوکاری ژنانی کورد بووە هەرکاتێک ژنێک کێشەیەکی هەبووبێ بە هەموو توانایەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی دەدا، هاوکاری هەژاران و نیشتیمان پەروەرانی کردووە، تەنانەت هەندێک کات لە ڕووی داراییەوە هاوکاری هاونیشتیمانیانی کردووە.

 

کۆچی دوای ئەو ژنە پێشەنگە

لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا و لە بەرواری ١٢ی نیسانی ١٩٥٣ حەپسە خانی نەقیب، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاکسپێردراوە.

 

کۆچی دوایی ئەم ژنە تێکۆشەرە کەلێنێکی گەورەی دروستکرد لە مێژووی گەلی کورددا، لەپاش مردنیشی نەترا لە پای ئەو تێکۆشانەی حەپسەخان کردوویەتی، خزمەتی بکرێتەوە.

ئەوەی لەپاش حەپسەخان بەجێماوە جگە لە دەستکەوتەکانی بۆ ژن و خەباتەکەی، چەند ساڵێک پێش ئێستا خوالێخۆش بوو "درەخشان حەفید" ئەلبومێكی وێنەیی حەپسەخانی بڵاوكردەوە، "سەراب ئەحمەد بابان"یش چەند پارچەیەک جلوبەرگی حەپسەخانی پێشكەش بە مۆزەخانەی سلێمانی کردووە.

یەکێکی تر لەو کارانەی کە بۆ حەپسەخان کراوە، دروستکردنی پەیکەرێکە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی.

 

ت.پ