ئایا کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە؟

بەپێی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی دابین، تەنها ٪١٣.٩ کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، تەنها ٪٧.٥٥ ژنان لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، زۆرینەی ژنانیش ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و هیچ پاڵپشتییەکیان نییە. تەرزە تەها

بەپێی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی دابین، تەنها ٪١٣.٩ کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، تەنها ٪٧.٥٥ ژنان لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، زۆرینەی ژنانیش ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و هیچ پاڵپشتییەکیان نییە.

تەرزە تەها

 

سلێمانی- ڕێکخراوی دابین بۆ گەيپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە شاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکدا ڕاپۆرتێکی دەباری مافی کرێکاران و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

بەپێی زانیارییەکانی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەرێمی کوردستان ٧٢٤ هەزار و ٩٧٧ کارمەند و کرێکاری کەرتی تایبەت هەیە، ٦٦٩ هەزار و ٤٢٨ لە ڕەگەزی نێرن، بەڵام تەنها ٥٤ هەزار و ٦٩٩ لە ڕەگەزی مێن کە دەکاتە ٪٧.٥٥، ئەم ئامارانە هی ساڵی ٢٠١٥، لەبەر ئەوەی دوای ئەو ساڵە هیچ ئامارێک لە بەردەستدا نییە، ئاماری ساڵی ٢٠١٥ وەرگیراوە، بۆ هەر ساڵێک ڕێژەی ٪٥ خراوەتە سەر ئامارەکە.

زۆرترین ڕێژەی کرێکار لە پارێزگای سلێمانییە، کە ٣٢٧ هەزار و ٥٩٤ کرێکارە، لەو ڕێژەیەش ٢٨٩هەزار و ٣٤ لە ڕەگەزی نێرن، ٣٨ هەزار و ٥٦١ لە ڕەگەزی مێن.

لە هەولێریش ٢٤٨ هەزار و ٩٧٧ کەس کار دەکەن، ٢٣٥ هەزار و ٣١٩ کەسیان نێرن، ١٣ هەزار و ٦٥٧ مێن، لە دهۆکیش ١٤٧ هەزار و ٥٥٦ کەس کار دەکەن، تەنها دوو هەزار و ٤٨١ کەس مێن، ١٤٥ هەزار و ٧٣ کەسیان لە ڕەگەزی نێرن.

ئامارەکان دەریدەخەن بەشداری کردنی ژنان لە کەرتی تایبەتدا لە کەمترین ئاستدایە و ناگاتە ڕێژەی ٪١٠، ئەم ڕێژە لە سلێمانی لە بەرزترین ئاستدایە بە پێچەوانەشەوە کەمترین ڕێژە لە پارێزگای دهۆکە کە دوو هەزار و ٤٨١ کارمەند و کرێکار لە ڕەگەزی مێن.

 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک بنەما و یاساییە لە ڕێگایەوە خزمەتگوزاری ماددی پێشکەش بە کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت دەکرێت، وەک خانەنیشینی لە کەرتی گشتیدا، لە ماوەی کارکردنی کرێکاریدا لە کەرتی تایبەتدا ئەوا ناوی خۆی لە بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکات، مانگانە بڕی ٪١٧ مووچەکەی دەداتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە ٪١٠ لەلایەن خاوەن کارەوە دەدرێت، ٪٧ کارمەندەکە پارەکە دەدات.

پێدانی ئەم بڕە پارەیە تا تەمەنی ٦٠ ساڵی بۆ پیاو و ٥٥ ساڵی بۆ ژن، کاتیک ماوەی کارکردنی بگاتە ٢٠ ساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر بە پێچەوانەوە ئەو کارمەندا یاخود کرێکارە مانگە دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت.

لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لە کۆی ئەو ٧٢٤هەازر و٩٧٧ کەسە، تەنها ١٠١ هەزار کەس دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، ئەمەش واتە تەنها ٪١٣.٩ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە.

کۆنفڕانسەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، لە پانێڵی دووەمدا لەلایەن کنێر عەبدوڵا باس لە دۆخی ژنان لە کەرتی تایبەت کرا، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ژنان لە کەرتی تایبەتدا هیچ گەرەنیەتی کارکردنیان نییە، مافەکانیان زەوت دەکرێت و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها لەو ژنانەی کە کاردەکەن، رێژەی ٪١٤ لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن و ڕێژەی ٪٨٦ لە کەرتی گشتیدا کاردەکەن.

باسی لەوەشکرد، کە چەندین هۆکار هەیە بۆ کارکردنی ژنان لە کەرتی گشتیدا، لەوانە دڵنیای بەردەوامی کارکردن، بوونی خانەنیسینی لە داهاتوودا و چەندین هۆکاری دیکە.

 

ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئیشکردن فەلسەفەیە، فەلسەفەی تێڕوانینە بۆ ژیان، ئەگەر ژن گرنگی کارکردن بزانێت، کارکردنی ژنان چەندین ڕەهەند دەگریتەوە، لەوانە کارکردن باشتر و جیاوازتر دەکات، ڕەنگی خۆیان بە کارەکانیان دەبەخشن.

لەبەرامبەریشدا نابێت هاوسەرگیری و دەوڵەمەند بوون ببێتە هۆکارێک تا ژنان نەیانەوێت کار بکەن، ژنانی ڕۆشنبیر دەزانن کە کارکردنیان ئەگەر پێویستیشیان نەبێت، خزمەتە و داهێنان دەکەن، کاتێک ژنان کاردەکەن سیمایەکی جوانتر بە کۆمەڵگا دەدەن و هاوشانی یەکتری کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا دەکەن.

 

چاوان ئازاد، یەکێک لە ئامادەکارانی ڕاپۆرتە باس لەوەدەکات، ئەم ڕاپۆرتە دەرخستنی بێ پشتیوانی کرێکارانە، هەروەها ائەم ڕاپۆرتە ئاڕاستەی پەرلەمان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، تا ئەوانیش هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران بدەن و ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە هەیە پڕبکرێتەوە و ئەو دەقە یاساییانەی کە کەموکورتی تێدایە چاکبکرێت.