ئاماری کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە باشووری کوردستان-٢٠٢٢

سەرەڕای بڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ شاردنەوە و کپکردنی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان، بەڵام بەرزبوونەوەی ڕێژەکە دۆخی ژنان نیشاندەدات و بەپێی ئاماری نوژنهاش ٧٣ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە جیهاندا ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری چەقبەستووەوە توندوتیژی و کوشتنەکان ڕوو لە زیادبوونن.

 

لە باشووری کوردستان سەرەڕای بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە توندوتیژی و کوشتنی ژنان، بەڵام بکوژانی ژنان داڵدە دەدرێن و لە بازاڕەکاندا چەکی بێ مۆڵەت دەفرۆشرێت، لەبری بنبڕکردنی حاڵەتەکان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی لە میدیاکانی هەرێم دەرکرد، بەمەش ڕووداوەکان شاراوەن و کوشتن و خۆکوشتنەکان، بەتایبەت ژنان، ناکەوێتەوە بەرچاو و ڕای گشتی لەسەری بێئاگا ماوەتەوە.

 

لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماری ساڵانەی توندوتیژییان لەم ساڵدا بڵاونەکردەوە، لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا مانگانە ئاماریان دەخستەڕوو، بەڵام بە پێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆیکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن و چەندین حاڵەتی دیکەی توندوتیژی تۆمار کراون.

 

مانگی کانوونی دووەم/١

٢ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی ئاوارەکانی شارۆچکەی کەلار، منداڵێکی کچی تەمەن ١٥ ساڵ بە دەمانچەی باوکی گولـلەی بەخۆیەوە ناوە.

٢٨ـی کانوونی یەکەم لە شاری دهۆک، دۆسکی ئازاد تەمەن ٢٣ ساڵان لەلایەن برایەکی خۆیەوە کوژرا، لە ٢ی کانوونی دووەم لە ٣٠ کیلۆمەتر دووری دهۆک دۆزرایەوە.

 

٣٠ی کانوونی دووەم، لە گەڕەكی خەباتی شاری سلێمانی بەهۆی غازی زۆپاوە، سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە دایکێک و دوو منداڵ بوون.

 

مانگی شوبات/٢

١ی شوبات، لە گوندی سیامێوەی سنوری شارەدێی ناڵپارێز لە شارۆچکەی پێنجوێن، ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵان بە ناوی "شەنگە عەبدولخالق" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

٧ی شوبات، ژنێک بە ناوی شیلان حەسەن، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ لە شارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خۆی سوتاند و گیانی لەدەستدا، ژنەکە خاوەنی دوو منداڵە.

 

٩ی شوبات، سه‌روین خورشید ره‌شید، تەمەن ٢٦ ساڵ له‌ شه‌قامی "ئازادی" شارۆچكه‌ی كۆیه‌، درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و كوژرا.

 

١٤ی شوبات لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە لە نزیک پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ڕووداوێکی تەقە کردن ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ژنێک بە ناوی "پ، ن، م" لە دایکبووی ساڵی ١٩٧١ و دانیشتووی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا. 

 

ئێوارەی ١٥ی شوبات، ژنێکی بەساڵاچووی تەمەن ٧٠ ساڵ بە ناوی "هەمین عەبدوڵا محەمەد ئەمین" لەلایەن کوڕەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.

 

شەوی ١٩/٢٠ی شوبات، لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی "شنیار هونەر"ی ٢١ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە "هونەر ڕەشیدی ٢٤ ساڵ" سوتێندرا، شنیار خاوەنی دوو منداڵە و پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ٢٣ی شوبات گیانی لەدەستدا.

 

٢٨ی شوبات،‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ ژنێكی ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵی بە ناوی "م. ع. م." دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی شارەوانی خۆی سوتاندووە.

 

مانگی ئادار/٣

٢ی ئادار، لە شارەدێی تەقتەقی شارۆچکەی کۆیە، ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ٢٠٠٤ بە گوماناویی خنکا کە خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بووە.

 

٦ی ئادار، لە کامپی خانکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە، کە ٢٩ ساڵ پێکەوە ژیاون، بەهۆی ئەوەی ژنەکە داوای پارەی کردووە، بە دوو گولـلە کوشتوویەتی.

 

هەمان بەروار، کاتژمێر ١١ی شەو لە شەقامی ١٠٠ مەتری نزیک چواڕێیانی فرۆکەخانەی ھەولێری نێودەوڵەتی، ژنێکی ٢٠ ساڵ بە ناوی "ئیمان سامی مەغدید" ناسراو بە ماریا سام کوژرا، ماریا لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و پاش چەند ساڵێک لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.

 

١٨ی مانگ ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ٢٠٠٧، کە دانیشتووی گەڕەکی شەهیندانی شارۆچکەی سۆران و خوێندکار بووە، لەلایەن باوکییەوە بە چەکی کلاشینکۆف کوژرا.

 

٢١ی ئادار، دوو هاوڵاتی لە گوندی گۆمەزەرد لە سنوری شارەدێی دارەتووی سەر شارۆچکەی بەردەڕەش، کە ژن و پیاوێک بوون، بەڵام هاوژینی یەک نەبوون و تەمەنیان ٢٦ و ٢٧ ساڵە لەلایەن کەسێکی ٢٠ ساڵەوە کوژران.

 

٢٦ی ئادار ژنێک بە ناوی "لینا کاوان حسێن" لە شوقەکانی شاری پزیشکان لە سلێمانی، لە نهۆمی ١٠یەمەوە بە گوماناویی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

 

مانگی نیسان/٤

٢ی نیسان لە زاخۆ ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ له‌لایه‌ن ئامۆزایەکی به‌چه‌ند گوللـه‌یەکی كلاشینكۆف کوژراوە.

 

٧ی نیسان کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو، ژنێکی گەنج بە ناوی ک. ح. ح. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢، دانیشتووی گوندی گردەسیپان لە قەڵادزێ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و شوێنەواری فیشەک بە سەرییەوە هەبووە.

 

٢١ی نیسان، لە گەڕەكی كوردستان-ی شاری هەولێر کوێستان پیرۆت خدر لەلایەن هاوژینەکەیەوە (أ. ش. ع.) کوژرا و ئاسەواری بڕین بە ملیەوە دیار بووە.

 

هەمان ڕۆژ، لە شاری هەولێر ئاریا محەمەد خەلیل، ٢١ ساڵ لە باڵه‌خانه‌یه‌كى ته‌واونه‌كراوى ڕێگای هه‌ولێر-كه‌ركوک خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، ئاریا فێرخوازی په‌یمانگاى ته‌كینیكی هه‌ولێر به‌شى كتێبخانه‌ و زانیاری بووه‌ و دەرکەوت کە بەهۆی هەڕەشەی کوڕێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆی کوشتووە.

 

٢٧ی نیسان، لە شاری هەولێر، ڕەیان مەحموود جەمیلی ١٧ ساڵ لەلایەن زڕدایکیەوە سووتێنرا.

 

٢٨ی نیسان، لە گەڕەکی بنگردی شارۆچکەی کەلار (ا. م. ص.)ی ٢٤ ساڵ، کە خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بوو، خۆی خنکاند.

 

مانگی ئایار/ ٥

٢ی ئایار، لە گەڕەکی سەنگاوییەکان لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ پیاوێک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری، بە دەستڕێژی گولە هاوژینەکەی و سێ کەسی دیکەی ماڵەکەی کوشت و دایکی هاوژینەکەشی بە سەختی برینداربوو، تاوانبارەکە پلەی نەقیب بوو لە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی فریاکەوتنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.

 

٥ی ئایار، ژنێکی ئێزیدی بە ناوی (ع. ق. ع) تەمەن ٦٢ ساڵ لەناو کەمپی ئاوارەکانی بێرسڤ لە زاخۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

 

هەمان ڕۆژ لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک، ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ بە ناوی لەیلا ساڵح محەمەد لەلایەن هاوژینەکەیەوە "ناسر عەلی فەتاح"ی ٥٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خنکێندرا.

 

شەوی ٦ی ئایار، لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژنێک لە ماڵی دایکیدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بە ١٥چەقۆ بریندار دەکرێت.

 

٩ی ئایار، لە گەڕەکی تەعجیلی نوێ لە شارەدێی شەمامکی پارێزگای هەولێر، ژنێکی ٣٣ ساڵ بە ناوی بەهار زەکەریا فەتاح لەلایەن هاوژینەکەیەوە (ا. ظ. م.) کوژرا.

 

١٠ی ئایار، لە گەڕەکی سەرهەڵدانی سەنتەری شاری دهۆک، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، دایکی منداڵێک، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە، کە تەمەنی ٣٢ ساڵە، خێکێندرا.

 

بەهۆی کێشەی نێوان دوو هاوژینەوە بە ناوەکانی "د. ا. م." و "ت. ي. م." کە دانیشتووی شاری سلێمانین، ژنەکە "ت. ي. م." دەچێتەوە ماڵی باوکی لە بانمەقانی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، شەوی ١٢/١٣ی ئایار پیاوەکە بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری و تەقەیان لێدەکات.

 

١٤ی ئایار، لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، پیاوێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری، لە ئەنجامدا هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی بریندار دەکات.

 

١٧ی ئایار، هەستی فاروقی تەمەن ١٤ ساڵان و خوێندکار، دانیشتووی سەیدسادق بە گوماناوی خنکا و لە پێنجوێن تەرمەکەی دۆزرایەوە، کە بە مەبەستی کارکردن چووبوو.

 

٢٠ی ئایار، تەرمی ژنێک کە لە چلەکانی تەمەنیدابوو، بە کوژراوی لە گوندی حەسەن ڕەشۆ لە سنوری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دۆزرایەوە.

 

مانگی ئایار بەرزترین ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراوە

هەر لە سنوری زاخۆ، ٢١ی ئایار، ژنێکى تەمەن ٤٢ ساڵ، کە دایکى هەشت منداڵە کوژرا، ژنەکە خەڵکى کۆمەڵگەى ڕزگارییە لە سنووری شارەدێی دۆمیز لە سنوورى ئیدارەی زاخۆ.

 

٢٣ی ئایار، لە گوندی نەزراوە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، پیاوێک هاوژینەکەی خۆی، کە تەمەنی ٣٠ ساڵە خۆی کوشت.

 

٢٥ی ئایار، لە شاری هەولێر ته‌مینه‌ عه‌زیز عه‌وڵا"ی ٦٧ ساڵ، پاش سێ ڕۆژ لە خنکانی گوماناویی، بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.

 

٢٧ی ئایار، لە ماوەی هەشت کاتژمێردا لە سنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوو ژن لە دوو ڕووداوی جیاوازی گوماناویدا کۆتایی بە ژیانیان هات، ئەوانیش؛

 

لە گەڕەکی حەی موەزەفین (خ. خ. ع.)ی بە ڕەگەز عەرەب، لەدایکبووی ٢٠٠٠ و ژنی ماڵ، بە خنکاویی گوماناویی گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار، هەروەها لە گوندی صاڵح ئاغا سەر بە شارەدێی قۆرەتوو، تەرمی (ج. س. ا.) لەدایکبووی ٢٠٠٧ بە خنکاویی گوماناویی گیانی لەدەستدا.

 

مانگی حوزەیران/ ٦

٣ی حوزەیران، ساریە فەرحانی ٢٠ ساڵان، کە خەڵکی شاری خەلیفانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە گەڕەکی ٣٢ی پارک لە شاری هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێنرا.

 

١٠ی حوزەیران، لە شارۆچکەی خانەقین، ژنێکی ٢٦ ساڵ، دایکی دوو منداڵ، بە هۆکارێکی نادیار لە ڕێگای هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

 

١١ی حوزەیران، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی (ش.ئ)، بەهۆی سوتاوییەوە، کە خێزانەکەی دەڵێن خۆی سوتاندووە، گیانی لەدەستدا، ژنەکە دانیشتووی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و دەرچووی زانکۆ بووە.

 

١٢ی حوزەیران لە گەڕەکی ئارى شاری هەولێر جوان عەزیز حەسەن، تەمەن ٣٨ ساڵ، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەناوی (ع. خ.) لەسەر کێشەیەکی خێزانیی کوژرا.

 

١٨ی حوزەیران له‌ نهۆمی ١٧ی كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی MRF لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هه‌ولێر ئاگرێک كه‌وته‌وه‌ و بەهۆیەوە ژنێک دوای تووشبوونی بە تەنگەنەفەسی گیانی لەدەستداوە، ژنەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ٣٠ ساڵە.

 

دوو ژنی گەنج لە کەلار کوژران، ئەوانیش، ڕاز محەمەد، ١٦ ساڵ، کە ٢٤ی حوزەیران لەلایەن براکەیەوە کوژرا، هەر لە کەلار ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی سایە مستەفا، تەمەن ١٦ ساڵ، ٢٥ی حوزەیران بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

مانگی تەمموز/ ٧

٨ی تەمووز، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵان دوای برینداربوونی گوماناوی بە فیشەک لە قەڵادزێ گیانی لەدەستدا.

 

٤ی تەمووز، فاتمە زارعی کە بە «ژیلا» ناسراوە، تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت بووە، خاوەنی کوڕێکی ٤ ساڵانە، لە شاری هەولێر لە شووقەکەیدا بە چەقۆ لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنشە، کە لێی جیابووەتەوە، کوژرا.

 

مانگی ئاب/٨

٥ی ئاب، ژنێک بە ناوی (ن.س.م.) لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی بە ژیانی هێنا.

 

هەمان ڕۆژ، باوک و کچێکی شەنگالیی بە ناوی فاروق میرزا خەلەف و ئاخین فاروق، کە دانیشتووی کامپی چەمیشکۆی ئیدارەی زاخۆ، بێسەروشوێن بوون و دوای چەند ڕۆژێک تەرمی فاروق میرزا خەلەف لە باخچەیەکی شاری دهۆکدا دۆزرایەوە، کچە ٦ ساڵانەکەشی دوای دەستدرێژی کوژراوە.

 

١٢ی ئاب ژنێکی گەنج بە ناوی "ك. م. پ." لەدایكبووی ١٩٩٣، لە ماڵەوە لەلایەن براكەیەوە بەناوی "ق، م، پ" لەدایكبووی ١٩٩٤ بە پارچە ئاسنێک لێی دراوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

١٨ی ئاب دوو ژن سووتان و بەهۆی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا، ڕووداوەکە بەو شێوەیە بڵاوکرایەوە، کە بە هەڵە بەنزینیان کردووەتەوە موبەریدە و سووتاون.

ئەو دوو ژنە یەکێکیان تەمەنی ٢٥ ساڵە و ئەوەی دیکەش ٣٠ ساڵە.

 

٢٦ی ئاب، له گەڕەکی بەختیاری‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، دایكێكی ته‌مه‌ن ٥٤ و كوڕە ٢٧ ساڵەکەی پێكه‌وه‌ لەلایەن کوڕێکی دیکەی ژنەکەوە كوژران.

 

مانگی ئەیلول/٩

٣ی ئەیلول، لە شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ، بە ناوی "ش. ف" دەرچووی زانکۆ و دانیشتووی گەڕەکی سیروان بەهۆی ڕێژەی زۆری سوتاوییەوە گیانی لەدەستدا.

 

٥ی ئەیلول، مەروە قەیسیی ١٧ ساڵ و بە ڕەگەز عەرەب، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بوو، لە شوقەی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر بە گوماناوی خۆی فڕیداوە و گیانی لەدەستدا.

 

٦ی ئەیلول لە گەڕەکی جوتیارانی شارۆچکەی کەلار، ساکار جاسمی ٢٢ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و گیانی لەدەستدا.

 

١٩ی ئەیلول، ژنێک بەهۆی ئەوەی تۆپێک بەر ماڵەکەی کوتووە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدابوو، ڕۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ی مانگ، هێزەکانی پێشمەرگە لە بنکەی مەشقی پیادەی بناری چیای هەندرێن لە هەولێر مەشقی سەربازییان ئەنجامداوە و چەکی تێدا بەکارهاتووە.

 

٢٥ی ئەیلول، ژنێک لە نهۆمی ١٢ی یەکێک لە باڵەخانەکانى شوقەکانی نیشتەجێبوونی پاك سیتى لە سلێمانی کەوتووەتە خوارەوە، ژنەکە تەمەنی ٢٧ ساڵە و خوێندكارى زانكۆیه‌ و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 

 

مانگی تشرینی یەکەم/ ١٠

٤ی تشرینی یەکەم، ناگیهان ئاکارسەل ئەندام و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد کە، ژنێکی چالاکوان و ئەکادیمیسیان و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لەلایەن میتی تورکەوە لە نزیک ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهید کرا.

 

٥ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی خەزرای شاری کەرکوک، ژنێکی ٣١ ساڵ لەلایەن باوکییەوە خنکێنرا.

 

٦ی تشرینی یەکەم، ژنێکی پارێزەری تەمەن ٢٥ ساڵ، بە خنکێنراوی دۆزراوەیەوە.

 

١٧ی تشرینی یەکەم، له‌ شارۆچكه‌ی كفری، ئیمان به‌رزان شكور، ١٤ ساڵ و خوێندکار، لەلایه‌ن باوكیه‌وه‌ به‌  فیشه‌ک كوژرا.

 

٢٧ی تشرینی یەکەم، پۆلیسی شارۆچکەی به‌رده‌ڕه‌ش، ته‌رمی كچێكی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵیان له‌ نزیک گوندی ئامیان، له‌سه‌ر رێگه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش – مووسڵ دۆزیەوە.

 

٣٠ی تشرینی یەکەم، لە شارۆچکەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر پێنج چەکدار هەڵیانکوتاتە سەر ماڵێک و ژنی ماڵەکەیان کوشت و کوڕەکەشیان بریندارکرد.

 

مانگی تشرینی دووەم/ ١١

١ی تشرینی دووەم، لە شاری کەرکوک بەناز فاروق نامیقی ٢١ ساڵ لەلایەن کەسوکاری هاوژینەکەی سوتێندرا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی سلێمانی و لە ژیاندا ماوە.

 

٨ی تشرینی دووەم، له‌ گه‌ڕه‌كی‌ تاڤگه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی، ژنێک بە ناوی دەریا، لەلایەن براکەیەوە کە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی، کوژرا.

 

١٠ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی کوڕێک، بە ناوی موئمین کەریم،  دایکی خۆی بە ناوی مرواری حەمە فەرەج کوشت و ڕۆژێک دواتر، ١١ی تشرینی دووەم، لە ‌ گۆڕستانى گه‌ڕه‌كى عه‌واڵ به‌هه‌مان ده‌مانچه‌، خۆشى كوشت.

 

١٠ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی قولەرەیسی سلێمانی، سەنگین عەزیز، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە فیشەکێک دەکوژرێت.

 

١٣ی تشرینی دووەم، له‌ گه‌ڕه‌كی كوێستانی شارى هه‌ولێر، پیاوێکی ٤٦ ساڵ، هاوژینەکەى خۆی کە ٤٠ ساڵە و دایکی چوار منداڵە، کوشت و دواتر کۆتاى بە ژیانى خۆى هێنا.

 

١٥ی تشرینی دووەم، ژنێک بەناوی "ف.ح" تەمەن ٣٠ ساڵان، كە دایكی دوو منداڵە، لەلایەن پیاوەکەیەوە دەدرێتەبەر فیشەک و گیان لەدەستدەدات.

 

١٦ی تشرینی دووەم، لە شاری هەولێر ژنێک لە شەقامی پزیشکانی شاری هەولێر، ویستوویەتی خۆی لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو فێڕبداتە خوارەوە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام پۆلیس ڕێگری لێکردووە.

 

٢٣ی تشرینی دووەم، ناسكە قادر پیرۆت لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە، دوای ١٠ ڕۆژ بێسەروشوێن بوونی لە نزیک بەنداوی دوکان تەرمەکەی بە سوتێندراوی لەژێر گڵدا دۆزرایەوە و شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوەبووە.

 

٢٤ی تشرینی دووەم، لە گوندی لوبنانی لە هەولێر، ژنێک لە شوقەکەیدا بە گوماناوی کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

 

مانگی کانوونی دووەم/ ١٢

٥ی کانوونی یەکەم، لە سنوری شارۆچکەی زاخۆ، (ا. ر. ت.)ی ٣٧ ساڵ به ‌ده‌مانچه لەلایەن براکەیەوە بە ناوی (م. ر. ت.) کوژرا.

 

٥ی کانوونی یەکەم، لە چەمی توراغی شارۆچکەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلە بەلاشەیەوە هەیە و هاوکات سوتێنراوە و کراوەتە ژێر گڵەوە.