بە ڕۆژی ڕووناک کۆمەڵکوژکردنی ٨٣ ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و بریندار لە هەولێر

بەر لە ٢٥ ساڵ، لەناو جەرگەی شاری هەولێر و بە ڕۆژی ڕووناک، ٨٣ ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و بریندار بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی پەدەکە کۆمەڵکوژکران، ٢٥ ساڵ تێپەڕی و تا ئێستا نە گۆڕیان دیارە و نە تەرمیان و نە شوێنەواریان.

تەوار پێنجوێنی

 

ناوەندی هەواڵ- بەر لە ٢٥ ساڵ، کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧، هێزێکی چەکدار هێرشدەکاتە سەر بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بارەگای یەکێتی ژنانی ئازاد، نوسینگەی ڕۆژنامەی وڵات، نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا.

 

بەپێی هەندێک بەڵگەی بەردەست لەو هێرشەدا ٨٣ کەس لە ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، چالاکوان و کەسانی بریندار کۆمەڵکوژکران و بێسەروشوێن کران، تا ئێستاش نە شوێنیان دیارە و نە گۆڕیان.

 

کۆمەڵکوژی هەولێر بووە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە، چونکە فەرمانەکە لەژێردەستی ئەوانەوە جێبەجێکرا و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەرچوو، تا ئێستاش ئەو کۆمەڵکوژییە کە بەبەرچاوی شاری هەولێر و بە ڕۆژی ڕوناک لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا، کەس خۆی ناکاتە خاوەنی و تاوانباران باجی تاوانەکەیان نەداوە.

 

دوای ڕاپەڕین دەوڵەتی تورکیا بارەگاکانی لە هەرێم بنیادنا

چنگی دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لەسەر باشوری کوردستان بووە و ویستوویەتی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بە ئامانج نەگات، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٣ بەدواوە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان دەستپێدەکات چەندین شوێن دەکاتە ئامانج، بیانووشی گەریلاکانی ئازادی و پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام لە جەوهەریدا دەردەکەوێت ئامانجە سەرەکییەکەی داگیرکردنی کوردستان و زیندووکردنەوەی میساقی میللییە.

 

لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بێئومێدی هاوڵاتی لە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان دەگاتە لوتکە، بۆیە تاکە ئومێدی گەل دەبێتە پارتی کرێکارانی کوردستان و بنەماکانی تێکۆشانی ئەو پارتە لەپێناو دۆزی کورد، مافی کۆمەڵگە و ژنان باش تێدەگەن، هاوکات دەوڵەتی تورکیا ئەو بۆشاییە سیاسییەی باشوری کوردستان دەقۆزێتەوە و لە ساڵانی ١٩٩٠ بەدواوە چەندین بنکە و بارەگای خۆی لە باشوری کوردستان دەکاتەوە و هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانیش بۆ باشور چڕ دەکاتەوە، هانی هەردوو حزبی پەدەکە و یەنەکەش دەدات دژی پەکەکە بکەونە شەڕەوە، کە چەندین شەڕ لەنێوان یەنەکە و پەدەکە بەرامبەر پەکەکە هەڵدەگیرسێت بەتایبەت لە ساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٤دا.

 

بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا، پەدەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدا

دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵیداوە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد پەکبخات، بۆ ئەوەش دەستە دەستکردەکەی کە پەدەکەیە بەکاردەهێنێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بە وردبوونەوە لەوەی مەیلی گەل لە ساڵانی ٩٠ەکاندا بەرەو بزوتنەوەی ئازادی کورد زیادیکردووە، کە ئەمە پێچەوانەی خواستی دەوڵەتی تورکیایە، بۆیە هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی لە چیاکانی کوردستان بەتایبەت لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧ کە بە ٢٠٠ هەزار سەربازەوە هێرش دەکاتە سەر بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و تێیدا پەدەکە بەشدارە، فەرمان بە کۆمەڵکوژی هەولێر دەدات.

 

دوای ٢ ڕۆژ، لە ١٦ی ئایاردا هێزێکی زۆری سەربازی پەدەکە لە یەک کاتدا دەدەن بەسەر بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بارەگای یەکێتی ژنانی ئازاد، نوسینگەی ڕۆژنامەی وڵات، نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا و کۆمەڵکوژی دەکەن و تەنانەت بریندارەکانیش کۆمەڵکوژ دەکەن.

 

٢٠ ڕۆژنامەنووس لە کۆمەڵکوژی هەولێردا کۆمەڵکوژکران، ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەکانی وڵات و وڵاتی ڕۆژ و تەلەفزیۆنی مەد تیڤی بوون، ئەوانیش:

 

١- محەمەد نادر گەزنەیی ناسراو بە خۆگر، ساڵی ١٩٧٠ لە هەولێر لەدایکبووە.

٢- ئازاد محەمەد ناسراو بە کەمال، ساڵی ١٩٧١ لە ڕواندوز لەدایکبووە.

٣- شوانە حەمەلاو ناسراو بە ڕێباز، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

٤- ئیدریس عەلی محەمەد ناسراو بە ئازاد، ساڵی ١٩٧٣ لە پێنجوێن لەدایکبووە.

٥- ڕەجەب محەمەد ساڵح ناسراو بە گۆران، ساڵی ١٩٧١ لە کەلار لەدایکبووە.

٦- گەلاوێژ کەمال حەسەن ناسراو بە ڕەوشەن، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

٧- یوسف خالید نەجیب ناسراو بە موراد، ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی دایکبووە.

٨- حامید بەرزنجی ناسراو بە کاوە، ساڵی ١٩٧٣ لە کەرکوک لەدایکبووە.

٩- ئیسماعیل عەبدوڵا کوردە ناسراو بە ئارام شەقڵاوە، ساڵی ١٩٧٢ لە شەقڵاوە لەدایکبووە.

١٠- گەلاوێژ عارف مەحمود ناسراو بە بەرخۆدان، ساڵی ١٩٧٥ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١١- شێخ کامەران هیرانی ساڵی ١٩٦٨ لە هیران لەدایکبووە.

١٢- پەری عوسمان محەمەد ناسراو بە پەیام، ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١٣- ناهیدە حەمەساڵح ناسراو بە ڕوکەن، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١٤- گونای گەلچلمەز ناسراو بە ڕوناهی، ساڵی ١٩٧١ لە پازارچک لەدایکبووە.

١٥- مێرخاس سەرێکانی ساڵی ١٩٧٠ لە سەرێکانی لەدایکبووە.

١٦- ڕۆنی مەڵازگرد ساڵی ١٩٧٨ لە مەڵازگرد لەدایکبووە.

١٧- ڕۆزا یوسف ناسراو بە ڕۆزا جودی ساڵی ١٩٦٩ لە درباسییە لەدایکبووە.

١٨- جوان شێخۆ ناسراو بە هونەر ساڵی ١٩٦٥ لە دێرک لەدایکبووە.

١٩- سەرکەوت خانەقینی ساڵی ١٩٧٢ لە خانەقین لەدایکبووە.

٢٠- بەکر دۆغان ناسراو بە نومان ساڵی ١٩٦٨ لە ڕوحا لەدایکبووە.

 

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەردەسته لەو کۆمەڵکوژییەدا ٨٣ کەس لە ڕۆژنامەنووس، چالاکوان، هونەرمەند و کەسانی بریندار کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کراون، ئەوانەی کۆمەڵکوژکران لە شوێنێک بە ناوی مەعمەل قیر، لەسەر ڕێگای هەولێر-مەخمور نێژراون، ئەوانەشی بێسەروشوێنن هەتا ئێستا نازانرێت لە ژیاندا ماون، یاخود ژیانیان لەدەستداوە.