٥٠٦ ساڵە دەوڵەتی تورک خەون بە داگیرکردنی شەنگالەوە دەبینێت

دیمۆگرافیای شەنگال بە دەستی عوسمانییەکان و بەعس و داعش و تورکەوە هەمیشە لە گۆڕانکاریدا بووە، چۆنیان ویستوە بەبێ گوێدانە سەروەری خاکەکەی پێشێلکارییان تێدا ئەنجامداوە، بەو هۆیەوە شەنگال بووەتە ناوچەیەک کە گەلەکەی بەردەوام لە بەردەم شاڵاوی داگیرکەراندا بووە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- مێژووی‌ شە‌نگال دوور و درێژە‌‌ و بۆ ھە‌زاران ساڵ دە‌گە‌ڕێتە‌وە، وە‌ک شار و شارۆچکە‌کانی‌ دیکە‌ی‌ کوردستان، بووەتە‌ مە‌یدانی‌ ململانێی‌ نێوان عوسمانی و  سە‌فە‌وییە‌کان، لە‌ ساڵی‌ ١٥١٦دا لە‌لایە‌ن عوسمانییە‌کانە‌وە‌ داگیرکراوە.

 

لە‌ نێوان ساڵانی‌ ١٩٤٧-١٩٨٠ چە‌ند گۆڕانێکی‌ بنە‌ڕە‌تی‌ بە سەر بونیادی‌ شارەکەدا هاتووە و تە‌عریب کراوە‌، یە‌کە‌مین ھە‌نگاوێکیش لە‌و چوارچێوە‌یە‌دا نراوە‌ بریتی بووە‌ لە‌ تاپۆکردنی ٢٣ هەزار و ٣٥٥ دۆنم زە‌وی‌ لە ڕۆژهە‌ڵاتی‌ شەنگال بۆ ئە‌و ھۆزە‌ عە‌رە‌بانە‌ی‌ کە‌ لە‌ دە‌رە‌وە‌ی‌ شارۆچکەکە و پارێزگای‌ نە‌ینە‌واوە‌ برابوونە ئەوێ، ھە‌روە‌ھا لە‌ ڕۆژئاواوە دە‌سە‌ڵاتدارانی‌ سیاسی‌ دە‌ستیانگرتووە‌ بە‌سە‌ر زیاتر لە‌ ٦٠ ھە‌زار دۆنم زە‌وی کوردە‌ ئێزیدیە‌کانی‌ ھۆزە‌کانی‌ قە‌یران‌ و فە‌قرادا، لە‌ باکوری‌ شارە‌کە‌شە‌وە‌ کە‌ شارەدێی "سنونێ"ی‌ لێیە‌ لەلایە‌ن ھۆزە‌ عە‌رە‌بە‌کانە‌وە‌ دە‌ستگیراوە‌ بە‌سە‌ر دە‌یان ھە‌زار دۆنم زە‌ویدا.

 

لە‌ ساڵی‌ ١٩٧٠ پڕۆسە‌ی‌ بە عەرەبکردن-تەعریب لە‌ ناوە‌ندی‌ شارۆچکەی شەنگالدا سەرەتا بە‌نھێنی‌ دە‌ستیپێکردووە،‌ دوای‌ نسکۆی‌ ١٩٧٥ ئە‌و پڕۆسە‌یە‌ ئاشکراتر ئە‌نجام دە‌درا‌ و زۆربە‌ی‌ زۆری‌ گە‌ڕە‌کە‌کانی‌ کاولکرا و خە‌ڵکە‌کە‌ی‌ ناچارکران لە‌ ئۆردوگای‌ زۆرە‌ملێدا نیشتە‌جێ ببن، لە‌ ساڵی‌ ١٩٧٧دا زیاتر لە‌ نیوە‌ی‌ دانیشتوانە‌کەی‌ روویان کردە‌ ناوچە‌کانی‌ دیکە‌ی‌ ھە‌رێمی‌ کوردستان‌ و ئە‌وە‌شی‌ مایە‌وە‌ ناچارکران ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەرنەکرێن و موڵک و ماڵیان لێ زەوت نەکرێن، هەروەها زیاتر لە‌ ١٥٠ گوندی‌ دە‌وروبە‌ری‌ شارەکە، لەلایەن دە‌سە‌ڵاتدارانی‌ بە‌عسە‌وە‌ سوتێنران و وێرانکران.

 

دیمۆگرافیای شەنگال دەستکاری کرا

لە نێوان ساڵانی‌ ١٩٨٠-٢٠٠٢ گە‌ڕە‌کە‌ کۆنە‌کانی شارەکەش سووتێندران و وێرانکران و چە‌ند ناوچە‌‌ و گە‌ڕەکێکی‌ نوێیان دروستکرد بۆ عە‌رە‌بە‌کان‌ و ناسنامە‌ی‌ شارە‌کە‌یان گۆڕی‌‌، بە هۆی ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی تەعریبدا ئەنجامدرا، ژمارە‌ی‌ دانیشتوانە‌کە‌ی‌ زیادیکرد، زیادبوونی‌ ژمارە‌ی‌ دانیشتوانی‌ شەنگال ئە‌وە‌ دە‌ردە‌خات کە‌ حکومە‌تە‌ نەژادپە‌رستەکانی عێراق بە ‌ئارە‌زووی‌ خۆیان دە‌ستکاریی دیمۆگرافیای‌ ئە‌و شارە‌یان کردووە‌.

 

بەو هۆیەوە شەنگالی قەڵای خۆڕاگریی، بوو بە ناوچەیەکی نیمچە دابڕاو لە باشوری کوردستان، بەهۆی سنوری دیاریکراوی سایکس بیکۆوە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دابڕا.
 

دواتر لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس، شەنگال هەر وەک ناوچەکانی مەخمور و خانەقین کەوتە ژێر هەژموونی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێم، لە ساڵی ٢٠٠٤ هەتا ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمترین خزمەتکرا، هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی تێدا نەکرا و شەقامی نوێ لێنەدرا، باخچە و باڵەخانە و نەخۆشخانەش دروستنەکرا، شارێک لە شێوەی وێرانە، بێکاری و گوزەرانی خراپ و نەداریی وای لە گەنجانی شەنگال کرد، بۆ کار ڕوو لە ناوچەکانی تری کوردستان و موسڵ بکەن.

 

دوای هێرشی داعش شەنگال بووەوە بە قەڵای خۆڕاگری

لە ٣ی ئابی٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی و کاولکاری تێدا ئەنجامدا، ئەگەرچی شەنگال لەژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا بوو، بەڵام بەرگری نەکرد و وەک یەکەم هێز لە ناوچەکە هەڵهات، هەتا نزیک زاخۆ و لە خوارەوەش تا دەوروبەری شێخان ناوچەکەیان جێهێشت، سەرەتا یەکێتی کە هێزێکی چەند مەفرەزەیی بوون لە شاخی شەنگال بەرگرییان کرد، دواتر هێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە گەشتنە شەنگال و بەرگرییان لە خەڵکەکەی کرد و دەروازەی ڕزگاربوونیان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بۆ شەنگالییەکان کردەوە، گەنج و پیری شەنگال بە پشتیوانی یەپەگە چەکیان هەڵگرت و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە دامەزرا، لە ڕزگارکردنی خانەسور و سنونێ و شەنگال رۆڵی بەرچاویان گێڕا، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ شەنگال لەلایەن گەریلاکان و شەڕڤانانی ئازادی و گەلی ئێزدی ڕزگارکرا.

 

ئەوانەی بەشداری هەڵمەتی ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش بوون، شاهێدی ئەوە دەدەن کێ شەنگالی ڕزگار کرد و ئاماژە بەوەدەکەن کە پەدەکە لە شەنگال شەڕی نەکردووە، هەم لە کاتی ڕادەستکردنی شەنگال، هەمیش لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش، ئێستاش ئەوەی شەنگالی پاراستووە تەنها هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئیزدیخانن، بەدەر لەو هێزانە هیچ گرەنتییەک نییە کە دووبارە ئەو کارەساتەی بەسەر شەنگالدا هات لە ئێستا و ئایندە بەسەریدا نەهێندرێتەوە.

 

پیلانگێڕی لەسەر شەنگال بەڕێوە دەچێت

لە ئێستادا دەوڵەتی تورک هاوشێوەی ناوچە سنوورییەکان هێرش دەکاتە سەر شەنگال و ئامانجییەتی ئەو ناوچانە داگیربکات، کە بە خاکی عوسمانییەکانی دەزانێت، هەربۆیە بەردەوام لە ڕێککەوتندایە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، نوێترین ڕێککەوتنی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەسەر بنەمای داگیرکاری و تێکدانی ئیرادەی گەلی ئیزدی و شەنگال واژۆ کرد، ئەم ڕێککەوتن و پلانەش دەستی پەدەکە و حکومەتی عێراق و تەواوی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تێدایە، چونکە بەرژەوەندییەکانیان لەو چوارچێوەیە دایە.

 

لە ساڵی ١٥١٦ەوە کە ئەو شارە لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا، تا ئێستا کە ٥٠٦ ساڵ تێپەڕیوە دەوڵەتی تورک چاوی لەسەر شەنگالە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان، حکومەتی عێراقیش بۆ جێبەجێکردنی پلانە سێ قۆڵییەکەیان لە ١٨ی نیسانی ئەمساڵدا هێزی بەرەو شەنگال جوڵاند و گرژیی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە خوڵقاند، بەڵام ئەمجارە شەنگال خاوەن خۆبەڕێوەبەری و هێزی خۆیەتی و بەرامبەر پیلانگێڕییەکان بەرخۆدان دەکەن.