دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەڵەبجە

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەڵەبجە باس لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، کە ئازادییەکی زیاتر فەراهەم کراوە و ژنان باشتر کارەکانیان ڕادەپەڕێنن. میهرەبان سەلام کاکەیی

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەڵەبجە باس لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، کە ئازادییەکی زیاتر فەراهەم کراوە و ژنان باشتر کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەمڕۆ ١٢٣ ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت، کە ڕۆژنامەی "کوردستانە" بۆ یەکەمجار لە شاری قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسڕ بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە.

لە دوای ئەم ڕۆژنامەیە چەندین ڕۆژنامەی دیکە بڵاوکراونەتەوە، ئێستاش بە سەدان کەناڵی جیاوازی ڕاگەیاندن، لە تەلەفزیۆنەوە تا کەناڵی ئاسمانی و ڕۆژنامە، گۆڤار و میدیای ئەلیکترۆنی کوردی هەیە.

ئەزموونی ژنانی کورد لە ڕاگەیاندندا دەگەڕێتەوە بۆ گوزیدە عومەر کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٦ لە ڕۆژنامەی ژیان یەکەم نوسینی خۆی بڵاوکردەووە، دواتر چەندین ژن هاتوونەتە ناو کایەی ڕاگەیاندنەوە، بەڵام هێشتا بەشداری ژنان بەپێی پێویست نییە، بەپێی ئامارێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نزیکەی ٪٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژنامەنووسانی ئەندام لە سەندیکاکە ژنن.

لە پارێزگای هەڵەبجە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە ژنان بەشداری کاراییان لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا هەیە، کاری پەیامنێری و پێشکەشکاری و کامێرا دەکەن، هەوڵ دەدەن وەک ژنێک تواناکانی خۆیان نیشان بدەن.

 

ڕەنگین سەلام ماوەی ١٧ ساڵە لە پارێزگای هەڵەبجە کاری ڕاگەیاندن ئەنجام دەدات، باس لەوەدەکات ئێستا لە شاری هەڵەبجە دۆخەکە بۆ ژنانی زیاتر گونجاوە، ژنان هەوڵدەدەن بێنە ناو کایەیی ڕاگەیاندنەوە، ئەوەشی خستەڕوو ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەڵەبجە جیاوازە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئازادییەکی زیاتر فەراهەم کراوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەگەر کێشەکانی بە سیاسی نەکرێن ئەوا ئازادییەکی زۆر بۆ ژنان فەرامهەم کراوە، دەڵێت "بەڵگەم بۆ ئەو ئازادی ڕۆژنامەگەرییەی لە هەڵەبجە هەیە ئەوەیە، کە ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵە کاری ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدەم، تا ئیستا هیچ حاڵەتیکی نەخوازراو ڕووی نەداوە".

 

شادی ئەمین، پەیامنێری ماڵپەری شارپرێسە، باس لەوەدەکات بەشداری ژنان لە هەڵەبجە لە ئێستادا لە دۆخێکی باشدایە، هاوڵاتیان و بەرپرسان هاوکارییەکی باشی ڕۆژنامەنووسان بۆ کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن، هەروەها باسی لەوەشکرد هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا کەمتر ژنان دەهاتنە ناو بواری ڕۆژنامەنووسی، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو لە کاری ڕاگەیاندندا دەردەکەون.

 

بوشرا فاروق، پەیامنێر لە تۆڕی میدیای ڕوماڵ، باس لەوەدەکات دەزگا ڕاگەیاندنەکان لە هەڵبجەدا هاوکاریی پێگەیشتن و سەرکەوتنی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەن، پێچەوانەی شارەکانی دیکە کە ژنان گرفتیان بۆ دروست دەبێت.