لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا ١٨ ژن کوژراون و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە

لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تا ئێستا ١٨ ژن توندوتیژیان بەرامبەر کراوە کە ١٣ ژنیان کوژراون و یاخود ناچار بە خۆسووتاندن کراون، یاخود بە هۆکاری ڕووداوی گشتی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بەردەوامیدان بە توندوتیژی و زهنیەتی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، تا ئێستا ژنان بە ئاشکرا لەناو کۆمەڵگە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لەناو خێزانەکاندا بە بیانووی جۆراو جۆر دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی پەیوەندیدار بەدەم کەیسەکانەوە ناچن و داڵدەی بکوژان دەدەن.

 

لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی سەر ژنان بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ئامارەکان ناخەنە ڕوو، بەڵکو پەردەپۆشیان دەکەن تا بانگەشەی کۆمەڵگەیەکی ئاشتی بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنان ڕۆژانە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، ئەمە جگە لەوەی چەندین حاڵەتی دیکە هەیە لەناو خێزانەکاندا کپ دەکرێن، یاخود سوڵحی عەشایەری دەکرێت و تەنانەت ناگاتە میدیاکانیش.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها لە میدیاکانەوە کۆی کردووەتەوە، ئامارەکانی مانگی ئادار تاکو مانگی ئایار بەمشێوەیەیە؛

مانگی ئادار

گەرمیان

لە بەرواری ٣ی ئاداردا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، تەرمی کچە فێرخوازێک بەناوی " د، ا، ع "، تەمەن ١٤ ساڵ، براوەتە پزشکی دادی کەلار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو.

بە پێی زانیارییەکان، کچەکە لەگەڵ دایکی لە ماڵەوە بووە، بە دەمانچەکەی باوکی کە خانەنشینی پێشمەرگەیە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

 

هەولێر

٤ی ئادار، لە بەردەم دادگای هەولێر ژنێک بە میدیاکانی ڕایگەیاند، لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە، بۆیە سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە کەرتی پۆلیسدا کار دەکات، ڕێگریی لە سکاڵاکەی دەکرێت بچێتە دادگا و هەوڵدەدەن لەژێر فشاری هەڕەشەی کوشتندا دەستبەرداری سکاڵاکەی بێت.

 

ئەو ژنە دایکی دوو منداڵە، لەبارەی هۆکاری ئەشکەنجەدانەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، باوک و براکانی دەیانەوێت لەو خانووەی پاش کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی بۆی ماوەتەوە دەری بکەن و دەستبگرن بەسەر ئەو موڵکەدا.

 

هەولێر

لە بەرواری ١٢ی ئاداردا، پیاوێک لە شاری هەولێر دەستڕێژی گولەی لە دوو کەس کرد و برینداری کردن، یەکێک لە بریندارەکان هاوژینی تەقەکەرەکەیە و بریندارەکەی دیکەش خاڵی ژنەکەیە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراونەتەوە، پیاوە تەقەکەرەکە بۆ چوارەم جار هاوسەرگیری کردووەتەوە و بەو هۆیەوە هاوژینەکەی بەجێی هێشتووە، بۆیە هەڕەشەی لێکردووە و دواجار دەستڕێژی گولـلەی لێکرد و برینداری کرد.

 

سلێمانی

١٩ی ئادار، پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، پۆلیسی بازیان تۆمەتبارێکیان دەستگیر كرد، كە هەڕەشەی لە ژنێک کردبوو، تۆمەتبار م. ت. ف لەدایكبووی ٢٠٠٥، پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، سکاڵاکە لەلایەن باوکی کچەکەوە تۆمار کراوە، بەوەی کەسێک بە هەڕەشە و فشار داوای بڕی هەزار دۆلاری لە کچەکەی کردووە.

 

گەرمیان

٣١ی ئادار، لە شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیان ژنێکی خانەنشین، لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی شوبات لەبەردەم بانکی گەرمیان، دۆخی تەندروستی تێکچوو و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنە ناوی "ئامینە حەسەن"ە و تەمەنی ٧٠ ساڵەو دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی سەر بە کەلارە.

 

مانگی نیسان

هەولێر

٣ی نیسان، لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە شاری هەولێر، پیاوێک تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و کوشتی، بە پێی زانیارییەکان، تۆمەتبار "ج. م. س" هەڵساوە بە کوشتنی هاوژینەکەی لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراوە.

 

ڕاپەڕین

٧ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی فاتم ڕەسو، دایکی چوار منداڵ، لە گوندی زوورکانی شارەدێی سەنگەسەر لە شارۆچکەی پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە گولـلەی دەمانچە بە گوماناوی گیانی لەدەستداوە.

 

بە وتەی کەسوکارەکەی دوو هەفتە بەر لە ڕووداوەکە هاوژینەکەی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە، لە پاش دوو هەفتە تەرمی خۆشی گەیەندرایە نەخۆشخانەی ڕانیە، بە وتەی کەسوکارەکەی فاتم ڕەسو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هۆکارەکەشی مردنی هاوژینەکەی بووە.

 

هەولێر

ئەو ژنەی لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە ناوی "فەیروز ئازاد"، لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر لەلایەن دوو کوڕەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەرواری ١٧ی نیسان، لە شارەدێی دارەتووی شاری هەولێر بە گولـلە کوژرا.

 

بەپێی وتەی دایکی ژنە گەنجەکە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیارییەکانی ئاشکرا کرد، فەیروز لەلایەن باوکی کە ناوی "ئازاد قادر عەبدوڵا"ە و برایەکی بەناوی "عەبدولکەریم ئازاد" و خاڵ و خاڵۆزاو پورزاییەوە کوژراوە، لە پاشان پۆلیسی هەولێر لە هەمان ڕۆژدا، توانیویانە بكوژ و تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیی، کە براکەیەتی دەستگیر بکەن.

 

سلێمانی

لە بەرواری ٢٤ی نیسان، لە شاری سلێمانی ژنێکی گەنج لەسەر پردی "خاڵە شیهاب" نزیک فامیلی مۆڵ کەوتووەتە خوارەوە، بەپێی وتەی لایەنی پەیوەندیدار لە ژیاندا ماوە.

 

کەرکوک

لە بەرواری ٢٥ی نیسان، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە گوندی تەرکەلانی سەر بە شارەدێی تۆپزاوا لە کەرکوک، ژنێک بەناوی "س. ع. م" لەلایەن کوڕەکەی بە سەختی بریندار کرا، بەهۆی ئەوەی گولـلەکە بەر سینگی ژنەکە كه‌وتووه‌ و برینەكەی سەخت بووە، بۆیە لە پاش كەمێک لە ڕووداوەکە گیانی له‌ده‌ستداوە، پۆلیس لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، گوایە کوڕەکە بە هەڵە و لە کاتی دەستکاریی کردنی چەکەکە گولـلەی لە دایکی داوە، بەڵام هەمیشە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لەلایەن کەسوکاریانەوە بە ناوی هەڵە بەکارهێنانی چەک و نەزانین بێدەنگی لێدەکرێت.

 

گەرمیان

شەوی ٢٩ی نیسان بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵان لە گەڕەكی كەلاری كۆنەوە كە بەهۆی بەركەوتنی بە تەزووی كارەبا برینداربووبوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار دوای چارەسەری پێویست بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كرا، بەڵام لە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستداوە.

 

ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە مانگی ئایار؛

هەولێر

١ی ئایار، لە شارۆچکەی کۆڕێی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی لافاوەوە دیوارێک ڕووخاوە بەسەر چوار ژندا، بەرگریی شارستانی هەولێر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، ژنێک گیانی لەدەستدا و سیانی تریش برینداربوون.

 

ئاکرێ

لە بەرواری ٥ی ئایار، لە گوندێکی سنوری شارۆچکەی ئاکرێ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵان، بەناوی 'لەمیس فەهد' دانیشتوی گوندی دۆبێ لە سنوری شارۆچکەی ئاکرێ سووتا، بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا.

خێزانەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە خۆی سووتاندووە و تا ئێستاش لە هۆکاری خۆسووتاندنەکەی ئاگادار نین.

 

زاخۆ

لە ١٢ی ئایاردا، لە شارەدێی دەرکار سەر بە ئیدارەی زاخۆ، پیاوێک بە دەستڕێژی گوللـە خوشکێکی خۆی کوشت، تۆمەتبارەکە ناوی (ب.م.ع)ـە، بەپێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە.

 

سلێمانی

لە ٢٠ی ئایاردا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ئاگادار کراونەوتەوە لە ڕووداوی کوشتنی کچێک، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و بۆیان دەرکەوتووە، باوکەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و بە سەختی برینداری کردووە، هەر بەو هۆکارەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بە پێی زانیارییەکان تۆمەتبار "ع. ع. م" لەدایكبووی ساڵی ١٩٧١ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

 

 دهۆک

لە بەرواری ٣١ی ئایاردا، ژنێکی فەڵەستینی بەناوی ئیسرا یوسف، تەمەنی ٤۱ ساڵ کە لە دهۆک کاری دەکرد، بە شێوەیەکی گوماناوی سووتا و لە دوای مانەوەی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

   

مانگی حوزەیران

سلێمانی

١ی حوزەیران، ته‌رمی ژنێکی گەنج له‌ نزیک خوێندنگەی شیرینی كچان و پاركی ئازادی شاری سلێمانی‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوە دەستگیر نەکراوە.

سلێمانی

شەوی ٦ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان، کە دووگیان بووە بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و بە وتەی باوکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت

 

بە وتەی باوکی ژنەکە، کچەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کچەکەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە، بەڵام ئەوان ئاگاداری گرفتەکانی نەبوون لەگەڵ هاوژینەکەیدا و لە نەخۆشخانە ڕاستیی ڕووداوەکانیان زانییوە.

 

ئامارەکانی نوژنها تەنها ئەو ئامارانەن کە لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا  توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان لەوانە زیاترە و بە هۆی ئەقڵیەتی عەشیرەتگەرایی و خێزان و پەیوەندی و کێشەی کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شاراوەیی دەمێننەوە و ئاماری دروست بڵاوناکرێتەوە.