زیرەکی دەستکرد سەرەڕای داهێنانەکانی دەتوانێت ببێتە مەترسی

زیرەکی دەستکرد دەرفەت بۆ باشترکردنی ژیان و یەکسانی ڕەگەزی دەخوڵقێنێت، بەڵام هەڕەشەکانی وەک ساختەکاری قووڵ، بێکاری و زیانگەیاندن بە ژینگە و خراپ بەکارهێنان لەلایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

مەهتاب شەریفی

 

ورمێ- زیرەکی دەستکرد-AI  وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین و بەناوبانگترین تەکنەلۆژیاکانی سەدەی ٢١، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە گۆڕانکاری و پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا، ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤ هەیە، لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆ دەرفەت و هەڕەشەکانی زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە، ژنان، دامەزراندن و ژینگە و ئەگەری خراپ بەکارهێنان لەلایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە دەکەین.

 

دەرفەتەکانی زیرەکی دەستکرد

زیرەکی دەستکرد وەک داهێنانە پێشکەوتووەکانی تر بەهۆی کارایی بەرزییەوە دەرفەتی زۆر دەهێنێت، کە پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و دەستنیشان بکرێن، ئەم بوارە وەک جیهانێکی نوێ پێویستی بە گرنگیدانێکی تایبەت هەیە، لە زۆر حاڵەتدا بێ گومان زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ئاسوودەیی و ئاسانکاری زیاتر بۆ مرۆڤ دەستەبەر بکات، بەڵام ئەو خاڵەی کە ئێمە لێی بێ ئاگاین ئەوەیە کە جیهانی تەکنۆلۆژیا و سیستمی ئابووری ئێستا لەسەر سەرمایەداری دامەزراوە و بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانی تێدا نادۆزرێتەوە، لە دونیایەکدا کە تەنها لایەنە باشەکانی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی زانست دەبینین، بە دەگمەن دەبینین کە زانست بۆ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەکاربهێنرێت، وەک بۆمبی ئەتۆمی و کیمیایی کە ژیانی مرۆڤ و ژینگە بە گشتی دەخاتە مەترسییەوە.

 

باشترکردنی دۆخی ژیان

بێ گومان دەتوانرێت زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی، مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە جوڵەیان کەم بووەتەوە و چەندینی دیکە، هەروەها بە هاوکاری زیرەکی دەستکرد دەتوانرێت پەروەردەیەک بۆ خەڵک دابین بکرێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆربەی زیرەکی دەستکرد لەسەر بنەمای زمانی ئینگلیزییە و بەو زمانە شیکاری دەکەن، بەڵام لە درێژخایەندا هیوایەک هەیە کە زیرەکی دەستکرد پەرەی پێبدرێت و بۆ پەروەردەیەکی باشتر بەکاربهێنرێت.

 

بە دامەزراوەییکردنی یەکسانی ڕەگەزی

بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، بە جێبەجێکردنی یاسا و چاودێریکردنی کۆمپانیا پێشەنگەکان، دەکرێت ڕێبازەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردن و نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی و پێشخستنی دەرفەتی یەکسان لە ژینگەکانی کار و پەروەردەدا.

 

زیان و هەڕەشەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر مرۆڤایەتی

-خراپ بەکارهێنانی ساختەکاری قووڵ

یەکێک لەو هەڕەشانەی زیرەکی دەستکرد لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت کە ژنان دەکاتە ئامانج، بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیکی ساخته بۆ ئازاردانی ژنان و توندوتیژی سێکسی و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، زیرەکی دەستکرد وەک شمشێرێکی دوودەم کاردەکات و لەبری ئەوەی خزمەت بە یەکسانی ڕەگەزی بکات، دەتوانرێت بۆ هەراسانکردنی ژنان بەکاربهێنرێت.

 

-لەدەستدانی هەلی کار

نیگەرانی لە گۆڕینی کاری مرۆڤ بە ڕۆبۆت و سیستمی زیرەک، یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییە خراپەکان بە گشتی، ئەو گۆڕانکاریانەی کە بە یەکجار ڕوودەدەن دەبێتە هۆی بێکاربوونی خەڵکێکی زۆر و لە حاڵەتی زیرەکی دەستکردیشدا، بەهۆی زیادبوونی پێشکەوتنەکانییەوە، پێدەچێت ببێتە هۆی نەهێشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبێت کارمەندەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەهۆی گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە زیانیان پێنەگات.

 

-ژینگە

بەرهەمهێنانی پاشماوەی ئەلیکترۆنی کە لە ئەنجامی پەرەپێدان و بەکارهێنانی بەربڵاوی ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و هەروەها دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو کە پێویستن بۆ پرۆسێسەری گرافیک و پێکهاتە ئەلیکترۆنیەکانی دیکە، لە مەترسییەکانی زیرەکی دەستکردن بۆ سەر ژینگە، لە ساڵی ڕابردوودا کە زیرەکی دەستکرد پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی گرافیک زیاتر لە ٪١٠٠ زیادی کردووە و لە درێژخایەندا ڕەنگە پاشماوەی ئەلیکترۆنی زیاتر بەرهەم بهێنن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەزۆری گۆڕانکاری و باشترکردنی بچووک بۆ بەرهەمە نوێیەکان و وەشانی نوێ بەکاردەهێنرێت، بەڵام خەڵک فێردەکرێن کە هەمیشە پێویستە بەرهەمی نوێ بکڕن و ئەمەش بەرەوپێشبردنی کولتوورێکی دژە ژینگەیی زیاد دەکات.

 

- خراپ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت و ئۆپن ئای ڕایانگەیاند کە حکومەتەکانی وەک ئێران، چین، ڕووسیا، بە خراپ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد سیاسەتەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەرچەندە ئەم کۆمپانیایانە لە بەرەی خۆیاندا ڕەفتارێکی سیاسیان هەبووە و خۆیان بە بەشێک لە بلۆکی ڕۆژئاوا دەزانن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەهۆی زۆری زانیاری و ئەو شێوازە بەرفراوانە کە حکومەتەکان زانیاری لە هاوڵاتیان کۆدەکەنەوە، هەموو حکومەتەکان بەتایبەت حکومەتە پێشکەوتووەکان، زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ پرۆسێسکردنی بڕێکی زۆر زانیاری و سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکی خۆیان و ناوچەکانی تری جیهانەوە

 

تەنانەت لەم دواییانەشدا باس لەوە دەکرا کە مایکرۆسۆفت زیرەکی دەستکردی تایبەتی بۆ حکومەتی ئەمریکا و دەزگای زانیارییی سی ئای ئەی ئامادە کردووە، یان سوپای ئیسرائیل تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی ناوەندەکانی ئامانجی خۆی لە غەززە، هەروەها حکومەتەکانی وەک ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەپاندنی حیجابی ئیجباری و بەکارهێنانی بۆ چەوساندنەوەی ژنان پەنایان بۆ زیرەکی دەستکرد بردووە.