چالاکوانێک: ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە هیچ کات تەواو نین

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لای چالاکوانان جێگەی متمانە نین، دەڵێن ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێتەوە کەمترە لەوەی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەش دەڵێت ئەو ئامارانە لای ئەوان ئەژمار ناکرێت کە بە قەزاوقەدەر بووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بەردەوام ئامارەکانی توندوتیژی لە زیادبووندان، کەمن ئەو ڕۆژانەی هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاونەکرێتەوە، لە پێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا شەش ژن کوژراون، ٣٠ ژن خۆیان کوشتووە، ٤٧ ژن خۆیان سوتاندووە، ٥٣ دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، هەروەها پێنج هەزار و ٧٩ سکاڵا تۆمارکراوە.

 

هاوکات چوار هەزار و ٦٩٦ پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە کراوە، کە زۆرینەیان هۆکاری کێشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە، ئەم ئامارانەش زۆری ڕێژەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دەردەخات، کە هێشتا لەناو کۆمەڵگادا هەیە و ڕەگی داکوتاوە، وەک چالاکوانێک دەڵێت پێویستمان بە دەیان ساڵ هەیە بۆ نەهێشتنی کەلتوری ژن کوشتن.

 

مانگانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان ئامارەکانی کوشتن، خۆکوشتن، سوتان، سکاڵا و دەستدرێژی سێکسی بڵاودەکرێنەوە.

 

بەڵام ئەو ئامارانەی کە بڵاودەکرێنەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە ڕێژەکەی لەوە کەمترە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاودەکرێنەوە، بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ژنها ئامارەکان لەوە بەرزترن کە بەڕێوەبەرایەتی بڵاوی دەکاتەوە.

 

بۆ نمونە بەپێی ئەو ئامارانەی کە ژنها لە ڕاگەیاندنە جیاوازەکان کۆی کردووەتەوە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا سێ ژن کوژراون، بەڵام بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها یەک ژن کوژراوە.

 

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئامارەکان بەهەمان شێوە جیاوازن، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ژنێک کوژراوە، ژنێکیش خۆی کوشتووە، بەڵام بەپێی ئەوەی ئاژانسی ژنها کۆیکردووەتەوە، دوو ژن کوژراون، سێ ژنیش خۆیان کوشتووە.

 

دەسەڵات نایەوێت ئامارە ڕاستەکان بڵاوببێتەوە

کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها هۆکاری جیاوازی ئامارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵات نایەوێت ئەو ئامارانە بڵاوبکرێتەوە، دەڵیت "هەوڵدەدەن بیشارنەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا بەرپرسیارنەبن و لێیان نەپرسرێتەوە کە توندوتیژییەکان بۆچی بەو ئاستە بەرزە".

 

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان ئەوەشدەخاتەڕوو، کە لەم دوو مانگەی کۆتاییدا بەلێشاو ژن دەکوژرێت، ئەمەش شکستی دەسەڵاتی کوردی دەردەخات، بەڵام ئێستا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناشاردرێنەوە، دەشڵێت: " ساڵی ٢٠٢١ ساڵی ژن کوشتن بوو لە هەرێمی کوردستاندا، بەم شکستەی لە کۆمەڵگادایە، لە هەموو بوارەکاندا شکستی دەسەڵاتە".

 

پێشی وایە کە زۆر جار پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا نییە.

 

ئامارەکان لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی و پۆلیسدا جیاوازی هەیە

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان پێویستە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە و بەهێزییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسدا هەبێت، بەڵام هەندێک جار ئامارەکانیش لەنێوان ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییەدا جیاوازیان بۆ دروستدەبێت، جەمال ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان هۆکاری ئەو جیاوازیەی گەڕاندووە بۆ ئەوەی، ئەوان ئەو ژنانە تۆمار ناکەن کە بەهۆی قەزاوقەدەرەوە گیان لەدەست دەدەن.

 

جەمال ڕەسوڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەوان پەیوەندییەکی بەهێزییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس هەیە، لەبەرامبەردا کارزان ئەمیر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بوونی پەیوەندی لەنێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکەی دووپاتکردەووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان ئاماری کوشتنی ژنان بڵاوناکەنەوە، چونکە ئەوە کاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانە.

 

ت.پ