ژنان لە ململانێوە بۆ کۆچبەری هەڵدێن
نان وەک گروپێک دەمێننەوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئازارەکانی ململانێکانەوە، ئەوان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش ناچاریان دەکات بەدوای پارێزراوی بگەڕێن.

میرڤەت عەبدولقادر
سودان-لەسەرەتای سەرهەڵدانی ململانێ لە سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هاوڵاتیان بەدەست نائاسایشی بەردەوام و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن، لەوانە دەرمان و خۆراک، لەگەڵ فراوانبوونی ململانێکان، قەیرانەکە خراپتر بووە و بووەتە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان لە جیهاندا.
سودان گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوێی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ژمارەی کۆچبەرانی سودان بۆ ئەوروپا لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ١٣٤% زیادیکردووە.
ڕاپۆرتەکەی کۆمیسار ئاماژەی بەوە کردووە کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی سودان (یەکێک لە هەر سێ کەس) بە زۆر ئاوارە بوون، زیاتر لە ٣.٨ ملیۆن کەس سنوورەکانیان بەزاندووە بۆ وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی ئامارەکانی UNHCR زیاتر لە ٥٣%ی کۆی گشتی ئاوارەکان لە وڵاتەکەدا ژنن.
"رێگای بیابان باشترین بژاردەیە"
ئەو دوو خوشکە بە ناوەکانی سەفا و مەروە محەمەد هیچ بژاردەیەکی تریان نەبوو جگە لە گرتنەبەری ڕێگای کۆچی نایاسایی، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو ململانێیەوە ماندوو بوون کە ژیانی ئەوان و ژیانی منداڵەکانیان گرتەوە، دوای ئەوەی هاوژینەکانیان لە دەستبەسەرکردنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوچەی حاج یوسف لە گەڕەکی بەحری خەرتوم لەدەستدا، مانەوەیان لەو دەوڵەتە بوو بە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ژیانیان، بۆیە پەنایان بردە بەر ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر لەناو سودان، بەو هیوایەی پەناگەیەکی ئارام بدۆزنەوە، بەڵام فراوانبوونی ململانێکە بۆ ئەوەی چەند دەوڵەتێک بگرێتەوە دواجار ناچاریان کرد بڕیارە سەختەکەی ببڕن لە بیابانەکان، لە ڕێگاکانی قاچاخەوە بۆ وڵاتێکی دراوسێ و ڕزگاریان بێت لە دۆزەخی ململانێکان.
ئاژانسەکەمان لە دڵی بیابانەکەدا چاوی پێیان کەوت کاتێک خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکەیان بە ئۆتۆمبێلێکی کراوە، خۆری سووتێنەر ڕاستەوخۆ بەسەر سەریان و سەری منداڵەکانیاندا بوو، هەموویان ماندوو و لە نەزانراو دەترسان.
سەفا محەمەد بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، ئەو و خوشکەکەی و منداڵەکانیان ڕۆژی چوارەمیان لە بیابان بەسەر بردووە، بەرەو وڵاتێکی دراوسێ بە دوای ئاسایش و ژیانێکی شکۆمەندانەدا ڕۆیشتوون، ئەم ململانێیە فراوانتر بووە و زۆرێک لە دەوڵەتانی سودان نائارامی کردووە، گرانیی تێچووی ژیان و نەبوونی دەرمان و تێکچوونی خوێندن ژیانی قورس کردووە، مانەوە لە سودان لە دۆخی ئێستادا مەترسیدارترە، بۆیە ڕووبەڕووی دوو بژاردەی قورس بووینەوە، یان لەنێو دەنگی تفەنگدا بمێنینەوە یان لە ڕێگەی ئەم ڕێگایە مەترسیدارەوە وڵات بەجێبهێڵین و بەرگەی بگرین تاوەکو لە ژیاندا دەمێنینەوە، ئەگەر قەدەرمان بۆ مانەوە.
ژنان قوربانین و لە شەڕەکاندا باجەکەی دەدەن
ئیسرا عەلی، خوێندکاری زانکۆی سودانییە، بەهۆی ململانێکانەوە خوێندنەکەی پچڕا، بەهۆی بۆردوومانێکی تۆپخانەوە باوکی لەدەستدا کە ماڵەکەیان لە خەرتومی پایتەختی سودان وێران کرد، ئەو هەڵهاتنی لە نەزانراو بۆ نەزانراو هەڵبژارد، بە هیوای ئەوەی باشتر بێت، خۆی و دایکە نەخۆشەکەی بەدوای پارێزراوی و چارەسەر و پەروەردەدا بەناو بیابانەکاندا گەشتیان کرد بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.
ئیسرا عەلی بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاندووە، ئەمە یەکەمجارە ناچار دەبین لە ڕێگەی ئەم ڕێگایەوە گەشت بکەین بۆ دەرەوەی سودان، دوای ئەوەی بەهۆی ئاوارەبوون لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە لەناو سوداندا ماندوو بووین، ناچار بووین لە ڕێگەی قاچاخەوە بڕۆن، ئەم ڕێگایانە پارێزراو نین و پڕن لە مەترسی، گەشتیاران نائارامن، تادێت نیگەرانی نەگەیشتن یان مردنیان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی گەشتەکانی کۆچی نایاسایی ژمارەیەکی زۆر ژنانی تێدایە، بەو پێیەی زۆرێک لە پیاوانی خێزانە سودانییەکان ژن و منداڵەکانیان دەنێرن بۆ وڵاتانی پارێزراوتر لەکاتێکدا لە سودان دەمێننەوە.
سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان لەسەر ئەو ڕێگایانە، ئیسرا عەلی وتی: ئەوان لە بیابانەکاندا بە بەرکەوتوویی دەمێننەوە، لەنێوان مەترسییە گەورەکاندا کە دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانیان و چارەنووسی منداڵەکانیان دروست بکات، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەنێو ئاژەڵی نێچیر و مێرووی ژەهراوی و کوشندە، لە کاتێکدا منداڵەکانیان ترسێکی زۆریان لەم مەترسییە هەیە.