ئیرادەی ژنێک کە ڕادەستی عەقلییەتی پیاوسالاری نابێت

کورتە ژیانی ژنێک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کە خۆی ڕادەستی عەقلییەتی پیاوسالاری ناکات دەڵێت: حیجاب بابەتێکی زۆردارییە نییە، ئەمە بابەتێکە کە هەر ژنێک بە روانگەی خۆی دەتوانێت هەڵیبژێرێت.

 

ئاڤزەم ڤیان

 

حەسەکە- ڕۆژی ١٦ی ٢٠٢٢، ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی  ڕژێمی ئیسلامی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج، کوشتنی ژینا ئەمینی لە ناو شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵات، دواتر لە ناو شارەکانی ئێران دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو  و بە تایبەت لە لایەن گەنجان و ژنانەوە سەرهەڵدانێکی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، کە ئەم سەرهەڵدانە لە هەموو جیهاندا دەنگیدایەوە و بوو بەدەنگی ملوێنان ژن کە هاوسۆزیان لەگەڵ یەکتردا کرد، ئەم سەرهەڵدانە بوو بە رەنگ و دەنگی هەموو ئەو ژنانەی کە لە ژێر فشار و ڕژێمی عەقلییەتی پیاودا ڕۆژانە ناچار بە ژیانێکن کە ناسنامە و هەبوونیان لەناو دەبات.

 

ئاهین ئەحمەد، مامۆستای ئامادەیی لە خوێندنگەی حامد مەحفوز لە گەڕەکی ساڵحیەی سەر بە شاری حەسەکە یەکێکە لەو ژنانەی کە لە سەرهەڵدانەکەی "ژن،ژیان،ئازادی"کاریگەر بووە و بەو بۆنەیەوە ئەویش لەچکەکەی بە مەشخەلی ئازادی  سوتاند، لەو سۆنگەیەوە  کورتە ژیانی خۆی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی " ژن، ژیان، ئازادی" لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئیرادەی ژنان لە بەرامبەر عەقلییەتی پیاوسالاری بۆ ئاژانسەکەمان گێرایەوە.

 

"بەرامبەر خوێندکارەکانم خۆم ئەرکدار دەبینم"

مامۆستا ئاهین ئەحمەد لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: لە سەرەتاکانی شۆڕش و دەرکەوتنی بزوتنەوە کوردییەکان حەز و مەرامم هەبوو بۆ کوردایەتی و بە تایبەت وەک ژنێکی کورد بۆ پاراستنی شۆڕشی کوردم شۆڕشێک کە بە دەستی ژنان ئاوا کرابێت و هەموو مافە ڕەواکانی ژنانیش دەپارێزێت، ژنان دەبێت لە هەموو بوارێکەوە زانا و ژیر بن و بەرامبەر شۆڕشی کوردستاندا خۆیان بەرپرسیار ببینن، بۆیە من وەک مامۆستایەک خۆم ئەرکدار ئەبینم کە خوێندکارەکانم لە بەرامبەر عەقلییەتی پیاو و فەلسەفەی ئازادی هۆشیار بکەمەوە.

 

"دەیانەوێت ژنان بە کوشتن بێدەنگ بکەن"

دەوڵەتی ئێران، دەوڵەتێکی فاشیست و زاڵمە کە بە ناوی ئیسلامی سیاسیەوە دەیەوێت حیجابی زۆرەملێ لە سەر ژنان بسەپێنێت، دەزانێت کە هەرچەندە ژنان هوشیار بن مەترسی بۆ دەسەڵاتیان هەیە، لەم چوارچێوەدا کوشتنی ژینا ئەمینی بیانوویەک بوو کە سزا و دەسەڵاتی خۆیان نیشان بدەن، ئەگەر کەسێک یاساکان پێکنەهێنێت ڕوبەڕوی مردن دەبێتەوە و بە تایبەت ژنان لە ڕێگای کوشتنەوە بچەوسێننەوە.

 

"کوشتنی ژینا ئەمینی بوو بە قەڵغانی شۆڕشێک بۆ من"

مامۆستا ئاهین ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر کاریگەری سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وتی: لە دوای بیستنی هەواڵی قەتڵی ژینا ئەمینی هەستم کرد قەلغانی شۆڕەش لە مندا درووست دەبێت، لە وڵاتێکدا کە  تەنیا بۆ بابەتی ناموس ژنان قەتڵ ئەکرێن و هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە منیش وەک ژنێکی کورد دەست لەو حیجابە هەڵگرم کە بە عەقلییەتی پیاوسالاری بەسەرمدا سەپاوە، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە بڕیارداریم بۆ ژیانێکی ئازاد و بە تەندروست تر لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوونتر و پتەوتر ببن، چونکە حیجاب بابەتێکی زۆردارییە نییە، بەڵکو بابەتێکە کە هەر ژنێک بە روانگەی  خۆی دەتوانێت هەڵیبژێرێت.

 

مامۆستا ئاهین ئەحمەد لە بەردەوامی قسەکانی دا سەبارەت بە ڕەوشی ژنان لە سووریا وتی:عەقلییەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و یاسای حجابی زۆرەملێ  لە ئێران ئەمڕۆش بە شیوازێکی تر لە سووریا بەردەوامە، بۆ نموونە پەردە دانان لە ناو باسێکدا بۆ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا کە یەکتر نەبینن، هەمان ڕێکاری ڕەگەزگەراییە و بەم کردەوە ناشایستانە کە لە سەر کۆمەڵگەیەکدا دەیسەپێنن هزر و ژیانی کۆمەڵایەتی بەرەو دواکەوتوویی دەبەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژن ڕەنگی ژیانە و دەتوانێت لە هەموو بابەتەکانی کۆمەڵایەتیدا پێشەنگایەتی بکات، ژن هەم دایکە، هەم مامۆستایە وهەمیش هاوڕێیە، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینین کە لە چەپەرەکانی شەڕدا ژنان شەڕ دەکەن، ئەمەیە کە ژنان جوان دەبەن و نزیکی سروشتییان دەکاتەوە، ئێمەی ژنان بە خۆ پەروەردە کردن و خۆڕیکخستن کردن، هیچ هێزێک ناتوانێ بریارمان لەسەر بدات، سڵاوی خۆم ئاراستەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، ئێمە وەک ژنانی رۆژئاوای کوردستان پاڵپشتی ئەوانین. پێوێستە هەموومان پێکەوە لە بەرامبەر عەقلییەتی پیاوسالار دەنگمان دەڕبڕین و یەکێتی خۆمان نیشانی هەموو دنیا بدەین.