ئارین میرکان... لە داستانی کۆبانێیەوە بۆ سیمبولی بەردەوامی بەرخۆدانی ژنان
لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئارین میرکان، کۆبانێ یادی ژیانی تێکۆشەرێک دەکاتەوە کە قوربانیدانەکەی بوو بە سیمبولی بەرخۆدان، لە کاتێکدا ناوی ئەو لە یادەوەری شارەکە و شوێنە گرینگەکانیدا چەسپاوە، کە قارەمانێتی ژنان بەڵگە دەکات.
نورشان عەبدی
کۆبانێ – ٥ی تشرینی یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئارین میرکان، شەڕڤان و ڕێبەری یەپەژەیە، ئۆپەراسیۆنی بەرخۆدانەکەی خاڵی وەرچەرخانێکی بەرچاوی لە بەرخۆدانی کۆبانێ دا بەدیکرد و بوو بە یەکێک لە دیارترین پێشەنگەکانیژنان و سیمبول کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لەو شەڕەدا هەبوو.
لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤، داعش هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، لە سێ ناوەندەوە، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی شارەکە، بەڵام پلانەکانی بە بەرخۆدانی توند و مێژوویی گەلی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە، لەگەڵ ئەو شەرڤانە ئازایانەی کە بەرگرییان لە شارەکە کرد.
بەرخۆدان لە کۆبانێ زیاتر لە چوار مانگ لە دژی داعش بەردەوام بوو، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥دا بە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ بەرخۆدان گەیشتە لوتکە، کۆبانێ بوو بە ئاماژەی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە دژی داعش و ئارین میرکان بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی، کە ئازایەتی و بەرخۆدان و ئیرادەی بێ چەواشەکاری بۆ بەرگریکردن لە شار و گەلەکەی بەرجەستە بوو.
ئارین میرکان کێیە؟
دیلارا کینگ ناسراو بە ئارین میرکان، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گوندی میرکان سەر بە ناوچەشاری موباتای عەفرین لەدایک بووە، ناوی "ئارین" لە ژنە شەڕڤانێکی پەکەکەوە ناونراوە، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە کە نوقم بوون لە کولتوور و بنەماکانی پەیوەست بە دۆزی کورد.
ساڵی ٢٠٠٧ ئارین میرکان پەیوەندی بە ڕیزەکانی ژنانی شەڕڤانی کوردەوە کرد، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ساڵی ٢٠١٢، بەشداری لە شۆڕشەکەدا کرد و بەشداری لە دامەزراندنی یەپەژەدا کرد، کاتێک داعش هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانی دەستپێکرد، بەشداریی لەو شەڕانەدا کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا بەڕێوەدەچوو و بەرخۆدانێکی بەرچاوی نیشاندا، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، لە ٢٠ەمین ڕۆژی بەرخۆدانی کۆبانێدا، ئارین میرکان لە گردی میشتە نور لە باشووری شار، ئۆپەراسیۆنێکی بەرخۆدانی ئەنجامدا، ئۆپەراسیۆنەکەی بەشداری کرد لە پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی داعش، کە ئەمەش وایکرد ببێتە سیمبولێکی دیار بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ.
"بە بیرکردنەوەی ئازادی خۆی، پێشەنگایەتی شەڕی کۆبانێ کرد"
سەبارەت بە کاریگەریی ئۆپەراسیۆنی بەرخۆدانت ئارین میرکان لەسەر ڕەوتی شەڕی کۆبانێ، عائیشە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە کۆبانێ ڕایگەیاند، دوای ١٣ ساڵ لە شەهیدبوونی ئارین لە کاریگەریی بەرخۆدانی کەم ناکەنەوە، کە تێیدا گیانی خۆی لە پێناو سەرکەوتنی بەرخۆداندا بەختکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئارین میرکان شوێنپێی ڕیڤان و بێریتان و دەیان ژنی شەڕڤانی دیکەی گرت و وتی: ژنێک کە ئۆپەراسیۆنێکی خۆبەختکردنێکی وا بەرچاو ئەنجام دەدات دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبووە، هەروەها ئیرادە و سەرکردایەتییەکەی بەشداربووە لە گۆڕینی ڕەوتی شەڕەکەدا.
ڕوونیکردەوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕەوتی شەڕی کۆبانێی لە ساڵی ٢٠١٤دا گۆڕی و بەرخۆدانی لەوێ گۆڕی بۆ ئامڕاز و سەرچاوەی هیوا بۆ گەلانی تێکۆشان بۆ ئازادی و مافەکانی گەلی کورد، وتی: ئارین ڕۆڵێکی بنەڕەتی بینی لە دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا، ژنانی کوردیش بوونە بڕیاردەر، توانای سەرکردایەتیکردنی شەڕەکەیان هەبوو.
عائیشە ئەفەندی جەختی لەوە کردەوە، کە بەرخۆدانی قارەمانانەی ئارین میرکان بەشداری کرد لە دامەزراندنی ١ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژێکی نێودەوڵەتی هاودەنگی لەگەڵ کۆبانێ، لەگەڵ خەباتی ژنانی شەڕڤان و بەتایبەت ئارین پلانەکانی بە ئامانجگرتنی کۆبانێی پووچەڵ کردەوە.
لە ڕێگای بەرخۆدانەوە بۆ مێزی دانوستان
عائیشە عەفەندی ڕوونیشیکردەوە، جیهان پێیوابوو گەلی کورد توانای هەڵگرتنی چەک و بەرگریکردنی لە ناسنامەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام خەباتی کورد و شەڕڤانانی بە پێچەوانەوە سەلماند، هەروەها توانای گواستنەوەیان لە سەنگەرەوە بۆ ڕێبازی سیاسەت و ئاشتی نیشاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا گەلی کورد قۆناغێکی نوێ و هەستیار بەخۆیەوە دەبینێت، خەریکی پڕۆسەی سیاسییە، ئێستا پرسی کورد لەسەر مێزەکانی دیالۆگی نێودەوڵەتی ئامادەیە، کە ئەمەش بە سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆ دۆزی کورد دەزانێت.
ڕایگەیاند، کە بوونی هێزەکانی پاراستنی ژنان و جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرئەنجامی خەباتی ژنان و بەرخۆدانی بەردەوامیان لە سەرەتای شۆڕشەوەیە تا ئەمڕۆ.
لە کۆتایی قسەکانیدا، عائیشە ئەفەندی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم دەستکەوتانە نوێنەرایەتی پێشکەوتن دەکەن بۆ ژنان، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنیان کردەوە، وتی: ئەم ئەزمونە پاڵنەرێکە بۆ ئێمە، وەک گەلی کورد بۆ بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەمان، هەروەها وروژاندنی کێشەکانمان لەسەر مێزی گفتوگۆ لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە سووریا.
مەیدانی ژنی ئازاد: ئاماژەیەک بۆ بەرخۆدانی ئارین میرکان
ساڵانێک دوای سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ، هێشتا گەڕەک و شەقامەکانی ئەو شارە شاهیدی ڕووداوەکانی شەڕ و یادەوەریی قارەمانەکانین، لە دیارترین شوێنەکانی مەیدانی ژنی ئازادە کە لە نێو دانیشتوانی شارەکە و لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە مەیدانی شەڕڤان و شەهید ئارین میرکان ناسراوە.
ڕۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠١٦، بۆ یادکردنەوەی ڕۆڵی ژنانی کورد لە بەرخۆدانی کۆبانێ و بەرجەستەکردنی کارەکتەری ئارین میرکان، لە مەیدانەکەدا پەیکەری "ژنی ئازاد" دانرا، پەیکەرەکە لە ماوەی سێ مانگدا لەلایەن هونەرمەند زیرەک میرزا پەیکەرسازی کراوە و بەرزییەکەی ٩ مەتر و کێشی ٨ تەنە.
پەیکەرەکە کە باڵ و دەستی لەسەر سنگی دانراوە، ئاماژەی سەرکەوتن و ئازادی و سوێندخواردنی ژنانی شەڕڤانە بۆ بەرگریکردن لە دۆزییان، وەک ئاماژەیەم دەمێنێتەوە کە یادەوەری خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنانی کۆبانێ بەرجەستە دەکات.