پەیکەری باز لە کۆبانێ شایەتی بەرخۆدانی گەورە بوو

گۆڕەپانی ئازادی کۆبانێ یەکێکە لە ناونیشانەکانی ڕاپەڕین دژی ستەم و بەرخۆدانی دژ بە تیرۆر، بازەکەی کۆبانێ لەگەڵ گەل و شەڕڤانەکانیدا شاهیدی هەموو قۆناغە مێژووییەکان بوون و بووە بەشێک لە ژیانی دانیشتووانەکەی.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤دا زۆربەی شارەکە وێران بوو. دانیشتوانی کۆبانێ بە شێوەزاری خۆجێیی خۆیان دەڵێن " بەرد لەسەر بەرد نەمابوو،  بەڵام لە ناوەڕاستی ئەو وێرانکاری و زیانانەی کە لە شەقامەکانی کۆبانێ ڕوویدا، هەندێک هیوا بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی ئازاد سەریهەڵدا".

 

لە شەڕی کۆبانێدا کە بە بەرخۆدانی سەدەی گەلی کورد پێناسە دەکرێت، جگە لە قارەمانێتی ئەو شەڕڤانانەی لە سەنگەرەکاندا شەڕیان کرد و بەرگرییان لە کۆبانێ کرد، هەندێک شوێنی وەک بینا و پەیکەر و گردەکانیش بەشێک بوون لەو بەرخۆدانە. وەک چۆن شەڕڤانان و خەڵکی کۆبانێ بەرەنگاری هێرشە دڕندەکانی داعش بوونەوە و تا سەرکەوتن بەرخۆدانیان کرد، سیمبولەکانی کۆبانێش بوونی خۆیان پاراست و پشتیوانی شەڕڤانانیان کرد. یەکێک لە بەنرخترین و مانادارترین و پیرۆزترین نیشانە بۆ گەل و خۆشەویستانی کۆبانێ، گۆڕەپانی ئازادی و پەیکەری بازەکەیەتی.

 

گۆڕەپانی ئازادی لە دوای بڵاوەپێکردنی هێزەکانی فەرەنسا لە سوریا دروستکراوە. هەروەها پەیکەری باز لەلایەن کەسێکی خەڵکی کۆبانیەوە دروستکراوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن شارەوانی ڕژێمی سوریاوە لە گۆڕەپانەکەدا دانراوە و ناوی لێنراوە گۆڕەپانی ئێکسپرێس. لەو کاتەدا گەنجانی نیشتمانپەروەری کۆبانێ هەموو شەوێک پەیکەرەکەیان بە ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد نەخشاند و ڕژێمی بەعس هەموو بەیانییەک ڕەنگەکەی دەگۆڕییەوە بە سپی، ڕەنگکردنی پەیکەرەکە لەناو گەنجانی کۆبانێدا بوو بە کولتوور و پەیکەری بازەکەیان وەک هێمای سەرهەڵدان و ئازادی پێناسە دەکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلەکانی شۆڕش لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢، گۆڕەپانی ئازادی و پەیکەری باز بوو بە قیبلەی خەڵک بۆ خۆپیشاندان. بۆیە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا ناوی گۆڕەپانەکە گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانی ئازادی، پەیکەرەکە بە ڕەنگی سەوز و سوور و زەردەکەی ڕازێنرایەوە و ئێستا بوو بە ناونیشانی سەرهەڵدان.

 

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە ئامانجی کوشتن و تاڵانکردن و لەناوبردن هێرشیان کردە سەر کۆبانێ. هێرشی چەتەکان ئاستی دڕندەیی و تیرۆری تێپەڕاند، هەموو جۆرە چەکێکیان بەکارهێنا و لە سێ بەرەوە هەوڵیاندا کۆبانێ بگرن. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا، منداڵان و شەڕڤانانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز، خۆیان قەڵغان کرد بۆ پاراستنی کۆبانێ و تا دوا ساتی سەرکەوتن شەڕیان کرد.

 

لە بەرخۆدانی کۆبانێدا گۆڕەپانی ئازادی یان بازی کۆبانێ جارێکی دیکە لەپێناو گەلەکەیدا وەستانەوە و بە بەردەوامی بەرگرییان لە بوونی خۆیان لە خاکی کۆبانێدا کرد. دەوروبەری گۆڕەپانەکە بە تەواوی وێران بوو، هەندێک فیشەک بەر پەیکەرەکە کەوت، بەڵام هێشتا بازی باڵندە بەرخۆدانی خۆی ڕانەگرت و نەکەوتە خوارەوە. بۆ ئەوانەی لەناو کۆبانێدا شەڕیان دەکرد، هەروەها بۆ ئەوانەی کە سات بە سات بەدواداچوونیان بۆ بەرخۆدان دەکرد، گۆڕەپانی ئازادی بوو بە باوەڕی سەرکەوتن. تەنانەت دەگوترا؛ تا بازی باڵندە لەسەرپێ بێت کۆبانێ ناکەوێت.