سێوە، باشترین ئەستێرەی بواری هونەری بەرگری

لە منداڵییەوە هونەری شاوڵینگ بە سێوە ئاشنا دەبێت، بەڵام چەند بەربەستێک دەبێتە ڕێگر، ئەمە خەونی سێوە لەناونابات، بەڵکو دەیکاتە تاکە ڕاهێنەری ژن لە هونەری شاوڵینگدا لە چوارپارچەی کوردستان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هونەری بەرگری کۆنگ فۆ شاوڵینگ، یەکێکە لە هونەرە بەرگرییە دێرینەکانی وڵاتی چین، ئەم هونەرە لە هەرێمی کوردستاندا ئاشنایی زۆری نەبووە، بەڵام لە ئێستادا وردە وردە گرنگی بەم هونەرە دراوە، چونکە یەکێکە لەو هونەرانەی تەواوی جەستە و دەروون ئارام دەکاتەوە و چەندین سودی جیاوازی هەیە.

 

شاوڵینگ ئەو هونەرەی سێوە ژیانی خۆی بۆ دابین کردووە

سێوە خەسرەو، تەمەنی ٢٥ ساڵە و خەڵکی شاری سلێمانییە، وەک هەر ژنێکی دیکە سەرەتای ژیانی و ژیانی منداڵی بە خوێندن دەستپێکردووە، لە ئێستادا دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتە بەشی زانسی کۆمپیوتەر، باس لە دەستپێکردنی بە هونەری شاوڵیند دەکات و سەرەتا هونەری شاوڵینگ ڕووندەکاتەوە و دەڵێت "شاوڵینگ هونەرێکی کۆنی بەرگری وڵاتی چینە و تێکەڵ بووە بە کلتوورەکەیان، لە ئێستادا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە".

سێوە لە منداڵییەوە خولیای ئەنجامدانی ئەم هونەرەی هەبووە بەڵام تیایدا قوڵنەبووەتەوە، تەنانەت نەیتوانیوە هونەرە بەرگرییەکانیش لەیەکتر جیابکاتەوە، وەک کۆنگ فۆ و کاراتی و شاوڵینگ، ژیان دەرفەتی بۆ سێوە نەڕەخساند لە منداڵییەوە بچێتە ناو بوارەکەوە هەربۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستی کردووە بە مەشق و ڕاهێنان لەم هونەرەدا و ماوەی شەش ساڵە لەو بوارەدا مەشق دەکات.

 

"بوون بە ڕاهێنەریم خەونم بووە"

سێوە خەسرەو باس لە یەکەم ڕاهێنانی دەکات و دەڵێت "یەکەم ڕاهێنان بۆ من قورس بوو چونکە هەرگیز ڕاهێنای لەو شێوەیەم نەکردبوو کاری کردبووە سەر جەستەم بەڵام من هیچ کات نەوەستام لەو قورساییانە، لەگەڵ بەردەوامبوونم لە ڕاهێنانەکانمدا لە پاش سێ ساڵ ڕاهێنانەکانم زیاتر قورس بوون".

 

لەگەڵ خوێندنی زانکۆی ئەم هونەرەی ئەنجام دەدا، نەک تەنها نەبووەتە ڕێگرێک بۆی بەڵکو هاوکاریشی کردووە، وەک سێوە باسی لێوەدەکات ئەم هونەرە هۆکارە بۆ ئەوەی دەروون ئارام بکاتەوە و تەرکیز زیاتر بکات، خۆشەویستی و گرنگیدان بەم هونەرە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی سێوە لە ئێستادا ببێتە یەکێک لە ڕاهێنەرەکان و دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی ڕاهێنەرم بەڵام یاریزانیشم و هیچ کات ناوەستم لە مەشق و ڕاهێنانەکانم".

 

دەربارەی هۆکاری بوون بە ڕاهێنەری ڕوونیکردەوە، لە کوردستاندا هیچ ڕاهێنەرێکی ژن نەبوو لە بواری هونەری بەرگری شاوڵینگ، هیچ هۆڵێک نەبوو ژن بەڕێوەی بەرێت و گروپی ژنانی تێدابێت بۆیە خولیای بۆ هونەرەکە وایکرد زیاتر خۆی بەرەوپێش ببات و ببێتە ڕاهێنەر تا بتوانێت هانی ژنانی دیکە بدات بۆ ئەنجامدانی ئەم هونەرە.

 

لە ڕێگری خێزانەکەیەوە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هۆڵێکی تایبەت بە خۆی هەبێت

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا وەک هەر ژنێکی دیکە لە دەستپێکردنی ڕاهێنانەکانی خێزانەکەی ڕێگریان لێکردووە پێیان وابووە ژنان نابێت بەشداری ئەو جۆرە هونەرانە بن و تایبەتە بە پیاوان، بەڵام سێوە نەوەستا و بووە هۆکارێک کەلە ئێستادا خێزانەکەی پاڵپشتی سەرەکین و بووەتە هۆکارێک بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی ئەو ژنانەی کە حەز بەو هونەرە دەکەن.

 

سێوە لەگەڵ هاوژینەکەی لە ئێستادا فێرگەیەکی تایبەتیان هەیە، کە سەرەتا تەنها پەیجێک بووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و دواتر بووەتە گروپێک تا وایلێهات بووە فێرگەیەک و تاکا فێرگەش لە کوردستان و عێراق خاوەنی مەدالیای ئاڵتونین، دەڵێت "ناوی فێرگەکەش خودی خۆم هەڵبژارد بە ناوی power and fly واتە هێز و فڕین، واتە هێز و توانای ژنان و پیاوان دەتوانن پێکەوە پێشبکەون".

 

"چەندین مەرج هەن بۆ ئەنجامدانی ئەم هونەرە لە هەمووی لەپێشتر بەردەوامییە"

هەروەها باسی لە مەرجی بەشداربوونی ئەو هونەرە کرد و ڕوونیکردەوە، هەندێک پێیان وایە دەبێت کەسانی بەشداربوو تەمەنیان کەم بێت, بەڵام بە پێچەوانەوە تەمەن پێوەر نییە بۆ ئەنجامدانی هونەری شاوڵینگ، تەنها هەندێک مەرجی دیکە هەن وەک هەبوونی تەندروستییەکی گونجاو و نەبوونی چەندین نەخۆشی دیاریکراو، یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی بەردەوامبوونە چونکە بە چەند ڕاهێنانێک هەست بە سودی ناکەیت بەڵکو لە پاش چەند ساڵێک هەست بە سودەکانی دەکەیت.

 

هونەری شاوڵینگ تەنها هونەرێک نییە بۆ خۆشی ئەنجام بدرێت, بەڵکو چەندین سودی هەیە وەک باشترکردنی تەندروستی ئەو کەسانەی کە نەخۆشن، هۆکارە بۆ مانەوە بە گەنجی، کەسانی لاواز بەهێز دەکات و وایان لێدەکات زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، هۆکارە بۆ زیاتربوونی لایەنی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ترس، هونەرێکە تەواو تیایدا دەروون ئارام دەبێتەوە.

 

"خودی وڵاتی سەنگافورا بانگهێشتنامەیان پێشکەشکردین"

سێوە خەسرەو بەهۆی پەیڕەوکردنی ئەو وردەکاریانە و سەرکەوتنەکانی لەلایەن وڵاتی سەنگافورەوە بانگهێشتنامەیان بۆ چووبوو بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە کێبڕکێی نێودەوڵەتی هونەری بەرگری شاوڵینگ، سێوە توانی دوو مەدالیای زێڕ و مەدالیایەکی زیوی وەربگرێت و نازناوی super star یان پێبەخشراوە، دەربارەی ئامانجی خۆی وتی "هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە چەندین ژن بهێنمە ناو بوارەکەوە و بتوانم لە ڕێی ئەم هونەرەوە سود بە هاوڵاتیان بگەیەنم".

 

"ژنانی گەنج بە گرنگی دەزانن ژنان هونەری شاوڵینگ ئەنجام بدەن"

ڤینا سەرکار، تەمەنی ١٥ ساڵە و دەربارەی هونەری شاوڵینگ ئاماژەی بەوەدا، لە منداڵییەوە حەزی بۆ هونەری شاوڵینگ هەبووە بە هۆی سێوە خەسرەوەوە کە کجی خاڵیەتی، بۆیە بەشداری لە ئەنجامدانی هونەرەکەدا کردووە و ماوەی دوو ساڵە لەسەری بەردەوامە، بە گرنگی دەزانێت کچان ئەم هونەرە ئەنجام بدەن و دەڵێت "وەک خودی خۆم سودی زۆرم لەم هونەرە بینیوە توانیومە پشت بە خۆم ببەستم و چیتر شەرم نەکەم، هیوادارم لە داهاتوودا ببمە مامۆستایەکی سەرکەتوو".

 

هەروەها شانیا ئەبوبەکرد، تەمەنی ١٩ ساڵە، لە ڕێگەی براکەیەوە ئاشنای هونەری شاوڵینگ بووە، ئاماژە بەوەدەکات هەرکات ئەو هەنەرە ئەنجام دەدات ئارام دەبێتەوە و هەست بە ئاسودەیی دەکات، وتی "هونەری شاوڵینگ کار لەسەر جەستە و دەروونی ئێمە دەکات ئەمەش وایکردووە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامبم لەسەر ئەم هونەرە، گرنگە ئەم هونەرە وەک هونەرێکی بەرگری ژنان ئەنجامی بدەن بۆ بەرگریکردن لەخۆیان لەوکاتەی ڕووبەڕووی دۆخی جیاواز دەبنەوە".