کۆچبەرێکی سەرێکانی کە بۆ سەردانی ماڵەکەی چووبوو هەڕەشەی کوشتنی لێکرا

کۆچبەرێکی ناوەندی سەرێکانی بە ناوی یازی حەساف ڕایگەیاند، دوای سەردانی ماڵەکەی، ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ کامپی پەنابەران و داوای کردنەوەی ڕێگایەکی پارێزەاوی بۆ دانیشتوانی ناوەندی شارەکە کردووە.

 

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە– دوێنێ کاروانی سێیەمی کۆچبەرانی سەرێکانی لە دەروازەی کامپی واشۆکانیەوە بەڕێکەوتن بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکانی سەرێکانی، ئەم کاروانە ٥١١ خێزانی دانیشتووی کامپی واشۆکانێ و ناوەندەکانی پەنابەرانی لەخۆگرتبوو.

 

یەکەم کاروان لە ١٠ی ئاب بە بەشداری ٤١٠ خێزان دەستی پێکرد، لەکاتی تێپەڕین بە سەرێکانی هێرش کرایە سەریان، پاشان کاروانی دووەم بە بەشداری ٦٨٩ بنەماڵە بەڕێکەوت و بەرەو گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی سەرێکانی و تل تەمیر و زرگان بەڕێکەوت.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی کاروانی سێیەم، کۆچبەرانی ناوەندی شار کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، داواکارییەکانیان دەربڕی، ئەو کۆچبەرانە ڕایانگەیاند، کە ئامانجیان ناوەندی سەرێکانی و هێشتا ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ گەڕانەوەیان بۆ شارەکە نەکراوەتەوە.

 

”دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ناوەندی سەرێکانی”

یەکێک لەو کۆچبەرانەی ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە یازی حەسافە کە خەڵکی ناوەندی سەرێکانییە و بەڕەچەڵەک عەرەبە، یازی حەساف وتی: ناتوانم بچم، چونکە ماڵەکەم لە سەنتەری شاردایە، و ویستی لەڕێگەی میدیاکانەوە دەنگی خۆی بگەیێنێت.

 

”سەردانی ماڵەکەمم کرد، بەڵام هەڕەشەی کوشتنم لێکرا”

یازی حەساف باسی لەوەشکرد، ڕۆژی شەممە چووەتە ماڵەکەی خۆی لە سەرێکانی وتی: کاتێک چوومە ماڵەکەم، کەسێک و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین و ناچار بووین لە ماڵەکە دەربچین، هەر بۆیە گەڕامەوە بۆ کامپەکە، ماڵەکەمان و زۆرێک لە خانووەکانی دەوروبەری زیانیان بەرکەوتووە و وێرانبوون، تا ئێستا دانیشتوانی ناوەندی سێرێکانی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، هاوکات کاروانی گەڕانەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری شار دەنێردرێت.

 

یازی حەساف داوای لە ئاسایشی گشتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، ڕێگەچارەیەک بۆ دانیشتووانی ناوەندی سەرێکانی بدۆزنەوە و ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ گەڕانەوەیان بۆ بکەنەوە.

 

”پێویستە ڕێگایەکی پارێزراو بکرێتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندی شار”

یازی حەساف سەرنجی بۆ بارودۆخی سەختی کۆچبەران ڕاکێشاو ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و باران و سەرما بارودۆخیان لە کامپەکەدا هێندەی تر سەختتر دەبێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من بێ هاوژینم و کچێکی کەمئەندامم هەیە، دۆخی ئێمە لە کامپەکەدا سەختە، داواکارییەکەم ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم و ڕێگایەکی پارێزراو و بۆمان بکرێتەوە تا بگەڕێینەوە ناوەندی شار.