کاریگەری ژنانی ڕاگەیاندنکار لەسەر مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا

بەشداری ژنان لە هەموو بوارێکدا گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندندا، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ژنانی ڕاگەیاندنکار بە پەیامەکانیان دەتوانن کاریگەری زیاتر لەسەر ژنان دروستبکەن.

 سلێمانی

 

ڕاگەیاندن وەک چاوی سێیەمی کۆمەڵگە دەست بۆ ئەو پرسانە دەبات کە گرێدراون بە ژیان، ژینگە، بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و گشتی سێکتەرەکان، لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکرێت و دەتوانرێت کار لەسەر هۆش و زانیاری تاک بکرێت و ڕۆشنبیری و زانست بڵاوبکاتەوە.

 

بۆ گەلی کورد ڕاگەیاندن وەک ناوەندێکی سەرەکی پەیوەندیدارە بە دۆز و هەبوونی نەتەوەکەوە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا سەدان دەزگایی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و سەدان ژنی ڕاگەیاندنکاریش لەو دەزگایانەدا کار دەکەن.

 

سەڕای ئەوەش پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان بەردەوامە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، هێشتا کۆمەڵگە بە چاوێکی یەکسانانە ناڕوانێتە ژنان، تا ئێستا بەشدارییەکی بەرچاو یان بەشداریەکی کاریگەری ژن لە پرۆسەی سیاسی ئەم هەرێمەدا نییە، کە ڕێگری بکات لە خەتەنەکردنی ژن، کوشتنی ژن، بەشوودانی کچی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ و بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و چارەنووسسازدا.

 

بوونی ژنان لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کارکردن بە هزری ژنان دەتوانێت دەستکەوت و پێشکەوتن لە بواری ژنان و ئازادی و ڕۆشنبیری و ئیرادەی ژناندا بکات، دیانا ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها لەبارەی کاریگەری ژنانی ڕاگەیاندکار بۆ مافەکانی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا ئاماژەی بەوەدا، ژنە ڕاگەیاندکارەکان لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان کردووە لە کۆمەڵگەدا و لە میدیادا و جێدەستیان دیارە، کارەکانیان لەکەناڵە کوردییەکاندا لە بەرنامە و بواری جیاوازدا ڕەنگیان داوەتەوە کە داوای یەکسانی مافی ژنان دەکەن لە کۆمەڵگەدا.

 

"ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێتەوە لەلایەن ژنانەوە کاریگەری هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە، بەڵام کاریگەری سەرەکی بۆ سەر ڕەگەزی خۆیانە واتە کاریگەری تەواوی بۆ سەر ژنان هەیە، بۆیە پێویستە بزانرێت کە ئەو بابەتانەی دەوروژێنرێت و دەخرێنە بەرباس، چ ئاراستەیەکی هەیە و چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر لایەنە جیاوازەکان.

 

"کاری ژنان لە ڕاگەیاندندا جیاوازی هەیە لەگەڵ جاراندا"

دیانا ئەحمەد وەک ڕۆژنامەنووسێک باسی لەوەکرد لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆری ژنان لە ڕاگەیاندندا بەشدارن و جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ڕابردوودا، لە ڕابردوودا بە عەیبە دەزانرا یان بە شەرم دادەنرا گەر ژن ئەرکی زۆرتری بخرێتە ئەستۆ لە پیاو و بەتایبەتیش لە بواری ڕاگەیاندندا کار بکات، بەڵام ئێستا جیاوازییەکی بەرچاو دەبینرێت کە ژن لە زۆربەی دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا جیاکاری ماوە لە هەندێک لە دەزگاکاندا، بەڵام لەگەڵ کاتدا و لە داهاتوودا ئەوەش نامێنێت، بەتەواوەتی ژن پشتی پێدەسپێردرێت.

 

ژنانی ڕاگەیاندنکارەکان دەتوانن وەڵامی جیاوازی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان بدەنەوە

لە درێژەی قسەکانیدا دیانا وتی: ژنانی ڕاگەیاندنکار لە ڕێگەی کاریگەری پەیامەکانیان دەتوانن وەڵامی کۆمەڵگە و جیاوازییەکان بدەنەوە، کە تیایدا تواناکانی خۆیان بەکاردەهێنن لە کارەکانیاندا و پشت بە زیرەکی و لێهاتووی خۆیان ببەستن، هاوکات بە کارەکانیان و پرسە هەڵبژێردراوەکانی تایبەت بە ژنانەوە کاریگەری بەسەر بیروڕای کەسانی بەرامبەر بکەن و نەوەستن و بەردەوام بن لە دروستکردنی کاریگەری لە پەیامەکانیان بۆ هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا، کە تاوەکو ئێستا پێیانوایە ژن واتە بوونی لە ماڵەوە بێت، ئێمە وەکو ژن بوونی خۆمان بە بوێری و کاریگەرییمان دەسەلمێنین بۆ کۆمەڵگە.